بەپێی ئەو زانیاری و ئامارانەی لە بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی #پۆلیسی هاتوچۆ#ی هەرێمی کوردستان دەست (باس) کەوتوون، لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 2 هەزار کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.
بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە لە ساڵی 2015 و 2016، هەزار و 658 کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 16 هەزار کەسیش بریندار و #کەمئەندام# بوونە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2015دا 858 کەس گیانیان لەدەست داوە و 12 هەزار و 352 کەسیش بریندار بوونە، لە 2016شدا 800 کەس گیانیان لەدەست داوە و 11 هەزار کەسیش بریندار بوونە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، لە سەرەتای ساڵی 2014 بۆ کۆتایی 2016، واتە لە سێ ساڵدا دوو هەزار و 449 کەس لە هەرێمی کوردستان بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و 35 هەزار و 222 کەسیش بریندار بوونە.
بەگوێرەی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی #هاتوچۆی هەرێم#ی کوردستان، لە ساڵی 2014دا بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ 791 کەس گیانیان لەدەست داوە و 11 هەزار و 870 کەسیش بریندار بوونە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی (باس)، لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ساڵی 2015 و 2016، 13 هەزار ئۆتۆمبێل لە 7 هەزار ڕووداوی جۆراوجۆردا زیانیان بەرکەوتووە.
رووداوەکانی هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان تۆمار کراون.
ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ تەنیا له و 3 ساڵەدا، زیاترە لە کۆی ژمارەی شەهید و بریندارانی پێشمەرگەیە لە شەڕی داعش لە ساڵی 2014ەوه بۆ ساڵی 2017، چونکە لەو ماوەیەدا کەمتر لە هەزار و 500 شەهید و 7 هەزار بریندار تۆمار کراون.
لیوا هێرش، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، ئەوەی بە (باس) ڕاگەیاند، بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ سوود لە ئاماری فەرمانگەکانیان و پۆلیس و نەخۆشخانە وەردەگرن، گوتی: ”رۆژانە ڕووداو هەیە و تیمەکانی ئێمەش دەچنە شوێنی ڕووداوەکان و هێڵکاری دەکەن، هەروەها ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەچنەوە نەخۆشخانەکان، بە تایبەت نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، هەموو ئەمانە بۆ ئامارەکانی هاتوچۆ سوودیان لێ وەردەگیرێت“.
ئەو پێی وایە، هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە پلەی یەکەم بۆ تیژڕەوی و گوێ نەدان بە یاسا و ڕێنماییەکان دەگەڕێتەوە، هاوکات نکۆڵی لەوەش ناکات، خراپیی ڕێگاوبانەکانیش هۆکارێکی تری ڕووداوەکانن.
چاودێرانی هاتوچۆ بۆچوونیان وایە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستاندا هەیە، یەکەمیان، خراپیی ڕێگەوبان و شەقامەکانی دەرەوەی شار و ناوشار. دووەمیان، خراپیی کوالێتی ئۆتۆمبێل لە کوردستاندا.
عەمید هێرش، ناهاوسەنگی دەبینیت لەنێوان ژمارەی ئۆتۆمبێل و شەقامەکاندا: ڕۆژانە ئۆتۆمبێل زیاد دەبێت و ڕێگاوبانەکانیش وەکوو خۆیانن، دەبێ ڕێگاوبان و شەقامەکان و بەرزە پرد و تونێلەکانیش لەگەڵ زیادبوونی ئۆتۆمبێلەکان زیاد بکرێن، بەڵام قەیرانەکە زۆر لەو پرۆژانەی ڕاگرتووە، بۆیە ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیادیان کردووە.
لیوا ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، وێڕای قەیرانی دارایی، بەڵام ژمارەی ئۆتۆمبێل هەر لە زیادبووندایە، گوتیشی: ”بەشێکی ئاوارەکان ئۆتۆمبێلیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی کوردستانیش مانگ لەدوای مانگ لە زیادبووندایە، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا هەیە“.
