پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا،1921 تۆمەتباریان دەستگیرکردوەو ڕادەستی بنکەکانی پۆلیس و ئاسایشیان کردوون. هەروەها 1360 کەسیش بە تاوانی شەڕی ئاسایی دەستگیر کراون.
ڕائید سەران لەتیف نەجم بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، بەسایتی هاوڵاتی ڕایگەیاند کە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، هێزەکانی پۆلیس1921 تۆمەتباریان دەستگیر کردووە و ڕادەستی بنکەکانی پۆلیس و ئاسایشیان کردوون کە بە تاوانی جۆراوجۆر تۆمەتبار کراون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، ڕوونیشی دەکاتەوە بە تاوانی شەڕی ئاسایی، 1360 کەس قۆڵبەست کراون و چەندین کەسیش کە شەوانە بە” سەرخۆشی تەقەیان کردووە”، لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراون ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی 146 کەسی “سەرخۆش” کە کێشەیان دروست کردووە و خەڵکیان هەراسانکردووە.
سەران لەتیف لەدرێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەدا هەر لەو پێنج مانگەدا، 88 کەسیان بە گومانی دزیکردن دەستگیر کردووە و چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەشیان بە هاوکاریی بەرگریی شارستانی، کۆنتڕۆڵ کردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، وێڕای ئاماژەدان بە قۆڵبەستکردنی چەندین کەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەقۆ و حەبخواردن، ڕوونی دەکاتەوە کە لەو پێنج مانگەدا 50 ئۆتۆمبێلی سەرپێچیکاریش دەستیان بەسەردا گیراوە.
ڕائید سەران وتیشی “هێزەکانمان لەو ماوەیەدا 86 کەسی گومانلێکراویان دەستگیر کردووە و 54 نەخۆشیشیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەکان، ئەمە جگە لەوەی کە 42 ئافرەت و کچ هەر لەو ماوەیەدا کێشەیان هەبووە و گەیەنراونەتە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان. هەروەها 7 منداڵیش دۆزراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.”
ئەو بەرێوەبەرەی پۆلیس داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی ڕوودان و کۆنتڕۆڵکردنی کێشەدا زیاتر هەماهەنگیان بکەن و قەرەباڵغی دروست نەکەن، داواش لە شوفێران دەکات هاوکاریان بن بە تایبەت لەو کاتانەدا کە ئۆتۆمبێلی تیمەکانی پۆلیس سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکەکانی خۆیانن.”
- 18-05-2013