وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئەوەی بە نایاسایی و ناشایستەیی وەریان گرتووە، مووچەی 43 هەزار کەس کە بە ناوی مووچەی تایبەت و خاوەن پێداویستیی تایبەت دابەش کراوە ئێستا بڕدراوە.
محەمەد قادر هاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاند، بۆ تۆمارکردنی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران قسەیان کردووە، گوتی: ”ژمارەیەکی زۆر لە کەمئەندام کە نزیکەی 9 هەزار کەس تا ئێستا چاوەڕِوانی مووچە دەکەن، قسەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کردووە و دوای ئەوەی پشکنین و پێداچوونەوەی ئێستای کەمئەندامان تەواو بێت ئەوا مامەڵەی ئەوان دەهێنینە پێشەوە، بۆ ئەوەی مووچەیان پێ بدرێت“.
لە کوردستاندا 100 هەزار کەس مووچەی کەمئەندامی وەردەگرن و مووچەکانیان لەنێوان 60 بۆ 90 هەزار دینارە.
هاودیانی ئاشکرای کرد، مووچەی تایبەتی 23 هەزار کەس بڕدراوە، کە بەبێ هیچ ڕێنماییەک ئەو مووچەیەیان وەرگرتووە، گوتیشی: ”کەسی تازە ناخرێتە شوێنی ئەو 23 هەزار کەسە، چونکە مووچەی ئەوە کەسانە لە بنەڕەتدا نایاسایی بووە“.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەشی ئاشکرا کرد، 20 هەزار کەسی تریش کە بە ناوی کەمئەندامی مووچەیان هەبووە بەڵام شایستە نەبوونە، ناویان لادەدرێت و مووچەیان پێ نادرێت، گوتی: ”ئەو 20 هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتە نەهاتوونە بۆ دووبارە پشکنین و چاوەڕوان دەکەین ژمارەکە زیاتریش بێت، چونکە هەندێک شوێن بە تایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە تا ئێستا کارەکانیان تەواو نەبوونە“.
محەمەد قادر دەشڵێ: ”بەهۆی ئەو چاکسازییانە مانگانە نزیکەی 3 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێندرێتەوە و کاتێک پڕۆسەی چاکسازییەکە تەواو دەبێت زیاتر لەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت“.
ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێکی تری چاکسازییەکانیان پێوەندیی بە مووچەی چاودێریی خێزانەوە هەیە و ئێستا لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەو کەیسەیە دەکەن: لە قەزایەکدا کارمان کردووە و وەکو نموونە وەری دەگرین، پاشان پڕۆسەکە دەگوازینەوە بۆ هەموو کوردستان، کۆمەڵێک توێژەری کۆمەڵایەتی سەردانی ئەو کەسانە دەکەن کە مووچەی چاودێریی خێزان و مووچەی بێوەژنانەیان وەرگرتووە“.
بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی لەسەر مووچەی چاودێریی خێزان کە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران، 80%ی ئەو کەسانەی مووچەی چاودێریی خێزانیان وەرگرتووە شایستە نەبوونە و 9% داهاتیان مامناوەندی بووە و هەژار نەبوونە، تەنیا 11%ی ئەو کەسانەی مووچەکەیان وەرگرتووە خەڵکی موستەحەق و شایان بوونە.
هاودیانی پێی وایە نادادپەروەریی زۆر لە مووچەی چاودێریی خێزاندا هەبووە: کاتی خۆی بەبێ پێوەرێکی ورد کارەکە کراوە، ئێستا ئێمە پێوەری باشمان داناوە، بە تایبەت کۆمەڵێک پێوەری تازەمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی داناوە، ئەو پێوەرانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەژار و نەدارە“.
11-04-2017