شێوەکارێکی ناسراوی دانماریکییە. ساڵی 1947 لە کۆپنهاگن لە دایک بووە، بەڵام بە رەچەڵەک نەمساوییە.
لە ئەنفالەکانەوە بووەتە دۆستێکی بەوەفای کورد و بەردەوام چ بە هونەرەکەی و چ بە دەنگی پشتگیریی لە مافەکانی ئەو نەتەوەیە کردووە. هەزاران هاوڕێی کوردی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیشدا هەیە. چەند جار سەری لە کوردستان داوە و پێشانگای لە شار و شارۆچکەکاندا کردووەتەوە. کتێبێکی بە زمانی دانمارکی لەژێر ناونیشانی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)دا نووسیوە، کە کراوەتە کوردی و دوو جار چاپ کراوە. ئەو کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، کەلتوور و سایکۆلۆجیای کورد، کە زۆر نووسەر ئاماژەیان بەوە داوە. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لەو کتێبەدا سەرنجی خوێنەری ڕاکێشاوە، ئەوەیە بەردەوام دەڵێت کورد لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشییەی بە سەریدا هاتوون، دەستی لە گاڵتەگەپ هەڵنەگرتووە و هەر ئەمەیشە ئەوی بە زیندوویی هێشتووەتەوە. هەروەها کۆمەڵێک گوتاری لەبارەی ئەدەب و هونەری کوردییەوە نووسیوه، کە (ئاراس وەهاب) وەریگێڕاون. (شێرکۆ بێکەس)، (ڕەووف بێگەرد)، (سەباح ڕەنجدەر) و زۆر نووسەری دیکەی بە خوێنەری دانمارکی ناساندووە.
(ئەنیتا ئێسپاندەر) زۆر بە موزیکی کوردی سەرسامە و کۆمەڵێک هونەرمەند و گۆرانیبێژ دەناسێت. پۆرتەرێتی هەندێکیانی کێشاوە، لەوانە هیی (حەسەن زیرەک)، کە گوتارێکیشی هەر لەو بارەیەوە نووسیوە.
لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵیدا کراون، بە دیدێکی فەلسەفییەوە لە هونەر دواوە، بە تایبەتی لەوەیاندا، کە (نیهاد جامی) لەگەڵیدا کردووە.
لە هەموو ئەو دۆخانەی بەسەر کوردستاندا هاتوون، هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی دەربڕیوە و بەردەوام جەختی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کردووەتەوە. لەو بارەیەوە بە دانمارکی نووسیویەتی و هاوکات گوتەکانی کراونەتە کوردی.
(ئەنیتا ئێسپاندەر) بە ڕادەیەک لە کوردستان ناسراوە، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەبەر خۆشەویستیی ئەو بۆ کورد و کوردستان چەند منداڵ ناوی ئەویان لێ نراوە، بەڵام تاکو ئەمڕۆ هیچ شوێنێک لە کوردستان بە ناوی ئەوەوە نەنراوە.
(سەباح ڕەنجدەر) و (یوسف عیزەدین) سەر و شیعریان پێشکەش کردووە. زۆر نووسەر لەبارەی هونەری (ئەنیتا)ەوە نووسیویانە، لەوانە ڕووناکبیری لاو (سۆران ئازاد).
ساکار جەمال ئامادەی کردووە