بەرهەم لەتیف
گەلی باشوری کوردستان لەنێوان بەڵێ و نەخێر-ی ڕیفراندۆمدا، خراوەتە نێوان دوو بەرداشەوە، هیچ کات ڕەوا نییە گەل بخرێتە بەردەم پرۆسەیەکەوە کە هەڵسوڕێنەرانیشی باوەڕیان بە ئەنجامەکەی نەبێت.
خۆی لەخۆیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەناو گەلێکی دابەشکرا و چەوساوەی وەک گەلی کورد، ئەوپەڕی سنورەکانی ئەخلاقی تێپەڕاندووە، شەرم نییە بێیت و ڕیفراندۆم لەناو گەلی کورد-دا بکەیت و لەسەر کارتی دەنگدانەکە بنوسی ' دەتەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت '، ئیختیارەکانیش یان 'بەڵێ' یان 'نەخێر' بێت، هەڵبەتە باوەڕی من وایە هیچ کوردێک نییە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نەبێت.
لەبری ئەوەی دەسەڵاتداران و بەرپرسە نابەرپرسەکانی ئەم هەرێمیە بێن و گەل بخەنە پێش پرۆسەیەکی شەرمنانەی بەم شێوەیەوە، باشترە سەرەتا گەل لێپرسینەوە لە هەڵسوڕێنەرانی ڕیفراندۆم بکات و پێیان بڵێن، ئەی ئێوە چیتان کردووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟
بۆچی لەمکاتەدا ڕیفراندۆم؟
کوتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو بوو، لەماوەیەکی کەمدا پرۆسەی ڕیفراندۆم کرایە ڕۆژەڤ لە هەرێمی کوردستان، هەڵبەت ئەمەش هەروا لەخۆڕا نەبوو، پلانەکانی (ئاکەپە- ئەردۆگان، سعودیە، قەتەر و پارتی)، بە هێنانی چەتەکانی #داعش# بۆسەر گەلی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، و هێرشەکانی سەر گەلی کورد لەباکوری کوردستان بەدەستی ڕژێمی ئاکەپە-ئەردۆگان، بە بەرخۆدانی گەل شکستی هێنا، بەهەدەردانی نەوت و دروستکردنی چەندین قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵاتی و لەباشوری کوردستان، وایکرد پلانگێڕان بەدوای پرۆژەیەکەدا بگەڕێن، ڕیفراندۆمیش ئەو پرۆژەیە بوو، کە دەوڵەتی تورک لەلایەن پارت و بارزانیی و هەندێک (چڵکاو خۆری) ترەوە پێشی خست، لەم ڕێگەیەوە هەم هەژموونی خۆی لەسەر باشوری کوردستان دەسەلمێنێت، هەمیش بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە لەبەرامبەر ئەو قەیران و گێژاوانەی کە بەسەر گەلی باشوری کوردستانیاندا هێنا.
سەرکەوتنی ڕیفراندۆم هەم بە بەڵێ و هەمیش بە نەخێر، مەترسی زۆر بەدوا خۆیدا دێنێت، زۆربەی مەترسییەکان ئاشکران و ڕۆژانەش بەشێوەیەکی فراوان باسی لێ دەکرێت، لێرەدا باشترە بڵێین، کەی لە بەرژەوەندی گەلدایە چارەنوسییان بە پرۆسەیەکی ناشەرعی و شکستخواردوو بدەیتە دەست ڕوداوەکانی ڕۆژ.
بەقەناعەتی من ئەم پرۆسەیە ئاراستەکردنی گەلە بۆناو دوو بژاردە کە هەردووکیان دەسەڵات خۆی کردوویەتی بە ڕۆژەڤ، ڕێگەی گەل لە چارەسەری و دەربازبوون لە قەیرانەکان ون دەکات، بەرتەسک کردنەوەی لێگەڕینی گەلە بۆ چارەسەریی بنەرەتی قەیرانەکان، بۆئەمەش گەل پێویستە گەلی باشور پێویستە بەئیرادەی خۆیەوە بریار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، نەک دەسەلڵات ئەزموونێکی بۆ دووبارە بکاتەوە کە پێشتر بەهیچ شیوەیەک ئەنجامگیر نەبووە، هەڵبەت زۆر لەوە دڵنیام پارتی هەرچی لەدەست بێت دەیکات بۆ ئەوەی دەنگی بەڵێ سەربخات و سەریشی دەخات بە تەزویرات، بۆیە دەنگدانیش بە نەخێر، دیسان دەکەوێتە خزمەت پرۆسەکەوە و دەرفەتی تەزویرات و زیاتر دەکات و تا ڕێژەی دەنگدان زیاتر بێت، پرۆسەکەی ئاکەپە-پارتی سەرکەوتوانەتر مامەڵەی پێوە دەکرێت، بۆیە باشترە هەر ئەو پرۆسەیە بایکۆت بکرێت، چوونکە نە سەرکەوتنی بەڵی بۆ دروستکردنی دەوڵەت و سەربەخۆییە، نە نەخێریش لە مەترسییەکان دورمان دەخاتەوە[1].
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 2,445 times
Write your comment about this item!