ڕۆژی 31-12-2019 کە کۆتا ڕۆژی ساڵی 2019یە، فیلمی سینەمایی 'لە پێناو ئازادیی دا'، کە گێڕانەوەی بەرخۆدانی 100 ڕۆژەی سووری #ئامەد# لە باکووری کوردستانە، لە سینەما سالم لە شاری #سلێمانی# لە دوو کاتی جیاواز کاتژمێر (06:00 و 09:00)ی ئێوارە نمایش بکرێت.
فیلمی لە پێناو ئازادی، کە بە شێوەزاری کرمانجی ژوورووە و ژێرنووسی #سۆران#ی بۆکراوە، لە دەرهێنانی دەرهێنەر ئەرسین چەلیک-ە، باس لە تێکۆشان و بەرخۆدانی 100 ڕۆژەی گەلی کورد لە شارۆچکەی سووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەکات، کە لە ساڵی 2015 بۆ 2016 گەل، ڕووبەرووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بوونەوە.
فیلمەکە لە کەسایەتی و ڕووداوی ڕاستەقینەی ئەو تێکۆشانە وەرگیراوە و خۆی دەسپێرێتە چیرۆکە ڕاستەقینەکانی ناو سووری ئامەد، کە چیرۆکی بەرخۆدانی کۆمەڵیک گەنج دەگێڕێتەوە کە لە دژی سوپایەک کۆڵانەکەی خۆیان دەپارێزن.
ئەم فیلمە سینەماییە لە ڕۆڵی گیانبەختکردووان و گێڕانەوەی ڕزگاربووانی ڕووداوەکە وەرگیراوە و ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ دەبنین تێیدا، کەسانی هەرێمی و خەڵکی ئاسایین کە هیچ کاری نواندنیان نەکردووە، هەروەها لە شاری کوبانێی ڕۆژئاوای کوردستان و لە کاتی شەڕی سەختی ڕەقە و لە چەند شوێنێکی دیکەی ڕۆژئاوا بەرهەم هاتووە کە نزیکەی سێ ساڵی خایاندووە.
ناوەرۆکی فیلمەکە باسی بەرخۆدان، خۆڕاگری، هەبوونی کورد و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی ئەوکاتە، کە لە میدیاکانی جیهان کەس باسی سووری ئامەد و ئەو تێکۆشانە و زوڵمی دەوڵەتی تورکیان نەکرد، فیلمەکە دەیەوێت ئەو تێکۆشان و قارەمانیەتییە بە دونیا بگەیەنێت.
فیلمی سینەمایی لە پێناو ئازادی، لە مانگی 11 لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هند بۆ جاری یەکەم نمایش کرا، بڕیاریشە کۆتایی ئەم مانگەش لە شاری سلێمانی لە سینەما سالم لە کاتژمێر 06:00و 09:00ی ئێوارە نیشان بدرێت، هەروەها بریارە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆتێردامی وڵاتی هۆڵەنداش نمایش بکرێت.[1]