هاووڵاتیانی خۆشەویست
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 ڕۆژی یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی گەلەکەمانە لە کوردستان. ڕۆژی پیشاندانی ویست و ئیرادەی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانە بۆ دیاریکردنی چارەنووس. دەنگی هەموومان دەنگی بەڵێ دەبێت بۆ سەربەخۆیی و کۆتاییهێنان بە پاشکۆیەتی کە ماوەی سەد ساڵە بە زۆر بەسەر گەلی کوردستاندا سەپێندراوە.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئێمە ئینکار کراین، #جینوساید# و #ئەنفال# کراین و هەوڵی توانەوەمان درا، بەڵام بە خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ شومار گەلی کوردستان بە زیندوویی مایەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو.
دەنگی ئاشتیخوازی و هەموو هەوڵێکی گەلی کوردستان بۆ ژیانی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێ ئەنجام بوو و تێکشکێندرا. دەرکەوت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بنیاتنانی عێراقی تازەیش فەرهەنگی بەپاشکۆدیتنی کوردستان و پشتگوێخستنی شەراکەت لە دەوڵەتی عێراقدا باڵادەستە.
گەلی کوردستان بەشدار بوو بۆ دووبارەبنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیەت و دەستوور و شەراکەت و تەوافوق بەڵام سەرجەم ئەو بنەمایانە پێشێل کران و لەبری دەوڵەتی مەدەنی، دەوڵەتی تاییفی و لۆژیکی زۆرینە و خۆسەپاندن هاتە کایەوە. لەبری پاراستنی گەلی کوردستان، دەوڵەتی عێراق قووتی خەڵکی بڕی و بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی پێشمەرگەی کرد.
ئێستا گەلی کوردستان ترسی لە داهاتوو هەیە، بۆیە بڕیاری داوە ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر و کۆتایی بە ژیانی ئارەزوومەندانە بهێنێت لەگەڵ دەوڵەتێک کە سەد ساڵ ئازاری داوە. هیچ ڕێگەیەکی تر لەبەردەم گەلی کوردستاندا نەماوە جگە لە سەربەخۆیی کە مافێکی بنچینەیی هەموو گەلێکە. سەربەخۆیی کوردستان هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و دراوسێتی و بووژانەوەیە.
سەربەخۆیی بۆ ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی نەهامەتی و کارەساتەکان. بۆ ئەوەیە ئاشتی بەرقەرار بێت و دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە قووڵتر ببێت. بۆ ئەوەیە گەلی کوردستان پێش بکەوێت و ببێتە بەشێک لە کاروانی مرۆڤایەتی.
لە ڕۆژی بیستوپێنجی ئەیلوول دەنگی گەلی کوردستان دەنگی بەڵێ دەبێت بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان کە لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی دیموکراسی و سەردەمیانەدا بنیات دەنرێت. دەوڵەتی کوردستان دەوڵەتی هاووڵاتی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا دەبێت. لە دەوڵەتی کوردستاندا یەکسانی سیاسی و یاسایی و مەدەنی لەنێوان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان بەرقەرار دەبێت.
ئێمە هەموومان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەین و دەنگی گەلی کوردستانیش دەنگی ئاشتی و ژیان دەبێت. دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بپارێزین و ژیانمان لە دەستی خۆمان بێت. دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و شۆڤینیەتدا بێینەوە. دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەنگدانە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل. دەنگدانە بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەنگدانە بۆ ئاسوودەیی و پێکەوەژیان و ئاشتی.
هەموومان بە بەڵێ دەنگ دەدەین بۆ سەربەخۆیی کوردستان. داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین بەوپەڕی گیانی تەبایی و بەشێوەیەکی سەردەمیانە گوزارشت لە ویستی خۆیان بکەن بۆ سەربەخۆیی و، لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ #ڕیفراندۆم#دا هێمنی و ئارامیی پڕۆسەکە بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بکەن.
لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
14-09-2017