بە ئامانجێکی گوماناوی، هێرشی ستەمکارانە دژ بە گەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بەرە بەرە فراوان دەبێتەوە، ئەمەیش وەکو هەوڵێک بۆ خستنەئەستۆی بەرپرسیارەتیی شکستهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی بە کورد، ئەو شکستەی کە لە ئەنجامدا بووە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە شار و شارۆچکە خۆشەویستەکانی عێراق لەلایەن #داعش#ی تیرۆریست و گرووپە چەکدارە گوماناوییەکانی دیکەوە.
بەئامانجگرتنی گەلی کوردستان لێرەوە نەوەستاوە، بەڵکوو بووەتە مینبەرێکی دیکە بۆ ناشرینکردنی سەرجەم هەڵوێستەکانی گەلەکەمان و نکۆڵیکردن لە هەوڵ و کۆششەکانی بە درێژایی قۆناخەکانی مێژوو و لە کاتێکدا ئێستایش لە هەوڵ و قوربانیدان بۆ پتەوکردنی برایەتیی عەرەب و کورد و بەدیهێنانی دیموکراسی بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق و پارێزگاریکردن لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەردەوامە و داڕشتنی دروشم و سیاسەت و هەڵوێستەکانیشی کە بنچینەی بەهێزی ئەم یەکگرتنە نیشتمانییە پێک دەهێنێت لەسەر بنچینەی هاوبەشی ڕاستەقینەیە لە عێراقدا بە پێی بەها و پرانسیپەکانی سیستمی دیموکراسی.
ئەمڕۆیش لە پێشینەیەکی زۆر مەترسیداردا هێرشی ڕقی نەتەوەیی شۆڤێنی بە پشتبەستن بە ناشرینکردنی ڕووداوەکان بەهێز دەبێت ئەوەیش لە ڕێگەی پێشاندانی پێچەوانەی ڕاستییەکان و بنیاتنانی دیوارێک لە نێوان هەردوو نەتەوەی برا و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا بێگومان ئەمەیش بۆ خزمەتکردنی مەبەستە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە تەسکەکانە و ئەو کەسەی کە سەرکردایەتیی عێراقیش دەکات، لە شکستکەوە بۆ شکستیکی دیکە و هەروەها لە قەیرانیکەوە بۆ یەکێکی دیکەی توندتر دەیبات کە لە کۆتاییدا گەیشتە ئەم هەڵدێر و شکستهێنانە.
ئاوازی ناشازی جیابوونەوە و دابەشکردنی عێراق کە بەردەوام لەلایەن سیستمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە بەکار هاتووە ئاوازێکی تایبەتی سەرجەم دیکتاتۆرەکان و فەرمانڕەوای گەندەڵی دوور لە گەلەکەیان و لە مێژوو و وانەکان بووە کە ئێستا بازاڕێکی گەرمی لە نێوەندە عەرەبییەکانی ناوەوەی عێراق و دەرەوە هەیە ئەمەیش بۆ ورووژاندنی هەستەکان و ڕاکێشانیان بۆ گومڕابوونی سیاسی و بەشداریکردن لە خراپکردنی ژینگەی نیشتمانیی هاوبەش و درزخستنەنێو ئەو نەگۆڕانەی کە پێویستە پارێزگارییان لێ بکرێت و هەروەها هێشتنەوەی پەیوەندییە نیشتمانی و مێژووییەکانی نێوان عێراقییەکان و پاریزگاریکردن لە یەکگرتوویی ئەو وڵاتەی کە باسی دەکەن.
