لە گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستاندا، دوو هەزار و 849 بەندکراو بە تاوانی جیا جیا لە نێو چاکسازییەکانی کوردستان ماوەی حوکمەکەیان بەسەردەبەن، بەشێوەیەک کە پێکهاتووە لە 368 بەندکراوی نەوجەوان و 128 بەندکراوی ژن و 2353 بەندکراوی گەورەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکانی هەرێم کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، تیایدا هاتووە: پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 14-09-2014 لە مەراسیمێکدا بەئامادەبوونی ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێم و بەڕێوەبەری سەرجەم گرتوخانەکانی کوردستان، دەستپێکی کارەکانی پسپۆران و شارەزایانی بواری چاکسازی وڵاتی سوید، بۆ کارمەند و بەڕێوەبەری گرتوخانەکانی هەرێم دەستپێکرد.
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەرێم لەمیانی دەستپێکردنی کارەکانی وڵاتی سوید لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: حکومەتی سوید ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هاوکاری کردنی گرتوخانەکانی هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی خول و گفتوگۆی کراوە بۆ فەرمانبەر و توێژەر و کارمەندانی هێزی جێبەجێکار و کارمەندانی ئەمنی لەنێو چاکسازییەکاندا.
ئەمڕۆش یەکەم ڕۆژی دەستپێکی کارەکان دەبێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی وڵاتی سوید ڕاستەوخۆ لە کوردستان وانە بە کارمەند و بەڕێوەبەری گرتوخانەکان دەڵێنەوە.
دەستپێکی یەکەم ڕۆژی کارەکانی پسپۆڕانی سویدی بریتی بوو لە کردنەوەی خولێک بۆ بەڕێوەبەری گرتوخانەکانی کوردستان لە بواری بەڕێوەبردنی گرتوخانەکان لە ڕووی ئەمنیەوە، بۆ ئەمەش خولەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا بەڕێوەبەر و کارمەندانی هێزی جێبەجێکار لە گرتوخانەکانی کوردستان بەشداردەبن.
ئاماژە بۆ کردنە بەپێی ئامارەکان لە ئێستا لە هەرێمی کوردستان 2849 بەندکراو بە تاوانی جیا جیا لە نێو چاکسازییەکانی کوردستان ماوەی حوکمەکەیان بەسەردەبەن، بەشێوەیەک کە پێکهاتووە لە 368 بەندکراوی نەوجەوان و 128 بەندکراوی ژن و 2353 بەندکراوی گەورە.
- 14-09-2014