دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە:
مامۆستایانی ئازیز
قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست
دایک و باوکانی بەڕێز
بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2016 2017)ی زایینی، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوادارین بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، نەوەیەکی هۆشیار و نیشتمانپەروەر و زانستپەروەر پێ بگەیێنین، بۆ خزمەتی کوردستان و پێشکەوتنی هەرێمەکەمان، چونکە پەروەردە کلیلی ئەم ئامانجەیە. لەم بارودۆخەدا کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕی بەرگریکردن بووەتەوە، لە سایەی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ سەنگەرەکانی خوێندنیش چۆڵ نابێت و تەواوکەری سەنگەری پێشمەرگە دەبن بۆ پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی ئەم تێکۆشەرانە و گەلەکەمان بە گشتی.
ئەم قەیرانە داراییەی ڕووی لە جیهان و ناوچەکە و کوردستانیش کردووە و لە دەرەوی دەسەڵاتی حکومەت و هەموومانە، جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر تەواوی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کەرتەکانی دیکە کردووە، کاریگەریشی لەسەر هەندێ پڕۆژە و کاری وەزارەتی پەروەردە هەبووە، بەڵام بە هیوابوون بۆ داهاتوو، نابێت کار و بەرنامەکانی پەروەردە بوەستێت و بۆ ئەم مەبەستەیش لە ڕووی زانستی و هونەری و کارگێڕییەوە هەنگاوی باش هاویشتراوە.
مامۆستایان، لە ڕووی داراییەوە لە ژیانێکی سەخت و دژواردان کە هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان نییە درک بەم ئێش و ئازارەیان نەکات، سیەرەڕای ئەمەیش ڕێگەیان نەداوە سەنگەرەکانی زانست چۆڵ بێت. ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە خۆمان بە داکۆکیکار و بەرگریکاری مافەکانیان دەزانین و لەگەڵ هەموو خواستە ڕەواکانیانداین، پێویستە ئەم ناخۆشییەی ژیان و داخوازییەکانیان تێکەڵی هیچ جۆرە مەبەستێکی سیاسی نەکرێت بە تایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، چونکە ئەرکی مامۆستا و سەروەرییەکانی زۆر لەمانە گەورەترن. وەک وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی وەزیران لە هەوڵی جددیدان تا بە پێی واقعی دارایی هەرێم مشووریان لێ بخۆن و ئەوەی لە توانادا هەبێت دریغی ناکەن.
لێرەدا شوێنی خۆیەتی ئاماژە بە هەڵوێستی جوامێرانەی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکرێت کە سەرەڕای ئەوەی بە گیانی خۆیان بەرگری لە کوردستان و ئارامی هەموومان دەکەن و منداڵ و خێزان و کەسوکاریان بێبەش کردووە لە نازی باوکایەتی هاوسەریەتی و برایەتی.
لە کۆتاییدا دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیێنین کە لەسەر داوای ژمارەیەک لە پەروەردەی پارێزگا و قەزاکان، بڕیارمان دا زەنگی دەستپێکی دەوامی قوتابخانەکان و دابەشکردنی پەرتووکەکان لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (01-10-2016)ی زایینی بێت لە جیاتی (27-09-2016)، بۆ ئەوەی خۆئامادەکردنی باشتر ئەنجام بدرێت. بەو ئومێدەی ساڵی نوێی خوێندن، ساڵی سەرکەوتنی پێشمەرگە و کوردستان و کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان بێت.
وەزارەتی پەروەردە
26-09-2016