بەداخەوە ئەم هێرشە کە ئامێر و دەزگا و پارەی دەوڵەت و دارودەستەی فەرمانڕەوای شکستخواردووی بۆ تەرخان کراوە دەیەوێت شکستخواردنەکەی و ئەنجامەکانی بخاتە ئەستۆی کورد و هەرێمی کوردستان و لە نیازەکانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدا کورتی بکاتەوە. سەرەڕای ئەمە، تێکشکانی سوپا لە نەینەوا و سەڵاحەددین و دیالە و شارۆچکەکانی دیکە بە موئامەرەیەک دادەنێت کە کورد بەشداریی تێدا کردووە ئەمەیش بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراقەوە لە هەرێمی کوردستان دابڕێنراون لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب و تەبعیس لە کاتێکدا دەستووری عێراق بڕیاری لەسەر گەڕاندنەوەیان داوە بە پشتبەستن بە پرۆسەیەکی دەستووری و لە ماوەیەکی دیاری کراودا کە بریتی بوو لە ساڵی 2007، ئەمەیش یەکێک لە داواکارییەکانمان بوو بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو.
لێرەدا نماییشکردنی وردەکاریی ڕووداوەکانی 10ی مانگی ڕابردوو و کۆنتڕۆڵکردنی سێ لەسەر یەکی زەوییەکانی عێراق لەلایەن داعش و هاوپەیمانەکانی و هەوڵەکانی ئێمە بۆ ڕێگەگرتن لەو کارە بەجێ دەهێڵین چونکە لای هەمووان زانراوە کە هێرشەکان بۆ ناوزڕاندنن و ئەوەی ئێمەیش بۆ گەلەکەمان داوای دەکەین، لە چوارچێوەی مافی چارەنووسدا دەبێت.
یەکەم: بەردەوام لە ماوەی قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی هاوبەش لەگەڵ سەجەم هیزە نیشتمانییەکانی عێراقدا دژ بە ڕژێمە دیکتاتۆرە یەک لە دوای یەکەکان جەختمان لەسەر مافی چارەی خۆنووسین کردووەتەوە چەمکی چارەی خۆنووسین بەردەوام بوونی هەبووە لە بەرنامەکانمان لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەپێشی هەموویانەوە بزووتنەوە و حزبە شیعەکان هەروەها چەمکی ئەم مافە بە ڕوونی گوزارشتی لێ کراوە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوو و لە پێشەکیی دەستووردا لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراسیی ئیتحادی و هاوبەشییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینەدا.
دووەم: بە خەبات و قوربانیدانمان توانیومانە مافەکانمان بەدەست بهێنێن هەرچەندە ناتەواو بێت لە سێبەری فەرمانرەوایی (سەددام)دا کە لە هەرێمی کوردستان بەرجەستە دەبێت کە نیمچە سەربەخۆییەکی هەبوو لە ناوەند ئەم هەرێمە پەناگەی سەرجەم بزووتنەوە و پارتە بەرهەڵستکارەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بووە و سەرجەم تواناکانی خستبووە بەردەستی ئەو هێزانە.
سێیەم: لە پاش ڕووخانی دیکتاتۆرییەت لە ساڵی 2003دا، دەستپێشخەریمان کرد بۆ بەشداریکردنێکی کارا لە دروستکردنی عێراقی نوێدا و وازهێنان لەو نیمچە سەربەخۆییەی کە هەمانبوو و چوونە نێو پرۆسەی سیاسی و بەشداریکردن لە داڕشتنی چەمکەکان بە پێی تواناکانمان و بە چارەسەرە ناوەندییەکان ڕازی بووین ئەمەیش لە ڕوانگەی متمانەبوونمان بە هاوبەشەکانمان کە هاوبەش بووین لە بەرکەوتنی کارەساتەکانی ڕژێمی پێشوو، بۆیە دەستوورمان بە ڕێگەیەک دانا بۆ چارەکردنی ئەو شتانەی کە بە ماف دایدەنێین بۆ خۆمان و بەرامبەرەکانمان ئێمە چالاکانە بەشدار بووین لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان و لە ڕیفراندۆم لەسەر دەستوور و هیچ هەنگاوێکی دژ بە دەستوورمان نەناوە هەرچەندە دەمانتوانی سیاسەتی دیفاکتۆ بسەپێنین، چونکە دەمانزانی مافێکی دەستوورییە لەو قۆناخەدا بە شێوەیەک کە هەندێک توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەیان نەبوو! بەڵام ئاراممان گرت و پشتمان بە دەستوور بەست وەکو ناوبژیکارێک.
