#وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئایینی چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ ئەو دەزگا ئایینییانەی کە بەیاننامە لەسەر گشتپرسیی گەلی کوردستان دەردەکرێت، دواینیان بیاننامەی مەشیەخەی ئەزهەر کە لە 2017-10-02 دەریکردووە. سەرەتا بەو فەرموودەی خوای گەورە و میهرەبان دەستپێدەکەین کە دەفەرموێت: (ۆلَا تَرْکَنُوا إِلَی الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّکُمُ النَّارُ ۆمَا لَکُم مِّن دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنصَرُونَ).
ئەم بەیاننامەیە پڕە لە ستەم و ناحەقی و ڕستەی نادروست و هەڵە دژ بە گەلەکەمان، ئێمە وامان بە ئەزهەر ئومێد دەکرد کە دەستی برایەتی و دڵسۆزی بۆ کوردستان هەڵچنی لە ڕوانگەی فەرمودی خوای گەورەوە (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْۆةٌ) و چەندین ساڵە پەیوەندییەکی مێژوویی کوردستان و ئەزهەر دەبەستێتەوە کە بنەماکانی برایەتی و ڕێزگرتن لە یەکتر بووە، بەڵام دەرکەوت کە ئەزهەر لە خەیاڵێکدایە و خەمەکانی موسڵمانان لە باسێکی دیکەدایە.
شاراوە نییە لای زانایانی ئەزهەر ئه و ڕۆڵە مێژووییەی لە چاکسازی ئەزهەر لەلایەن #سەلاحەدینی ئەیوبی# کردی، کە بەهۆیەوە ئەزهەر بووە قەڵای مەزنی زانستە ئیسلامییەکانی میللەتی موسڵمان و زانایانی کورد ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرەوپێشخستنی زانستە شەرعییەکان لە میراتی ئەزهەر. شیاو نەبوو بۆ زانایانی ئەزهەر و ئیمامی ئەکبەر بەرگری لە بارودۆخێکی ستەملێکراو کە داگیرکەرانی بیانی کە لە (سایکس پیکۆ)وە بە زنجیرەیەکی نەپچڕاو لەماوەی 100 ساڵدا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەیانویست میللەتی کوردی موسڵمان لەناوبەرن. هەروەها شیاو نەبوو بۆ ئەوان ئەوەی کە ڕوودەدات لە عێراق له و شەڕە تائیفییەی کە حەشدی شیعی هەڕەشەی ناشیرین بەرامبەر بە میللەتی کورد دەکات، هەر چۆن لە ڕابردوودا بەرامبەر بە زانایان و خەڵکەکانی سوننەی عێراقی کرد.
پاشان جوگرافیای عێراق کە لە کتێبە فیقهە ئیسلامییەکاندا باسی لێوە کراوە تاکو چیای حەمرین و باشووری تکریت زیاتر بڕناکات، باشتر وابوو ئەزهەر شاندێکی بۆ کوردستان بناردایە بۆ بیستنی ڕاستییەکان لە ڕوانگەی فەرموودی خواوە (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَکُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَیٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ).
بەم خاڵانەی خوارەوە وەڵامی مەشیەخەی ئەزهەر دەدەینەوە:
1. ئێوە باسی تێکچوونی قەڵای سوننە دەکەن بەهۆی سەربەخۆبوونی ئێمە، ئەرێ ئەو زانایانەی ئێوە کە سەردانی کوردستانیان کرد پێتانیان ڕانەگەیاند کە بەچاوی خۆیان بینیان کە چۆن کوردستان بووەتە قەڵا و لانەی سوننە دەرکراوەکانی عێراقی شکستخواردوو و سوریا. ئێمە بە شاهێدی زاناکانی خۆتان سوننەمان لە ناوچەکەدا پاراست و پارێزگاریمان لە پرنسیپەکانی برایەتی و مانەوەی سوننە کرد بە ئازایەتی و بەرخودانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خۆینی ئەوان بووەتە هەوێنی دەوڵەتەکەمان.
2. ئامۆژگاری پێکەوەژیانمان مەکەن، ئێمە پێشەنگین لەم بوارەدا و لە وەزارەتمان زیاتر لە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی هەیە تایبەت بە ئایینەکان و سەرجەم ئایین و ئاینزاکان نوێنەریان تێیدا هەیە، بەڵام خۆ موسڵمانەکانی بەغدا یەکتری قبوڵ ناکەن کە دوو دیوانی تائیفی بە ناوی وەقفی سوننی و شیعی هەیە، ئەو حکومەتە مەزهەبیەی کە دەستخۆشی لە بەیاننامەکەتان کرد و ئه و هۆکاری ئەم لەیەکترازانەیە لەنێوان سوننە و شیعە، چی دەردەسەری نەبێت بەسەر سوننەیان هێناوە.
