سەردار و کاوە لەگەڵ ماڵی مامیان بە شەڕ هاتن. مامیان و دوو لە کوڕەکانی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەوان و هەردووکیان کوشتن. لەپاش ڕووداوەکە، مامیان و یەکێک لە کوڕەکانی هەڵاتن، کوڕێکی دیکەشی دەستگیر کرا.
شەوی 30/8/2018 دوو برا بەناوەکانی سەردار حەسەن تەمەن 40 ساڵ و کاوە حەسەن تەمەن 35 ساڵ کە هەردووکیان خێزاندار بوون و دانیشتووی گوندی ئێک مالەی سەر بە شارەدێی ڕۆڤیای شارۆچکەی بەردەڕەش بوون، لەلایەن مامێکیان و دوو ئامۆزایانەوە کوژران.
پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و یەکێک لە تۆمەتبارانی دەستگیر کردووە. عەمید زەکی کۆچەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەڕەش بە (رووداو)ی گوت: شەڕەکە لەنێوان دوو برازا و مامیان و دوو ئامۆزایان بووە، دوو براکە کوژراون، مام و ئامۆزایەکیان هەڵاتوون و ئامۆزایەکیشیان دەستگیرکراوە. سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، عەمید زەکی گوتی: لەسەر تەپوتۆزی ئۆتۆمبێل بووە.
حەسەن ئیبراهیم کە باوکی هەردووکیانە، خەمەکەی زۆر گەورەیە، دوو کوڕی خێزانداری بە جارێک لەدەست داوە، هێشتا باوەڕ بەوە ناکات کە کوڕەکانی لەلایەن کەسی زۆر نزیکی خۆیەوە کوژراون.
حاجی حەسەن بە گریانەوە باسی هۆکاری کوژرانی کوڕەکانی بۆ (رووداو) کرد و گوتی لەگەڵ کوڕەکانم بەیەکەوە لەسەر شینایی بووین، ئیشەکانمان تەواو بوو، سەردار و کاوە چوونەوە ماڵەوە، هاوڕێیەکم پەیوەندی پێوەکردم گوتی هەندێک پێداویستی کێڵگەم بۆ هێناون یەکێک لە کوڕەکانت بنێرە.
حاجی حەسەن پەیوەندی بە کوڕە 15 ساڵانەکەیەوە دەکات و دەڵێت بڕۆ پێداویستییەکان وەربگرە. ئەو دەڵێت: دوای ئەوەی کوڕەکەم چوو بۆ وەرگرتنی پێداویستییەکان، لە ڕێگا (ز)ی مامیان بە بیانووی ئەوەی تەپوتۆزی کردووە، ئۆتۆمبێلەکەی ڕاگرتووە و لێیداوە، پێیگوتووە تۆ بەئەنقەست تەپوتۆزت کردووە.
کوڕە 15 ساڵانەکەی حاجی حەسەن تەلەفۆن بۆ دوو براکەی دەکات و دەڵێت فریام بکەون مامم زۆری لێداوم، سەرم شکاوە، قاچم ئازاری هەیە. ئەوانیش بە هاوارییەوە دەچن.
حاجی حەسەن دەڵێت: کاوە و سەردار بە فریای براکەیان چووبوون، لەوێ لەگەڵ مام و ئامۆزاکانیان کردبوویان بە دەمەقاڵێ، براکەم لەگەڵ دوو کوڕەکەی هێرشیان کردبووە سەر سەردار و کاوە، سەریان شکاندبوون، بەڵام سەردار گوتبووی تۆ مامی ئێمەیت و ڕێزت دەگرم، گەڕابوونەوە ماڵەوە.
حاجی حەسەن لە مزگەوت بووە کە هەواڵی کوژرانی دوو کوڕەکەی پێدراوە، ئەو قەت لەو باوەڕەدا نەبووە، براکەی کێشەیەکی وا بەو جۆرە گەورە بکات و بە چەک پەلاماری ماڵەکەی بدات.
حاجی حەسەن گوتی: کە هەواڵەکەم بیست، خۆم گەیاندەوە ماڵەوە و بینیم هەردوو کوڕەکەم لەنێو خوێندا کەوتوون.
ئەو دەڵێت کە کارەساتەکە ئەوەیە کوڕەکانی بەدەستی نزیکترین کەسی خۆی کە برا و برازای ئەون، کوژراون نازانم چۆن دەستیان چووە خوێنی کوڕەکانم؟.
حاجی حەسەن ڕەتیکردەوە کە ئەو هیچ کێشەیەکی لەگەڵ براکەی هەبووبێ، بەڵام دەڵێت: براکەم لەخۆیەوە ڕقی لە ئێمە دەبووەوە، چەندینجار بەبێ هۆ شەڕی پێفرۆشتووین. دوو مانگ لەمەوبەر لەسەر شینایی بووم، لەسەر شتێکی بچووک هێرشی کردە سەرم و قۆڵی شکاندم، بەڵام لەبەر ئەوەی برا بچووکم بوو، دڵم نەهات سکاڵای لەسەر تۆمار بکەم.
کەسێکی نزیک لە هەردوو خێزانەکە کە نەیویست (رووداو) ناوی بڵاو بکاتەوە، گوتی: من لە نزیکەوە هەردوولا دەناسم، (ز) و کوڕەکانی چەندینجار شەڕیان بە ماڵی حەسەن فرۆشتووە. ڕۆژی ڕووداوەکە من لەبەر دەرگا بووم (ز) و کوڕەکانی بە ئۆتۆمبێلێک هاتن و هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەوان. دوای ئەوەی دەنگی تەقەیەکی زۆر هات، (ز) و یەکێک لە کوڕەکانی سواری ئۆتۆمبێل بوون و هەڵاتن، بەڵام یەکێکیان لەوێ بەجێما.
حاجی حەسەن دەڵێت ئەو بە هیچ شێوەیەک لە براکەی خۆشنابێ، چونکە جەرگی سووتاندووە.[1]
#10-09-2018#