ئەمانەیش هەموویان باشترین بەڵگەن لەسەر نیازی سیاسی و نیشتمانیمان و سوور بووین لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی سیستمی دیموکراسیی ئیتحادی و دووبارە بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیی ئازاد و یەکسان و موئەسەساتی ئەوەیشمان بینی کە سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و جێبەجێکردنی دەستوور بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە، قوناخێکی پەسەند لە تیگەیشتنمان بۆ مافی چارەی خۆنوسین بۆ بەرجەستە دەکات.
چوارەم: بەڵام ڕووبەڕووی دابڕان و نکۆڵی و لووتبەرزی بووینەوە لەو کاتەوەی کە بەڕێز (نووری مالکی) دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە و لە پاش سەپاندنی دەسەڵاتە تاکرۆییەکەی لە ولایەتی دووەم و لادانی لە دەستوور و هاوبەشی و خۆگونجاندنی نیشتمانی هەروەها لادانی بەرەو قۆرخکاریی دەوڵەت و سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر تواناکانی ئەم وڵاتە و بردنی وڵات بەرەو قەیرانی بەردەوام و پێشێلکردنی ئابڕووبەرانەی دەستوور ئەم کارانە ئێمەی بەو ئاراستەیەدا برد کە پێویست دەکات بەها بۆ مافە دەستووری و تەوافوقەکانمان دابنێین کە پیشتر لەسەریان ڕێک کەوتبووین.
هەر لە سەرەتاوە و بە بەردەوامی دووپاتمان کردەوە کە ئێمە پابەندین بە ژیانی هاوبەش لە عێراقی نوێدا بەردەوام هەمووان سوور بوون کە عێراق عێراقیکی دیموکراسی و ئیتحادیی ئاڵوگۆڕکاری بێت تێیدا پابەندبوون بە دەستوور و ڕێزگرتن لە پرانسیپەکانی هەبێت هەروەها پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکرێت و بەدەم مافەکانیانەوە بچێت و دادپەروەری لە نێوانیاندا بە دی بهێنێت و دوور بکەوێتەوە لە هەر کردەیەک کە ببێتە هۆی تاکڕۆیی لە دەسەڵات و لادانی لە ڕێڕەوی دیموکراسی و گەڕاندنەوەی وڵات بۆ دیکتاتۆرییەت.
بە ئاشکرا دەمانگوت و جەختمان دەکردەوە کە ئێمە ئامادە نین ئیرادەمان لاواز بکەین و بگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت و ڕووبەڕووکردنەوەمان لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتانەی کە ئەو سیاسەتانەمان بەیاد دەهێنێتەوە کە لە ڕابردوودا کوردستانی نوقمی دەریایەک لە خوێنی هاووڵاتیانی کرد و نیشتمانەکەیان بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ و کاولکاری گۆڕی.
ئەمانەیش ئەو هەڵسوکەوتانە بوون کە بە ڕوونی ڕووبەڕوومان بوونەوە بە دریژایی قۆناخی زەوتکردنی دەسەڵات لە هەردوو ویلایەتی شوومی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.
باشترین بەڵگەیش لەسەر ئەمە ناردنی تانکەکان بۆ سەر سنووری هەرێم بوو بە فەرماندەیی ئەو کەسانەی کە دەستیان بە خوێنی کورد سوور بوو ئەوانەی کە لەم ڕۆژانەدا بڕیاری دوورخستنەوەیان لە کارەکانیان درا دوای ئەوەی بوون بە هۆکاری لەدەستدانی مووسڵ و ناوچەکانی دیکە.
