دانانی چەند مەرجێک بۆ فرەژنی نەبووە ڕێگر لە بەردەم پیاوان لە هەرێمی کوردستان بۆ هێنانی زیاتر لە ژنێک. بەپێی ئامارەکان لە نۆ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 27 هەزار کەس ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمیان لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان مارە کردووە و دواتر گرێبەستی مارەبڕینەکەیان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان پەسەند کردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پلان و ئامار لە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی #01-01-2009# تاوەکوو 30/3/2017، واتە لە ماوەی 9 ساڵدا، لە شارەکانی #هەولێر#، #سلێمانی# و #دهۆک# 364 هەزار گرێبەستی مارەبڕین تۆمارکراون کە 843 گرێبەستیان بەشێوەی یاسایی ژنی دووەم و سێیەمیان هێناوە. هەر لەو 9 ساڵەدا، 26 هەزار و 421 کەس لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ژنی دووەم و سێیەمیان مارە بڕیوە و لە دادگاکانی کوردستان پەسەندیان کردووە. بەو پێیەش لە هەر 100 گرێبەستی هاوسەرگیری، حەوتیان بۆ ژنی دووەم و سێیەم بووە.
زۆرترین مارەبڕین لە هەولێر تۆمارکراوە کە 149 هەزار و 646 گرێبەست بووە، کەمترین هاوسەرگیریش لە دهۆک بووە کە 96 هەزار و 185 گرێبەست بووە. بەپێی یاسای بەرکار لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ڕێپێدان بە ژنهێنانی دووەم، هەولێر بە 380 گرێبەست زۆرترینی بەرکەوتووە و دهۆک بە 122 گرێبەست کەمترینە.
دیسان هەولێر بە 12 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری لە ڕیزی پێشەوەی پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا بووە و سلێمانیش کەمترین ڕێژەی تۆمار کردووە کە 7 هەزار و 235 گرێبەست بووە. بەڵام زۆرترین حاڵەتی تەڵاق و لێکجیابوونەوەش لە سلێمانی بووە کە 23 هەزار حاڵەت بووە و کەمترینیش لە دهۆک بووە کە 8 هەزار و 435 حاڵەت بووە.
د. ڤالا فەرید، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە خولی ڕابردووی پەڕڵەمانی کوردستان و پەڕڵەمانتاری خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردسان لە لیستی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لەبارەی ژنهێنانی دووەم و سێیەم و مارەبڕینیان لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەر یاسایەک کە لە پەڕڵەمانی کوردستان دەردەچێت لەلایەن دادگاکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت. هەمواری یاسای باری کەسیش لەلایەن پەڕڵەمانی کوردستان ڕۆڵی خۆی بینیوە لە کەمکردنەوەی فرەژنی.
د.ڤالا فەرید دەڵێت هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی وەکوو ئێراقدایە، بەڵام بۆ مەسەلەی باری کەسی، هەرێمی کوردستان زۆر لە ئێراق لەپێشترە ئێراق بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و بووەتە وڵاتێکی مەزهەبی و لە بواری باری کەسێتیش پاشەکشەی زۆری کردووە.
مەرجەکانی فرەژنی
بەپێی یاسای باری کەسیی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی ئێراق کە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی لەلایەن پەڕڵەمانی کوردستان لە ساڵی 2008 هەموار کراوە، مەرجەکانی ڕێگەدان بە هێنانی زیاتر لە ژنێک بریتین لە:
-لە بەردەم دادگا ڕەزامەندی هاوسەری یەکەم وەربگیرێت.
-تووشبوونی ژنەکە بە نەخۆشییەکی درێژخایەنی سەلمێندراو کە ڕێگە لەسەرجێیی ژن و مێرد بگرێت و ئومێدی چاکبوونەوەی نەبێت، یان ژنەکە نەزۆک بێت.
-توانای دارایی پیاوەکە بەشی بەڕێوەبردنی پتر لە ژنێک بکات.
-پڕکردنەوەی بەڵێننامەی دادپەوەری و یەکسانی لەنێوان هاوژینەکاندا.
-نابێت ژنی یەکەم ئەو مەرجەی لە گرێبەستی هاوژینی دانابێت کە هەوێی بەسەر نەیەت.
-پابەندنەبوون بەو خاڵانەی سەرەوە، سزاکەی شەش مانگ بۆ ساڵێک بەندکردنە، لەگەڵ غەرامەیەک بە بڕی 10 ملیۆن دینار.[1]
#11-12-2018#