دەقی بەڵگەنامەکە:
ئای دی: 05KIRKUK270
بابەت: گەشتی واشنتۆن مانەوەی کوردان لەعێراقدا بەهێز دەکات
سەرچاوە ڕێکخەری هەرێمی کەرکووک (عێراق)
بەروار: 8ی کانونی یەکەمی 2005
پۆلێن: زۆر نهێنی
پوختە:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی سەرۆک بوشی کرد لەپای میوانداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی. نێچیرڤان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا وێڕای ئەوەی وریا بوە لەمەسەلە پڕۆتۆکۆلیەکاندا، بەڵام واهەستیکردوە کە ئەمەریکا وەک سەرۆکی دەوڵەتێک پێشوازیی لەسەرۆک بارزانی کردوە. وتیشی، سەردانەکە یارمەتی نوخبەی کوردی داوە بۆ ئەوەی نیشانیبدەن کە بەدەستهێنانی مافەکانمان لەعێراقێکی دیموکراتدا بەپشتیوانیی ئەمەریکا، باشترە لەهەوڵدان بۆ سەربەخۆیی بەبێ پشتگیریی ئەمەریکا (یاخود هەر دراوسێیەک). بارزانی و فەلاح مستەفاش، بەرپرسی پەیوەندیە دەرەکییەکان، پێشبینی ئەوەیان کرد کە ڕێژەی دەنگدەران لەچاو ئەوەی مانگی تشرینی یەکەم زیاتر ببێت، هاوکات جەلال تاڵەبانیش لەبەغدا درێژە بەکارەکەی بدات و عادل عەبدولمەهدیش ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق. پارتی بەئاشورییە هاوسۆزەکانی وتوە لیستی تایبەت بەخۆیان هەبێت لەهەڵبژاردنەکاندا بۆ ئەوەی نوێنەرانی غەیرە موسوڵمان بونیان هەبێت و هەر هەنگاوێک بەئاراستەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی پەکبخات.
گەشتێکی گرنگ بۆ واشنتن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت ستایشی سەرۆک بوشی کرد بۆ میوانداریکردنی مامی، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ڕۆژی 6ی کانونی یەکەم، بارزانی بەجێگری ڕێکخەری هەرێمیی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەکاتێکدا ئەمەریکا لەروی پرۆتۆکۆلەوە وریایانە مامەڵە دەکات، بەڵام واهەستیکردوە کە مامی وەک سەرۆکی دەوڵەتێک پێشوازیلێکراوە. ئەوان پرۆتۆکۆل و ناوەڕۆکی سەردانەکەیان بەسەرکەوتنێکی مەزن ئەژمارکردوە. نێچیرڤان وتی، سەردانەکە یارمەتی نوخبەی کوردی داوە وای نیشانبدەن کە بەدەستهێنانی مافەکانیان لەچوارچێوەی عێراقدا بەپشتیوانیی ئەمەریکا، باشترە لەهەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەبێ پشتیوانیی ئەمەریکا (یاخود هەر دراوسێیەک).
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئه و تێڕوانینەی سەرۆک بوش هەیبوە بەرامبەر عێراق و پابەندبون بەجێبەجێکردنی. ئاماژەی بەوەش کرد کە کوردەکان پێشوازییەکی گەرمیان لەلایەن ئەمەریکاوە لێکراوە وەک پێزانینێک بۆ ئەوەی کورد لەرابردودا ئەنجامیداوە. هەروەها ئەمەریکا وێڕای ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسایی باس لەعێراق دەکات وەک یەک قەوارەی سەربەخۆ، بەڵام وایدەبینێت کوردەکانیش شوێنێکی شایستە بەخۆیان هەیە لەعێراقی نوێداو وەک هاوبەشێکی ناو هاوپەیمانێتیەکەی خۆی حسابی کردون.
پێشبینیەکانی هەڵبژاردن (2005)
نێچیرڤان بارزانی و فەلاح مستەفا بەجیا پێشبینیەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2005 بەمشێوەیەی خوارەوە بو:
فەلاح: شیعەکان (80-100) کورسی. نێچیرڤان: (80-110) کورسی. (لەراستیدا 128 کورسی بردەوە)
فەلاح: هاوپەیمانی کورد (60) کورسی. نێچیرڤان: (45-55) کورسی. (لەراستیدا 53 کورسی بردەوە)
فەلاح: سوننەکان (45-50) کورسی. نێچیرڤان: زیاتر لە(40) کورسی. (لەراستیدا 44 کورسی بردەوە)
فەلاح: لیستەکەی عەلاوی (30-35) کورسی. نێچیرڤان: (25) کورسی. (لەراستیدا 25 کورسی بردەوە)
فەلاح: ئەحمەد چەلەبی (5-10) کورسی.
