گەرچی ڕۆژێکی وەک یەکی مەی بە ڕۆژی جیهانی کرێکار ناسراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ئێران بە هۆی شێوازی دەسەڵاتدارێتی و هەروەها ئه و هەموو قەیران و ئاڵۆزییەی کە لە ناخی کۆمەڵگەی ئێراندا پەنگی خواردووەتەوە و ئاستی بژێوی زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران دابەزییوە و لەم نێوەندەشدا چینی کرێکار و زەحمەتکێشی وڵات تووشی نەهامەتی زۆرتر بووەتەوە، بە تایبەت کە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بوواری ئابووریدا ژیانی هاووڵاتیانی بەره و لێواری هەرەس هێنان پاڵ پێوە ناوه و هەر ڕۆژ دەبینین و دەبیستین کە کرێکاران ناچار بوون لە بەر وەرنەگرتنی چەند مانگەی حەق دەستی مانگانەیان یان کەم بوونی حەقدەستی مانگانەکەیان مان بگرن یان ئەوەی کە لە کار وەدەر نراون و بێکار کراون.
دیاردەی بێکاری و وەدەرنانی کرێکاران لە سەر کار لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هۆکاری سەرەکی ئه و دۆخە نالەبارە و هەروەها خاوەنکارەکانەوە بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە سەرەڕای ئەوەی کە نە گەرەنتی گیان و سەلامەتی جەستەیی و ڕۆحیان دەکریت و نە بەرپرسیارێتیش لە سەلامەتی و دەوا و دەرمانی کرێکاران وە ئەستۆی خۆ دەگرن و تەنانەت پێدانی حەقدەستی کەمی مانگانە بە نیوە و ناتەواویش ناتوانێت تیمارکەر و سارێژکەری ئازارەکانیان بێت بەلام ئەوەی کە گرینگە مانگرتنی کرێکاران بەرامبەر به و باردۆخەیە کە توانیویانە بە گژی ئه و شێوە هەڵسووکەتە دا بچنەوە و لە نەبوونی ڕێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی مافی کرێکاران لە ئێراندا توانیویانە ئازایانە و چاونەترسانە پێداگری بکەن لە سەر مافی ڕەوای خۆیان و له و ڕێگەیەش دا خاوەن چەندین قوربانی و زیندانیە کە هەنووکەش لە بەندیخانەکانی حکومەتدا بەرپەرچی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتداران و زۆرەملێی خاوەنکارەکان دەدەنەوە.
گەرچی دۆخی کرێکاران لە ئێراندا بە گشتی نالەبارە بەڵام ئه و ناخۆشی و نالەبارییە بۆ کرێکاری کورد چەندین بەرابەرە و ڕەوشی کۆڵبەرانی کورد لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و لە ئێستاشدا کۆماری ئیسلامی ئێران دەروازە کۆڵبەرییەکانی لە خەڵکی هەژار و کۆڵبەر داخستووە و بەو بۆنەوە لە شارە سنوورییەکان کۆڵبەران و کرێکارانی سنوور مانیان گرتووە و داوای مافی خۆیان دەکەن. نەتەنیا ستەم لە چینی کرێکار جەستە و دەرونی کرێکاری کوردی بریندار کردووە بەڵکو ستەمی نەتەوایەتی و لە پشت گوێ خستنی مافی ڕەوای ئینسانی تاکی کورد له و کۆمەڵگەیە و لە بن دەسەلاتی کۆماری ئیسلامیدا، هەست و نەستی تووشی ئازار و ئەشکەنجە کردووه، ژیانی لێیان تاڵ کردووە بەڵام ئەوە تاکی ئازادیخوازی کورد و کرێکاری کوردە تا کو ئێستە و لە ژێر ئه و گوشارانەدا بەردەوام هەوڵی ڕزگاری و بەردەوامی خەباتی نەپساوەی نەتەوەیی و چین و توێژەکانی خۆی درێژەداوە تایبەت کە هەم نەتەوەی کورد و هەم چینی کرێکاری کورد لە هەردوو سەنگەری نەتەوایەتی و کرێکاریدا خەباتی بەردەوامیان هەبووە و له و ڕێگایەیشدا خاوەن سەدان قوربانی و شەهید و بەندی و بێسەروشوێن کراوە و لێرەوە وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە چینی کرێکاری کورد پیرۆز دەکەین و بەڵێنییان پێدەدەین هاوخەباتیمان و بەردەوام بوونمان لە داکۆکی کردن لە مافە ڕوەاکانی نەتەوەکەمان و چینی کرێکار تا سەرەنجامی گەیشتن بە ئامانج وەک ئەرکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری خۆمانی بزانین.
بە هیوای ئازادی و یەکسانی
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان
10/2/1397ی هەتاوی
#30-04-2018#
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 2,509 times
Write your comment about this item!