3. پرسیار دەکەین ئەم گریانە تیمساحییەتان بۆ یەکپارچەیی خاکی عێڕاق چییە کە ئێمەی کورد چەندین ساڵە بەدەست حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراقەوە ستەم و کوشتن و بڕین و دەربەدەری دەناڵێنین، کوا هەڵوێستتان بەرامبەر به و هەموو ستەمە بەرامبەر بە میللەتی کوردی موسڵمان کرا؟
4. پێتان ڕادەگەیەنین کە ئێمە لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور و شەریعەت داوای مافەکانی خۆمان کردووە، بە خوێنی شەهیدانمان ئازادی و دەوڵەتی خۆمان دادەمەزرێنین، کارەساتەکانی ئەنفال کە دەیان هەزار هاوڵاتی بێتاوان، ئه و گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە زانایانی ئەزهەر لە سەردانەکەیان بە چاوی خۆیان بینیان کە حکومەتی بەعس ئەنجامی دابوو، هەروەها بۆردوومانکردنی خەڵکی کوردستان بە چەکی کیمیاوی لەلایەن ڕژێمی سەددامەوە، ئێستاش بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی مەزهەبی بەغداوە، ئەمانە هەمووی وایکرد کە میللەتی کورد ئه و بڕیارە بدات.
5. زۆر بە پەرۆشن لەسەر بەرژەوەندی برایانی سوننە لە عێراق، بەڵام خۆ ئه و کردارە دڕندانەی کە میلیشا شیعەکان دژ بە پێکهاتەی سوننە لە سڕینەوەی ناسنامەیان، کوشتنی زانایانانی ئایینی، داگیرکردن و تەقاندنەوەی مزگەوتەکانیان، دەرکردنی سوننەکان لە زێدی باب و باپیرانی خۆیان و سڕینەوەی ئاسەواریان، پرسیار دەکەین کوا بەیاننامەکانتان لەسەر ئەم کردارە قێزەوەنانە کە زۆر ئەستەمە سوننەیەک بتوانێ لەشوێنی خۆی بە ئارامی پەرستنی خوا بکات؟ ئایا کریستیانێک دەتوانێت بەبێ ترس لە کڵێساکەی خۆیدا عیبادەتەکەی خۆی بکات؟ بەڵام لە کوردستان جیاوازه، هەموو پەرستنێک بە ئاسوودەیی و کارمەرانی ئەنجامدەدرێت.
6. باشە لەپای چی لۆمەی ئێمە دەکەن کە چەند هاونیشتمانییەک ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردووەتەوە کە بۆچوونی سەرکردایەتی کوردستانی لەسەر نییە، کەچی خۆتان ئاڵای ئیسرائیل بەسەر سەری عمامەکانتانەوە دەدرەوشێتەوە و باڵیۆزخانەیان بە ئاشکرا لە وڵاتەکەتان هەیە و حەرامە کەس بە تەنیشتیشی ڕەت بێت، ئێمە چەندین ساڵە ئاڵای فەڵەستینییەکان لە وڵاتەکەمان هەڵدەکەین و لەسەر مینبەری مزگەوتەکانمان بەرگری لە مافەکانیان دەکەین، ئایا ئەمە پاداشتی کردەوەکانمانە؟ دەپرسین بۆ حەڵاڵ بێت بۆ ئێوەی عەرەب زیاتر لە 20 دەوڵەتتان هەبێت، حەرام بێت لە ئێمەی کورد کە ژمارەی دانیشتووانمان لە 40 ملیۆن زیاترە دەوڵەتمان هەبێت؟ چی لە هەگبەی ئێوە کەم دەکاتەوە؟.
7. پێتان ڕادەگەیەنین کە ئەو بەیاننامەیەتان زۆر هەستی هاونیشتمانیانی کوردستانی بەرامبەرتان بە نامۆ کرد.. مزگێنی ئەوەتان دەدەینێ کە گەلی کوردستان دوڵەتی خۆی بە خوێنی شەهیدان دادەمەزرێنێت، دەوڵەتێک بونیاتدەنێین کە بنەماکانی پێکەوەژیان و ئاشتی و یەکتر قبوڵکردن تێیدا ڕەچاو دەکرێت.
خوا هیداتتان بدات بۆ ڕێگەی ڕاست
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
04-10-2017