پێنجەم: بەداخەوە هەندێک لە بەشداربووانی ئەو هێرشە دوژمنکارییە بۆ سەر گەلەکەمان چ لە ڕێگەی پشتگیریکردن لە سیاسەتی گرووپی دەسەڵاتدار یان لە بێدەنگبوون بە هۆکاری ترس لە پەراوێزبوون یان گرنگینەدان بە هەستی دەنگدەرانیان چاویان تەنیا ئەو ڕێگەیە دەبینێت کە وەکو ئالتەرناتیڤ بەکاری دەهێنن بۆ ئەو کاولکارییەی کە وڵات بەخۆیەوە بینیویەتی و خۆشاردنەوە لە مافی چارەی خۆنووسینمان ولەبیرکردنی ئەو پەیمانانەی کە لەسەریان ڕیک کەوتبووین لە کاتی ئۆپۆزیسیۆندا و پاش ساڵی 2003.
بەداخەوە هەندێ کەس بەشدارییان لە ناشرینکردنی داواکارییە ڕاواکانمان بۆ دەرچوون لەم قەیرانەدا کردووە کە لەئەنجامی سیاسەتی تاکڕۆیانە و پەراوێزخستنەوە ڕووبەڕووی بووینەوە و تەنیا جەختیشمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئێمە جیابوونەوەمان دەوێت وەکو تاکە چەمکێک بۆ پرانسیپی مافی چارەنووس!
ئەم کەس و ناوەندانەی کە بەشدارییان لەم هێرشەدا کردووە ئەوەیان بیر خۆیان بردووەتەوە سەبارت بە جەختکردنمان لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە نەگۆڕە نیشتمانییەکان کە دەبنە هۆی کۆکردنەوەمان و ئەو پێشێلکاریانەی دەبنە هۆی لەیەکجیاکردنەوەمان.
ئێمە، دەستوور و بنیاتنانی دەوڵەتی موئەسەسات و ئازادییەکان لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراسی و بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە حوکمڕانیی وڵاتدا کۆمان دەکاتەوە.
هەروەها ئەوەیش بەیاد دەهێنینەوە ڕەنگە یادەوەرییەکان سوودیان هەبێت کە لە پێشەکیی دەستووردا هاتووە: پابەندبوون بەم دەستوورە پارێزگاری لە یەکیتیی ئازادانەی گەل و خاک و سەروەریی عێراق دەکات. ئەوەش بە هەموو وردەکارییەکانییەوە پیشێل کرا! پێویستە ئەو کەسەی ئەم پێشێلکارییەی ئەنجام داوە، لۆمەی خۆی بکات.
لە بەرامبەردا پێشێلکردنی دەستوور و ناشرینکردنی ڕێڕەوی دیموکراسی و زێدەڕۆییکردن لەسەر مافەکانی هەموو پێکهاتەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتیکی تاکڕەوی خۆسەپێن کە دەبێتە هۆی هێنانەکایەی جۆرێکی نوێ لە دکتاتۆرییەت و لە یەکتر جیامان دەکاتەوە.
ئەوەی ڕووی دا تا ئێستا هەر بەردەوامە کە بریتییە لە بژاردەی دووەم کە بەرنامەی (مالیکی) بەرجەستە دەکات لە سووربوونی لەسەر پووچەڵکردنەوەی دەستوور و پەراوێزخستنی بەرامبەر و ستەمکاری و ڕەتکردنەوەی وازهێنان لە دەسەڵات لە ژێر هەربارودۆخێکدا بێت هەروەها بە شێوەیەکی ئاشکرا نکۆڵی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکرێت لە گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگرە هەموو ئەمانەیش تیپەڕ دەکات بە ئاماژەکردنی بەکارهێنانی هێز دژی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بیانووی دورستکراو و نوێکردنەوەی قەیرانەکان لە هەر کاتێکدا کە تووشی شکستهێنان دەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
شەشەم: بۆ زانیاریی ئەو کەسانەی کە ئاگادار نین گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کە بوونە هۆی لەدەستدانی نەینەوا و سەڵاحەددین و دیالە و هەندێک لە دەوروبەری پارێزگای #کەرکووک# سەرەتاکانی شاراوە نەبوون لای دەسەڵاتدارانی عێراق چونکە پێشتر ئاگادارمان کردنەوە لە بارودۆخی مووسڵ و گرنگیی وریابوونەوە بۆ ئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم ڕووداوانە کە دەبنە هۆکارێک بۆ دووبەرەکی لە بەرامبەردا وەڵامەکان ڕەنگدانەوەیەک بوون بۆ هەڵسوکەوتی ئەو کەسەی کە فەرمانڕەوایی وڵات دەکات کە زۆر بە ساردی ئاگادارکردنەوەکانمان وەرگیران و ڕەنگە گومانیشیان لە نیازەکانمان هەبووبێ لە ئاگادارکردنەوەیان کە پێچەوانەی ئەو بارودۆخە مەترسیدارە بوو کە ئاماژەمان پێ دابوو!
