لە ساڵی 1964 لە گەڕەکی سەرتەمتەمانی شاری کۆیە لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتای لە قوتابخانەی هیوا و دواناوەندی و ئامادەی وێژەی لە قوتابخانەی شعب بەزمانی عەرەبی و دواناوەندی کۆیە کوڕان تەواوکردوە، بەڵام لە بەر بارو دۆخی سیاسی ئەوکاتی لە هیچ شوێنێک وەرناگیرێ.
لە ساڵی 1981 پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی حسیک دەکات پاشان لە ساڵی 1985 وەک کادیرێکی چالاکی ڕێکخستنەکانی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان لە ڕێکخستنەکانی کۆیە سەنگەری دەگوازێتەوە بۆ شاخ و دەبێت بە پێشمەرگە لە ناوچەی کۆیە. پاش ئەنفالە بەدناوەکەی ڕژێمی گۆڕ بەگۆڕ بۆ سەر کوردستان بەناچاری دەگەڕێتەوە کۆیە و پاشان لە ساڵی 1989-1991 پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی مخازن بەسەرکەوتووی تەواودەکات.
لە ساڵی 1993 لە وڵاتی هۆڵەندا دەژیت پیشەی توێژەرەوەی کۆمەڵایەتیە و خاوەنی بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی ئەم وڵاتەیە. لە وەتای لەم وڵاتە دەژیت لە زۆر بۆنەی کولتوری و ئاهەنگی کوردی بە گۆرانی بەشداری کردوە. لە سالێ 1995 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی نەورۆز لە شاری ئوترێختی هۆڵەندا.
ئەوەی ڕاستی بێت من لە ناو خانەوادەیکی دەنگخۆش و هونەردۆست گەورەبووم. هەر لەمنداڵیەوە بێجگە لە لایلایە و سەردولکەی دایکم گوێبیستی گۆرانیەکانی خوالێخۆشبووان باوکم مام عەلی سەمەنێ و مامم ئەمینی سەمەنێ و حاجی قادری پەڕەکەر و کاک ڕەشیدی برای و کاک تۆفیق و کاک ڕەفیقی ئەمینی سەمەنێ، کاک زاهیری عەلی سەمەنێ، کاک محەمەدی عەلی سەمەنێ و هەتاوخانی خوشکم بووم.
سەرەتای هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی حەفتاکان لە قوتابخانەی سەرەتای هیوا، ئەوکاتە خوالێخۆشبوو مامۆستا ئەنوەر تاهیر وانەی سرودی پێدەگوتین و ئامێری عودی بۆ دەژەنین، دیار بوو زۆر ڕای لە دەنگی من و چەند قوتابیەکی تری قوتابخانەکەمان بوو ئێمەی کرد بە تیپێکی کۆرس بۆ سرودی بەیانیان کە لە حەوشە ڕیز دەکراین دەمان گوت.
بۆیەکەم جار لە 1982 لە قوتابخانەی دواناوەندی کۆیەی کوڕان ئاهەنگێکی ڕەمەکیمان کرد لەگەڵ بەڕێزان هەژار محەمەد عەلی و برزو ئیسماعیل مەنسور و خوالێخۆشبوو سامان تاهیر کە ئەوان مۆسیقایان دەژەنی، ئەوکاتە سرودی پێشکەوە پێشکەوە ئەی کوردی ئازا لەگەڵ چەند گۆرانیەکی خوالێخۆشبوو محەمەد جەزام گوت. هەر لەو کاتانەش بەشدار بووم وەک کۆرس لە تیپی باواجی کۆیە و لە ڕۆشەنبیری جەماوەری کۆیە بەڵام هەر پرۆڤەمان دەکرد و هیچ چالاکیەک نەبوو. لە سەردەمی شاخیش بەشداری زۆربەی چالاکیە هونەریەکانی حیزبم دەکرد لە دەڤەری بادینان هەندێ جار لە تەمسیلیش بەشدار دەبووم.
لە 1988 وە پەیوەندیم کردەوە بە تیپی باواجی کۆیە. بۆ یەکم جار لەگەڵ تیپی باواجی کۆیە لە 20-10-1989 بە مەقامی ڕاست و بەستەیەی هەینار لە یادی یەکەمی ساڵرۆژی کۆچی دووایی خوالێخۆشبوو مامۆستا تاهیر تۆفیق لە قوتابخانەی دواناوەندی کۆیەی کوڕان بەشداریم کرد، بەڵێ سێ کۆپلە مەقام بوو کە چوو بۆ دائیرەی ئەمن و لە فیلتەردرا دووان مانەوە. هەر لەو ساڵەدا لە ئاهەنگی یەکترناسینی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشداریم کرد بە چەند گۆرانی و مەقامێک. هەر لەم ساڵەش یەکم گۆرانیم بۆ تەلەفزیون تۆمار کرد گۆرانی لەم کوڵبەی ئەحزانە بوو لەگەڵ بەڕێز هۆشمەند زاهیر و کۆرس کە بەداخەوە بەس ناوی کاکە وریام لە بەشداربوانی کۆرسەکە لەیاد ماوە،لە ستودیوی تیپی باواجی تۆمارمان کرد. ئەم گۆرانیە مامۆستا هەژار حەمە عەلی ئامادەی کردبوو. لە لایەن تەلەفزیونی موسل بەرنامەی (نسمات من بلادی کەلەلایەن فرقد ملکو) پێشکەش دەکرا لە بێتواتە وێنەی گیراوە واتە دۆبلاج کراوە. ئەم گۆرانیە هی خوالێخۆشبوو مامۆستا تاهیر تۆفیقە و هۆنراوەکەش هی خوالێخۆشبوو عوسمان عەونی یە.