دوای ئەوەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی شەوی شەممە 4 ئابی 2018 لە بازاڕی قەیسەری شاری #هەولێر# پایتەخت ڕوویدا، کە ڕووداوەکە بووە هۆکاری زەرەر و زیانێکی ماددی بۆ دووکانەکانی نێو ئەو بازاڕە. دیارە لەنێو هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان قسە و باسی زۆری لێکەوتەوە. بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین بۆ هاووڵاتییانی کوردستان بەگشتی و هەولێر پایتەخت بەتایبەتی چەند خاڵێکی گرنگ هەیە ڕوونیبکەینەوە، بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک ئەو بابەتە بەڕوونی باسی لێوە بکەین و هەریەکەمان ئەرک و مافی یەکدی لەبەرچاو بگرین:
1. ئەو ڕووداوە وەک هەر ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە ڕووداوێکە دەبێ خۆمانی بۆ ئامادەبکەین. دەکرێ بڵێین چاوەڕوانکراویش بوو، بەڵام لێرەدا پێویستە ئەوە بگوترێ ئێمە بەردەوام لەڕێگەی تیمی پشکنینەکانمان سەردانی شوێنە بازرگانییەکان، دووکان، هۆتێل، چێشتخانە و سەرجەم شوێنەکان دەکەین بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە هەبوونی مەرجەکانی بەرگری شارستانی، بەڵام بەداخەوە پەیڕەونەکردن و بەهەندوەرنەگرتنی مەرجەکان دەبێتە هۆکاری ڕووداوی لەو شێوەیە.
2. ڕووداوی بازاڕی قەیسەری لەڕووی کاتەوە زۆری خایاند بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، ئەوەشیان هۆکاری ئەوەیە شوێنەکە زۆر بچووک و دووکانەکان کۆنن. هەروەها زۆری ئەو کەلوپەلانەی لەنێو کۆگای بازاڕەکە دانراون بەشێوەیەکی ناڕێک وایکردبوو ئاگرەکە زیاتر دزە بکات و بڵاو ببێتەوە. هەروەها بەرزی پلەی گەرما ئێستا ئەوەشیان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ئاگرەکە زیاتر کات بخایەنێت.
3. کارمەندانی بەرگری شارستانی پلان و ڕێنمای تایبەتی خۆیان هەیە لەکاتی ڕوودانی هەر ئاگرکەوتنەوەیەک، بەڵام لەو کاتەی خەڵکی ڕێگەنادەن یاخوود قەرەباڵخی دروستدەکەن جا بۆ مەبەستی سەیرکردنی ڕووداوەکە یاخود وێنەگرتن و گواستنەوەی وێنەکان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لەڕێگەی مۆبایلەوە، ئەوەشیان کاریگەری زۆر خراپی بۆ بەڕێوەچوونی کاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دروستکردووە، هەروەها لەبەر تەسکی ڕێگاکانی نێو بازاڕەکە ڕێگری گەورە بوون بۆ زووتر کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکە.
4. ئێمە وەک بەرگری شارستانی ماوەی نزیکەی لە 16 کاژێر بەبێ وەستان سەرجەم تیمەکان خەریکی کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکە بووین، تەنانەت چەندین کارمەندمان تووشی هەناسەتووندی و مەترسی هەبوو لەسەر تەندروستی و ژیانیان، توانیان لەو ماوەیەدا چەندین دووکان و کۆگای گەورەی هاوڵاتیان ڕزگاربکەن، بۆیە ئێمە لێرەوە ڕایدەگەینن ئەگەر ئەو هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی کارمەندانی بەرگری شارستانی نەبووایە کارەساتەکە بەشێوەیەک دەبوو زیانەکانی چەندین قات دەبوو، تەنانەت مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانیش دروستدەکرد.
5. ئێمە لەڕووی لۆجستیک و کەلوپەلەوە توانایەکی باشمان هەیە، بەڵام لە ئاستی ئەو ڕووداوە گەورانە و هەروەها لەو پێشکەوتنە زۆرەی ئێستا هەیە بۆ بەرگری شارستانی لە هەموو دونیا، ڕەنگە ئێمە لەو ڕووەوە پێویستی زیاترمان بە کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوە هەبێت.
6. سەرجەم تیمەکانمان لەکات و ساتی خۆیاندا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بە هیچ شێوەیەک لە ئەستۆی بەرگری شارستانی نییە ڕووداوەکە بەو شێوەی لێهاتووە، چونکە ئەو کۆگا و دووکانانە لەهیچ ڕوویێکەوە مەرجەکانی بەرگری شارستانیان تێدا نییە. لەکاتی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکەش خاوەنەکانیان پەنجەی تۆمەت و هۆکاری زیانەکان دەخەنە ئەستۆی تیمەکانی ئێمە، بۆیە ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین هەر کەسێک بەو شێوەیە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئارەزووی خۆی کارمەندانی بەرگری شارستانی بەکەمتەرخەم لەقەڵەمبدات، ئێمەش ناچارین ڕووبەڕووی یاسای بکەینەوە.
7. جارێکی دیکە بۆ هەموو لایەک دووپاتی دەکەینەوە ئەگەر بێت و مەرجەکانی بەرگری شارستانی پەیڕەو نەکەن خوانەخواستە ئەو جۆرە ڕووداوانە ئەگەری دووبارە بوونەوەیان دەبێت، کە ڕەنگە زیانەکانیشی زیاتر و زۆرتر بن.
8. هەموو کارمەندانی بەرگری شارستانی وەک #پێشمەرگە#ی ناو ئاگر و لافاو بوومەلەرزە شانازی بە ئەرکی خۆیان دەکەن و هەمیشە بەوپەڕی هێز و توانایان ڕووبەڕووی هەموو ئەو ڕووداوانە دەبنەوە کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن، بۆیە هیوادارین خەڵک بە ویژدانەوە بڕیار بدەن.
#07-08-2018#