ئێمە جەختمان لە گردبوونەوە و هاتنەناوەوە لە سنوورەکانی ناوچەکە و دیاردەکانی هاندان و هەڕەشەکردن لە ناوەوەی مووسڵ و بەکارهێنانی نارازیبوونی هاووڵاتیانی ئەو پاریزگایە لە بارودۆخەکە کرد بە هۆی سیاسەتی جیاکاری و پەراوێزخستنی تایفی کە بەردەوام گەشەی دەسەند بە بێ دابڕان. ئەمەیش بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە مەگەر بۆ ئەو کەسانەی کە پەردە بەسەر چاویانەوە بێت یان گرێیەک لە دەروونیاندا هەبێت کە پاڵیان پێوە دەنێت بۆ گومڕابوون و ڕۆیشتنیش بە پێچەوانەی ئاراستەوە، کارێکە کە ئەقڵ ڕەتی دەکاتەوە و پێویستی بە دانایی هەیە.
وەکو چۆن پێشتر لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارەتییەوە هەڵسوکەوتمان کردووە لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە بۆیە سەرجەم سەرکردەی حزب و قەوارە سیاسییەکانمان لەو بارودۆخە ئاگادار کردەوە هەروەها هەمان دەستپێشخەریمان دووبارە کردەوە لە پاش کەوتنی مووسڵ و شار و شارۆچکەکانی دیکە جەختیشمان لەسەر گرنگیی گرتنەبەری ئەوپەڕی ڕادەی وریابوون کردەوە بۆ ئاستی پێویست بەو ڕووداوانە بە پلەی یەکەم لە ڕووی سیاسییەوە و ڕێوشوێنە پراکتیکیەکان لە ڕووی عەسکەری و ئەمنییەوە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر پێشهاتێک بەڵام نیازە ڕاستگۆکانمان ڕووبەڕووی گومانکردن و لووتبەرزی دەبوونەوە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.
ئاماژە حکوومییەکان هەر مانەوە لەسەر جەختکردن لە پشتگوێخستنی بەئەنقەست بۆ مەترسییەکان هەڵسوکەوتەکان بە پێچەوانەی دۆخەکە بوون بە تەواوەتی بۆیە لەجیاتی پێداچوونەوەیەکی عەقڵانی بۆ هەڵوێست و سیاسەتەکان و چارەکردنی کێشەی سیاسی و ئەمنی و سەربازی لە مووسڵ و ئەو پارێزگایانەی کە زۆربەی دانیشتووانەکانیان لە پێکهاتەی سوننەن هەڵوێستی نەرێنییان پەرەی سەند دژ بە هەرێمی کوردستان و نکۆڵی لە پێگە و ڕۆڵی لە پرۆسەی سیاسی و بێوژدانی لە زیانگەیاندن بە مافەکانی هاووڵاتیانی کوردستان کرا تەنانەت کار گەیشتە دژایەتیکردنی سەرچاوەی بژێویی هاووڵاتیانی کوردستان و بڕینی مووچەی هەرێم لە هەمان کاتدا بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکەیش خەرج کرا کە ئەمە پێشتر لەلایەن هیچ ڕژێمێکی دیکتاتۆری دژ بە گەلی عێراق و مافە نەتەوەییەکانی کورد ئەنجام نەدراوە.