زۆرینەی ڕووداوەکان لە کوردستان بە پلەی یەکەم پێکدادان بوونە، بەڵام وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل پلەی دووەمی لەناو ڕووداوەکاندا هەیە، بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو سەرووی 300 ڕووداوی وەرگەڕان لە کۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سلێمانی هەیە، خراپیی کوالێتیی ئۆتۆمبێل و خراپیی ڕێگەوبان، هۆکاری بنەڕەتین لە وەرگەڕاندا و پاشان تیژڕەوی.
زاهیر محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی هۆشیاریی هاتوچۆ بە (باس)ی ڕاگەیاند، سێ هۆکار هەنە کە وا دەکەن ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو بدەن، گوتی: ”یەکەم، ڕووداوی هاتوچۆ 80%ی هۆکارەکەی شۆفێرە، دووەمیان ڕێگاوبان هۆکارە، سێیەم هۆکاریشیان خراپیی کوالێتیی ئۆتۆمبێلە“.
لەپاڵ ئەوانەشدا، ئەو پێی وایە، نەبوونی سیستەمێکی باشی مۆڵەتی شۆفێری و بێ پلانی و بێ بەرنامەیی لە پەروەردەکردنی شۆفێراندا هەیە، ئەوەش وای کردووە دۆخی هاتوچۆ خراپ بێت“.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر ئاستی جیهان، ڕووداوەکانی هاتوچۆ نۆیەم هۆکاری مردنن، بەڵام هۆکاری یەکەمی مردنی گەنجانە لە جیهاندا، بە گشتی لە جیهاندا ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن.
هەڵکەوت عەبدوڵا، شارەزای بواری هاتوچۆ پێی وایە، ئۆتۆمبێل لە زیادبووندایە، بەڵام ڕێگاوبانەکان وەکوو پێویست نین، ئەوەش وای کردووە ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیاتر بن، گوتی: ”کاتێک ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زیاد دەبێت، ئەوە کێشەکانی هاتوچۆش زیاتر دەبن، بە تایبەت ئەگەر ڕێگاوبانەکان وەکوو خۆیان بن و زیاتر و فراوانتر نەکرێن، بۆیە ناکرێت بڵێین هەموو ڕووداوەکان تەنیا شۆفێران لێی بەرپرسن“.
بۆ کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، ئه و شارەزایە پێی وایە، دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێکارێک بگرێتە بەر، لەوانە: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان، دروستکردنی ڕێگای تایبەت بە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە گەورەکان، قورسترکردنی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری و لە هەندێک حاڵەتیشدا سەندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لەو کەسانەی بە ڕێنماییەکانەوە پابەند نابن، جگە لەوانەش پێویستە لە ڕووی کولتوورییەوە کار بکرێت بۆ پابەندبوون بە یاساکانی هاتوچۆ و ببێتە کولتوور لەناو هاووڵاتییاندا.
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی #وەزارەتی تەندروستی#ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”بە پشتبەستن بە ئامارەکان، ڕۆژانە 3 کەس لە هەرێمی کوردسان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد، هەر بەپێی ئامارەکانیان و بە هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ، ڕۆژانە 28 کەس بریندار دەبن و گوتیشی: ”ساڵانە 800 کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن، 8 بۆ 10 هەزار کەسیش بریندار دەبن، ئەوەش ئامارێکی زۆر مەترسیدارە. زۆربەی ئەو بریندارانەش، بەداخەوە بەشێک لە جەستەیان لەدەست دەدەن و کەمئەندام دەبن.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2015ی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەسەر ئاستی جیهاندا ساڵانە لە هەر 100 هەزار کەس 17 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، باشترین وڵاتەکان سوید و بەریتانیان کە لە هەر 100 هەزار کەس دوو کەس و دوای ئەوانیش سویسرا و ژاپۆنن، کە لە هەر 100 هەزار کەس 3 کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەفغانستانیش خراپترین وڵاتە کە لە هەر 100 هەزار کەس 39 کەس گیانیان لەدەست داوە، عێراقیش لە ڕیزی وڵاتە خراپەکانە، کە لە 100 هەزار کەس 20 کەس گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100 هەزار کەس نزیکەی 12 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.[1]
23-08-2017