لەناو بنەماڵەیەکی جوولەکەدا لە باڕی، ڤێرمۆنت، لە دایک بووە. پێنج منداڵی لە ماڵێکدا گەورە کرد کە لەلایەن مێردی یەکەمیەوە، ئەندازیاری بیناسازی مارسێل بیۆدین، درووستکرابوو. ساڵی 1968، بەهۆی دۆستێکییەوە کە پزیشکی برینکار و ئەندامی گرۆیەکی برینکاری بوو و دوای شەڕی شەش ڕۆژە چووبووە ئیسرائیل، ڤیرا دەستی چوار منداڵە بچکۆلەکەی خۆی گرت، کە تەمەنیان لەنێوان چوار ساڵان و یانزدە ساڵاندا بوو، و بە سەفەرێکی هاتونەهات ڕووی کردە ئیسرائیل، بۆ دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەی جوولەکانەی خۆی.
لە تەمەنی چل ساڵیدا ڤێرا سەعیدپوور دەستی بە خوێندن کرد لە زانستگەی ڤێرمۆنت و، پێشدانی دا کە خوێندکارێکی زۆر لێهاتووە و پلەی بەکالۆریۆسی لە کۆمەڵناسیدا وەرگرت و بوو بە ئەندامی فی بێتا کاپپا. دوای ئەوەیش لەسەر خوێندن بەردەوام بوو تا ساڵی 1973 پلەی ماستەری لە فەلسەفەدا وەرگرت. ئەوسا گواستییەوە بۆ شاری نیوویۆرک و لە کۆڵێجی مامۆستایەتیی سەر بە زانستگەی کۆلومبیا دۆکتۆرای لە فێرکردندا وەرگرت.
ساڵی 1976، ڤیرا میردی دووەمی ناسی، هۆمایوون سەعیدپوور، کە کوردێکی خەڵکی شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. پرسیارێکی بێمەبەستی هۆمایوون لەبارەی پێناسەیەکەوە لە فەرهەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرددا، کە لەوێدا کورد وەک جەردە و تاڵانکار باس کرابوو، بوو بەهۆی ئەوەی کە ڤیرا لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نووسی، بە ناونیشانی ''بە نەرمی دەیانکوژن، '' و ئۆکسفۆرد و فەرهەنگە گرنگەکانی دیکەی ناچار کرد پێناسەکانیان لەبارەی ئەو وشەیەوە بگۆڕن.
ساڵی 1981، دوای مردنی هۆمایوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن، دۆکتۆر سەعیدپوور بە شێوەیەکی جیددی و دلسۆزانە دەستی کرد بە ''کارە کوردانەکان''ی خۆی. پرۆگرامی کوردیی بە سەرپەرشتیی ''کەڵچراڵ سۆرڤایڤەڵ، '' کە بڵاوکراوەیەکی بەشی ئەنترۆپۆڵۆگیی سەر بە زانستگەی هارڤارد بوو، دامەزراند. ئامانجی ئەو پرۆگرامە ئەوە بوو ئاگاداری لەبارەی فەرهەنگی کوردەوە پەرە پێ بدات و لە نووسینگەیەکی میدتاونەوە بڵاو دەکرایەوە.
دۆکتۆر سەعیدپوور لە ساڵی 1986دا پەرتووکخانەی کوردیی دامەزراند، کە یەکەمین پەرتووکخانەی کوردی بوو لە ڕۆژاوادا، لە نشیمەنی خانوویەکی بەرزاییەکانی برووکلاین. ساڵی 1988یش مۆزەخانەی کوردیی دامەزراند. ڕاوێژکارانی ڕێکخراوەکە کەسانی وەک وەرگری خەڵاتی نۆبێل ئێلی ڤیسەل و سێناتۆر تێد کەنەدی بوون.
پێش شەڕی یەکەمی کەنداو، کە بوو بەهۆی ئەوەی خەڵکی ئەمەریکا لە مەسەلەی کورد ئاگادار بن، دۆکتۆر سەعیدپوور، بەڕێز #جەلال تاڵەبانی#ی سەرکۆماری ئێستای ئێراقی گەیاندە زانستگە گەورەکان بۆ پێشکەشکردنی ئاخاوتن و بردی بۆ واشینگتۆن تا چاوی بە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەگەران بکەوێت.
نامەکانی دۆکتۆر سەعیدپوور بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەی ''نیوویۆرک تایمز'' گەلێ جار بڵاو دەکرانەوە. ماوەیەک لەمەوپێش وتارێک لەبارەی پەرتووکخانەی کوردییەوە لە ڕۆژنامەی ''تایمز''دا بڵاو کرایەوە بە ناونیشانی ''کە ماڵ دەبێتە پەناگەیەکی فەرهەنگی.'' ڤیرا سەعیدپوور گۆڤاری زانستیی ''گۆڤاری نێونەتەوەییی لێکۆڵینەوەی کوردی'' (The International Journal of Kurdish Studies) و وەرزنامەی ''ژیانی کوردی'' (Kurdish Life) ی بڵاو دەکردەوە، کە بەشێکن لە گەنجینەی فەرهەنگیی پەرتووکخانەی زانستگە گەورەکانی جیهان، لەوانەیش زانستگەی هارڤارد و زانستگەکەی خۆی کۆلومبیا.
دۆکتۆر سەعیدپوور دوای خۆی برایەک (ماکس فاین) و پێنج منداڵ (مارک، پاوڵ، ڕێبێککا، ئادەم و جێب) و دوو نەوە (جۆنا و ئارۆن) ی بە جێ هێشتووە.
ڕۆژی یەکشەممەی 30-05-2010 لە باکووری هەرێمی نیوویۆرک، کە تازە لە برووکلاینەوە باری کردبووە ئەوێ، کۆچی دواییی کرد.