ئەم هەموو هاندانەیان لە دژمان بەکار هێناوە لە هەمان کاتدا خۆیان کوێر کردووە لەمەڕ جووڵە گەورەکانی ڕیکخستنە تیرۆریستییەکان و و هاتنەناوەوەیان لە ڕێگەی سنوورەکانەوە و کۆکردنەوەی هێزەکانیان و بەئاگاهێنانەوەی شانە نوستووەکانیان لە مووسڵ و پارێزگا داگیرکراوەکان لە لایەن داعش و پاشماوەکانی ڕژێمی پیشوو و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کە بە ڕۆژی ڕووناک و لە بەرامبەر چاوی فەرماندە سەربازی و ئەمنییە ئیتحادییەکاندا دیمەنەکە دەستی پێ کرد بە ئابڕووبردنی بەرنامە کەچبووەکە کە هەوڵی کۆکردنەوە دەدات دژ بە هەرێم و وا پێشانی دەدات وەکو بڵێی دوژمنی پرۆسەی سیاسی و دەستوورە ئەمە جگە لە ئاراستەکردنی تۆمەتی ناهەق بۆ هەرێم تا گەیشتە ئەوەی کە شکستە ئەمنییەکان عێراق و سوپاکەیان بەرەو ئەو هەڵدێرە برد ئەمەیش مانای ئەوەیە کە لە هەموو ناوەندەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان، بەردەوام هەوڵیان بۆ نیشاندانی گەلی کورد وەکو دوژمنێکی شیعە و ڕۆڵ و پێگەیان لە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا داوە.
ئێمە بەردەوام دوووپاتمان کردووەتەوە کە قەت ڕۆژیک لە ڕۆژان بەشێکی نەرێنی نەبووین لەو ململانێیەی کە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری هاتە کایەوە و سازشمان نەکردووە یان لە دژی هیچ پێکهاتەیەکی نیشتمانیی عێراق نەوەستاوین بەڵکوو هاوسۆز بووین و بەرگریمان لە داواکارییە دەستوورییەکانی پێکهاتەی سوننە لە عێراق کرد و دژی پەراوێزخستن و لاوازکردنی ڕۆڵیان لە ژیانی سیاسی و لە دەسەلاتدا بووین هەروەها پابەند بووین بە مافەکانی پێکهاتەی شیعە و ڕۆڵیان و ئەوەی دەستوور بۆیانی دیاری کردووە لە پێگەی سەرکردایەتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
هەروەها جەختمان کردووەتە سەر جیاکردنەوەی سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی شیعە لە دەوڵەت و هەڵوێستەکانی لە ماف و کێشەکانمان ئێمە شانازی دەکەین بە هاوپەیمانیی مێژووییمان لەگەڵ پێکهاتەی شیعەدا هەروەها لەگەڵ بەرپرسە سوننەکان و پێکهاتەی سوننەدا بەردەوامیش دەبین لە بەرگریکردن بەپێی دەستوور و گەشەسەندنەکانی ژیانی سیاسی و ماف و داواکارییەکانی هەموو عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەکانیان.
بەردەوامیش دەمانگوت و ئەمڕۆیش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە قۆناخێکی هەستیار بەڕێ دەکەین لە قۆناخەکانی گەشەسەندنی عێراقی نوێدا مانەوەی عێراقیش پێوەستە بە دابینکردنی بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی و بەدەنگەوەچوونی تێڕوانینە ڕەواکانیان ئەمەیش بەدی نایەت تا ئەو کاتەی بنیاتنانی بنچینەکانی دەوڵەتی مەدەنیی دیموکراسی تەواو دەبێت و دەزگا دەستوورییەکان بنیات دەنرێن و بەرەو بەیاساییبوونی دەسەڵاتەکان و پارێزگاریکردن لە بێلایەنییان ئاڕاستە دەکرێن.
هەروەها پێویست بە دانانی میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن لە تاکڕۆیی لە دەسەڵاتدا دەکات یا بەتەندروستکردنی ژیانی سیاسی، ئەمەیش لە ڕێگەی دەرکردنی پرۆسەی سیاسی لە ڕێڕەوی دابەشکردنی تایفی و ئاراستەکردنی بەرەو پابەندبوونەکانیان بەپێی لاگرتنی نیشتمانی و بەهاکانی هاووڵاتیبوون.