فەلاح: یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان (1-2) کورسی. (لەراستیدا 5 کورسی بردەوە)
هەردوکیان (نێچیرڤان و فەلاح مستەفا) پێشبینیانکرد ڕێژەی دەنگدانی ئەمجارە زیاتربێت لەوەی مانگی تشرینی یەکەم، کاتێک هەندێک لەکوردەکان دژی دەستوری عێراق وەستانەوە لەبەرئەوەی مافی سەربەخۆیی تێدا نەبو، هەندێکی تر لارییان نەبو لەدەنگدان، چونکە دڵنیابون لەوەی هەر تێدەپەڕێت. لەئێستادا پارتی هەڵمەتی جەماوەریی خۆی سەرڕێخستوە. بەوتەی خۆشیان بۆ بەشداربونی زیاتری دەنگدەرانه و پێویستیان بەوە نیە لەدژی پارتە کوردەکانی تر هەڵمەت بکەن. نێچیرڤان بارزانی گلەیی ئەوەی کرد کە قورسە گەنجان وایان لێبکرێت دەنگبدەن. لەلایەن خۆیشیەوە جێگری ڕێکخەر پێداگری لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێخەوش کردەوە دور لەهەڕەشەکردن لەکەمینەکان یاخود پارتە کوردەکانی دیکە. (تێبینی: ئەم گفتوگۆیە لەپێش هێرشەکانی دهۆک بۆ سەر یەکگرتو ئەنجامدراوە). فەلاح وتی، پارتی پێشوازیی لەچاودێرانی نێودەوڵەتی دەکات.
بارزانی باسی لەوە کرد کە بەئاشورییە هاوسۆزەکانیان وتوە لیستی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ هەڵبژاردن، نەک بچنە پاڵ لیستی هاوپەیمانی کوردستان. پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەیویست غەیرە ئیسلامیەکان لەپەرلەمانی عێراقدا هەوڵی شیعەکان بەره و دەوڵەتێکی ئیسلامی پەکبخەن. پارتی لەلای ڕونە کە دەتوانێت لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاشورییەکاندا پێکبهێنێت.
بارزانی وتی، پارتی هانی ئەیاد عەلاوی دەدات بۆ ئەوەی بەشداری له و حکومەتە بکات کە دڵنیابو لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئێرانیش لەلایەن خۆیەوە کێشە دروستدەکات لەحاڵەتی بونی عەلاوی بەسەرۆک وەزیران. ئەحمەد چەلەبیش پۆستێک وەردەگرێت، بەدەر لەپۆستی سەرۆک وەزیران. ئێران لەئەمەریکا زیاتر هەڵبژاردنەکانی عێراقی بەهەند وەرگرتوە. ئێران موچەی مانگانەی بۆ سیاسییەکان بڕیوەتەوه و هەڵبژاردنەکەش بەدەرفەتێکی مێژویی دەزانێت. ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعێراق نزیکەی 6 هەزار لایەنگری خۆی خزاندوەتە ناو وەزارەتی ناوخۆوە. بەعسیەکان خەریکن باشتر ڕێکدەخرێنەوه و پشتیوانیی مادییش دەکرێن، بارزانی پێیوابو سوریا پشتیوانیان دەکات. عەرەبە سوننەکانیش تاکە گروپێکن کە ئەزمونی ڕاستەقینەیان هەیە لەبەڕێوەبردنی عێراقدا. بۆیە ئەگەر ئەمەریکا بکشێتەوە، مانای ئەوەیە جەنگی ناوخۆ ڕودەدات.
کاتێک پرسیاری ئەوە کرا کە ئەگەر سەرۆک تاڵەبانی پۆستی سەرۆکایەتی لەدەستبدات و بچێتەوە ماڵەوە، سیاسەتی هەرێم گۆڕانی بەسەردادێت، فەلاح مستەفا ڕەتیکردەوە شتی وا ڕوبدات. کوردێک پێویستە ببێتە سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران یاخود سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: تاڵەبانی پاڵێوراوی کورد بوە. هەروەها پێشبینی ئەوەشی کرد کە کوردەکان ببنە گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی عێراق، بەڵام پێیوابو کە هیچ کێشەیەک ڕونەدات لەوەرگرتنەوەی یەکێک له و پۆستە سەرەکیانەی سەرەوە. وتیشی، پێویستە کورد لایەنەکان لەوە دڵنیابکاتەوە کە کوردەکان دەیانەوێت وەک بەشێک لەعێراقێکی نوێی دیموکراتدا بمێننەوە، بەمەرجی بەشداربونێکی دادپەروەرانە.
- 30-03-2014