وەزارەتی کشتوکاڵ توێژینەوە لەسەر 46 جۆری نۆک دەکات و دواتر پێنج جۆریان پەسەند دەکات، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و جووتیاران دەڵێن ئەو پێنج جۆرە نۆکەی پەسەندیان کردووە، بەرهەمەکەی دوو هێندەی نۆکی خۆماڵییە، بەو هۆیەوە بەرهەمی نۆک بە ڕێژەی 26% زیادی کردووە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی فیوزاریۆم و ئەسکۆکایتا لە کوردستان کە بڕشتی نۆک کەم دەکەنەوە، زۆربەی جووتیاران دەستبەرداری چاندنی بوون، بەو هۆیەشەوە بەرهەمی نۆک زۆر دابەزی، بەڵام ئێستا خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێگەی ڕێکخراوی ICARDA کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆ بەرهەمهێنانی تۆوی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان، توانی جارێکی دیکە ئەم بەرهەمە لە نێو جووتیاراندا خۆشەویست بکاتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی 46 تەرزی تازەی نۆکی لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراوەوە بەدەستهێنا، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی #هەولێر# و #سلێمانی# توێژینەوەی لەسەر کرد، دەرکەوت 5 تەرز لە نۆکەکان لەگەڵ کەشوهەوای کوردستان دەگونجێن و بڕشتیان دوو بەرامبەر بەرهەمی نۆکی خۆماڵییە و بەرگریشیان بۆ نەخۆشییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە. دوو لەو تەرزانەی پەسەندکراون، چاندنیان لە دەشتی هەریر گونجاوە. سێ تەرزەکەی دیکەش لە دەشی #شارەزوور#.
مەقسود خالید، بەرێوەبەڕی کشتوکاڵی هەولێر، بە (رووداو)ی گوت: دوای ئەوەی ڕێکخراوی ئیکاردا پرۆژەیەکی بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان ڕاگەیاند، داوای سێتێک تەرزی نۆکمان کرد کە پێکهاتبوو لە 46 تەرز، دوو تەرزیان گونجاون لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر، باشترین شوێنیش بۆ چاندنیان، ناوچەی هەریرە، بۆیە ناومان لە دوو تەرزەکە نا، هەریر یەک و هەریر دوو.
تایبەتمەندی نۆکەکانی ڕێکخراوی ئیکاردا لەوەدایە بەرگرییان بۆ هەردوو نەخۆشی فیوزاریۆم و ئەسکۆکایتا زۆر باشە و بەرهەمیشیان دوو بەرامبەر بەرهەمی ناوخۆییە، دەتوانرێت لە وەرزی زستان لەگەڵ گەنم بچێنرێت، دواتریش بە بەهۆی بەرزیی باڵاکەی بە دەڕاسە دروێنە بکرێت، کە ئەمەش تێچووی بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە.
سێ ساڵ لەمەوبەر 100 کیلۆ بنەتۆ لەو دوو جۆرە نۆکە لە ڕێگەی بنکەی کشتوکاڵ هەریر درایە 20 جووتیار، بەو هۆیەوە ئێستا ئەو جۆرە نۆکە لە نێو جووتیارانی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە.
نۆکی خۆماڵی لە دۆنمێک نزیکەی 250 تاوەکو 300 کیلۆ بەرهەمی هەیە، بەڵام ئەم تەرزە تازانە لە دۆنمێک نزیکەی 700 کیلۆ بەرهەمی هەیە.
ئەو تەرزە نوێیانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر و سلێمانی پەسندکراون بۆ چاندن، خاک و کەشوهەوا ڕۆڵی زۆر دەبینێ لە زیادبوونی بەرهەم. ئەو ناوچانەی نۆکەکەی لێدەچێنرێ دەبێ ساڵانە 300 ملیمەتر بارانی لێ ببارێ.
بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی، دوو لە سێ تەرزە تازەکەی نۆکی بۆ چاندن لە بەغدا پەسەند کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە هێشتا نەیانتوانیوە تەرزی سێیەم لەبەغدا پەسەند بکەن، بۆیە تائێستا لەلایەن جووتیارانەوە نەچێنراوە.
زانا محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: ئەم دوو تەرزەی پەسەندمان کردوون، تەرزێکمان ناونا هەزارمێرد، تەرزەکەی دیکەشمان ناونا بەرانان، توانیمان بە پلان بەسەر جووتیاراندا بڵاوی بکەینەوە، یەکەمجار بنەتۆمان دایە چوار جووتیار لە شارەزوور، بەکرەجۆ، بازیان و سەنگاو، داوامان لێکردن ساڵی داهاتوو بەشێک لە بەرهەمەکەیمان وەک بنەتۆ بۆ بگەڕێننەوە، چەند ساڵێک ئەم کردارەمان دووبارە کردەوە، تا گەیشتە ئەو قۆناغەی بتوانین بەبڕی زیاتر لە ناوچەی جیاواز بەسەر جووتیاراندا دابەشی بکەین.
زانا محەممەد ئاماژەی بەوەدا بەگشتی بەرهەمی تەرزە نوێیەکان باشە، بەڵام لە ناوچەی شارەزوور لە هەموو شوێنەکانی دیکە باشترە لە دۆنمێک نزیکەی 700 کیلۆ تاوەکو یەک تۆن بەرهەمی هەبووە، ئەمەش وایکردووە جارێکی دیکە جووتیاران ڕوو لە چاندنی نۆک بکەنەوە.
شێخ جەمالی کربچنە، جووتیارێکی نمونەیی پارێزگای سلێمانییە، سێ ساڵ لەمەوبەر چاندنی نۆکی جۆری هەزار مێردی تاقیکردووەتەوە. شێخ جەمال دەڵێت :ماوەی سێ ساڵە نۆکی هەزار مێرد بەبڕی جیاواز دەچێنم، ساڵی ڕابردوو 17 کیلۆم چاند، زیاتر لە تۆنێک بەرهەمم هەبوو، بەشێکم بۆ چاندن بە جووتیاران فرۆشتەوە، نزیکەی 58 کیلۆشم بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی گەڕاندەوە، ئێستاش بنەتۆی نزیکەی 30 دۆنم ئامادەیە بەمنزیکانە دەیچێنم.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 58 هەزار و 950 تۆن نۆک هەیە، ئەگەر هەر تاکێک ساڵانە 10 کیلۆگرام نۆک بخوات. ئەمە لەکاتێکدایە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ لە ساڵی ڕابردوودا 9.523 تۆن بووە کە دەکاتە نزیکەی 16%ی پێویستی ناوخۆ، بەو پێیەش ساڵانە بازرگانان 50 هەزار تۆن نۆک هاوردە دەکەن.
زانا محەممەد دەڵێت: نۆک لە هەموو وڵاتێک بەرهەم نایەت، خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی خاک و هەواکەی زۆر گونجاوە بۆ چاندنی نۆک، بۆیە ئەگەر بە شێوەیەکی هاوچەرخ بچێندرێ و بەرهەمەکەی بگاتە ئاستێک کە بتوانرێت هەناردە بکرێ، کۆمپانیاکان مەمنوونیش دەبن گرێبەستی پێشوەختەت لەگەڵ بکەن بۆ کڕینەوەی.
$تایبەتمەندی تەزرە نوێیەکانی نۆک:$
- بەرگەی نەخۆشییەکانی فیوزاریۆم و ئەسکۆکایتا دەگرێ
- بەرهەمەکەی دوو هێندەی نۆکی خۆماڵییە
- لەگەڵ گەنم و جۆدا دەچێنرێ
- باڵای بەرزە و بە دڕاسە دروێنە دەکرێ
- تێچووی بەرهەمهێنانی کەمە[1]
#03-12-2018#