کوردستان بەدەست نەهامەتییەکانی تیرۆر و شاڵاوەکانی تەکفیرکردنەوە دەیناڵاند ئێمە درک بەوە دەکەین کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بە چ ئامانجێک و شێوازێکی وەحشیگەری کار دەکەن بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئیدانەی سەرجەم ڕیکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەین و بەرەنگاریان دەبینەوە و بە هەموو توانایەکمانەوە دژی پڕۆژەکانیان دەوەستین.
ئێمە دەزانین کە لەناوبردنی تیرۆر لە ڕەگ و ڕیشەوە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست هەیە کە بێبەشی بکات لە پەناگایەکی ئارامدا یان لە ژینگەیەکدا کە هاوسۆزیان بن.
پاش هەشت ساڵ لە بەرنامەیەکی تاکڕۆیانە و پەراوێزخستنی پێکهاتەی سوننە لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنێک کە بێبەش بوو لە دانایی، داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان و چەکدارانی هۆزەکان و ئەو کەسانەی کە زیانیان لە سیاسەتی حکوومەت پێ گەیشتووە توانییان بە زبرەی هێز ناوچەیەکی فراوان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
داعش بریتی نییە لە پێکهاتەی سوننە هەروەها گرووپەکانی دیکەیش گوزارشت لەو پێکهاتەیە ناکەن، ئەگەرچی هەندێک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی داگیر کراون ئێستا هەست بە دلنەوایی لەم قۆناخە نوێیەدا دەکەن بەڵام ئەم دیاردەیە کاتییە و گۆڕانکارییە یەک لە دوای یەکەکان لێکەوتەکانیان بەوەندەوە ناوەستن وەک دەرچوون لە دژی دەسەڵاتی داعش و دەرکەوتنی دیاردەکانی جیاوازبوون تا ڕادەی گەیشتن بە جەنگ لە نێوان گرووپە چەکدارییەکان و ڕاپەڕینی دانیشتووان دژ بە دەسەڵاتی تیرۆر کە لەوانەیە نەهامەتییەکانی زیاتر بێت لە نەهامەتییەکانیان لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تاکڕۆی عێراق کە دژی دەستوورە.
بەپێی بەرپرسیارەتییەکانمان ئێمە بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن بە هەموو لایەنەکان بۆ بەدیهینان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی ڕیشەیی کە بریتی بێت لە ئەنجامدانی چاکسازی لە دامودەزگاکانی وڵاتدا و دامەزراندنی میکانیزمێکی دیموکراسی کە تێیدا هیچ حاکم و دەسەڵاتێکی ڕەها نییە.
هەروەها لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بەدوای پێداویستییەکانی باردۆخی ئێستادا دەگەڕێین کە دوابەدوای ڕووداوەکانی مووسڵ پاش 10ی حوزەیران هاتووەتە کایەوە لە ڕووی گۆڕانکاری و ئەو چوارچێوە سیاسییەی کە بەدەنگ پێکهاتەی سوننەوە بێت و تیرۆریستان لابدات و پەناگەکانیان دوور بخاتەوە.
ئێمە سەرجەم تۆمەتە دوژمنکارەکانمان پشتگوێ خست کە لەلایەن شکستخواردووەکانەوە دژ بە گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان ئاراستە دەکرێن ئێمە پشت بە هۆشیاریی گەلی عێراق و دڵسۆزەکانی قەوارە سیاسییەکان دەبەستین بۆ دانانی سنوورێک و وەڵامدانەوەیان، ئێمە وەڵامدانەوەیەکی گونجاومان هەیە بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بریتیە لە بەردەوامبوون لە ڕێگەی سەختدا
ئێمە دەپرسین، ئەو کەسەی عەرەبی عێراقی لە یەک جیاکردەوە بۆ سوننە و شیعە، هەر خۆی نەبوو کە عێراقی بە فیعلی دابەش کرد؟
پاشان ئایا بەهێزکردنی جەنگی تایفی، لە ناخی پارچەپارچەکردنی پێکهاتەی کۆمەڵگەی عێراقیدایە؟
گەلی کورد لە کاتێکدا بەرلەمان و سەرکردایەتییەکەی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژووی بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی مافی چارەنووس، لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک کە بە گونجاوی دەبینێت بۆ پاراستنی مافەکانی و پاشگەز نابێتەوە لەو ڕێڕەوەی کە بەرجەستە دەبێت لە مافی چارەنووس، لە هەمان کاتدا چاوەڕێ دەکات هێزە گرنگەکان لە حزب و قەوارەی پەرلەمانیدا، شیعە و سوننەکان کە دەستپێشخەرییەکی سیاسی ڕابگەیەنن، کە لە ڕێگەیەوە عێراق بتوانێت سەروەریی خۆی بگەڕێنێتەوە و دادپەروەری و ئازادی و هاوبەشبوونی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵات بۆ هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتێکی دیموکراسیی ئیتیحادیدا فەراهەم بکات، کە ڕێگر بێت لە بەرامبەر تاکڕۆیی و دکتاتۆرییەتدا.
مافی چارەنووس، مافێکی شەرعیی گەلەکەمانە، بە پشتبەستن بە هەموو یاسا و پرانسیپە نێونەتەوەیی و نیشتمانییەکان، گەلەکەمان پاشگەز نابێتەوە لەم مافە و جێبەجێکردنی میکانزم و دابینکردنی پێداویستییەکانی، لەوەیشدا پشت بە گەلی عێراق دەبەستێت بە ڕاوێژکردن لەگەڵ نوێنەرانی و سەرجەم ئەو کەسانەی کە پشتگیری لە مافی گەلان و نەتەوەکان دەکەن.
ژیانی هاوبەش بژاردەیەکی ئیختیارییە کە ئەوەی گەل ویستی تێیدا بەرجەستە کرا بۆ قۆناخێک لە قۆناخەکانی مافە مێژووییەکەی، لەم بارەیەوە گەلەکەمان هەڵویستی ئایەتوڵڵا (ئیمام موحسین ئەلحەکیم) و (شەهید سەدر) لەیاد ناکات بۆ پشتگیریکردنیان لە گەلی کورد وخەبات و بەرگریکردنی لە ماف و وبەرژەوەندییە نەتەوەییەکان.
جیابوونەوە و پارچەپارچەکردنی عێراق دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هێز و حوکمڕانانەی، کە پشت بە بەرنامەی دابەشکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنچینەیەکی تایفی و مەزهەبی دەبەستن و هاووڵاتی دەکوژن یان پەراوێزی دەخەن بە هۆی ناسنامەکەیەوە!.
ئایا ئەوە بۆ هەموو عێراقییەک و هەموو گەلانی دۆستی گەلەکەمان دەرنەکەوتووە کە داواکردنی ولایەتی سێیەم لەلایەن (مالیکی)یەوە سەرەڕای ئەو شکستە مەترسیدارەی کە عێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە و جەختکردنەوەی سەرجەم هێزە سیاسییەکان لەسەر گۆڕینی، کە بووەتە هۆکارێک بۆ پاڵنانی عێراق بەرەو دابەشبوونێکی زیاتر و بەرەو هەڵدێری دەبات؟
ئێمە بە ڕوونی دەڵێین لە مافی چارەنووس پاشگەز نابینەوە، کە گەلەکەمان بە ئیرادەوە بڕیاری لەسەر دەدات.
هەڕەشەکردن لە داهاتووی عێراق و عێراقییەکان بەرپرسیارەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە کۆمەڵگەی عێراقی پارچەپارچە دەکەن و دەستوور پێشێل دەکەن و عێراقیش دەخەنە دۆخی ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازێکی نوێ لە دیکتاتۆری.
#مەسعود بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
سەڵاحەددین- 8 ی تەمووزی 2014