زانستخوازان و ئەکادیمیان
مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ
لەساڵڕۆژی دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی #سلێمانی#دا پیرۆزبایی و چەپکە گوڵی زانست پێشکەش بە خەمخۆران و هەڵگرانی ئاڵای زانست و خوێندن و پەروەردە دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا
هەموو هەوڵێک دەدەین کە خوێندنی ئەمساڵی کۆلێج و پەیمانگاکان نەفەوتێت.
47 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1973 بە دامەزراندنی یەکەمین پەیمانگا لە کوردستان، پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی (پەیمانگای دایک) بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەرەپێدانی زانست و خوێندن و پلانی ئایندە و هەوڵی بەردەوام لەپێناو باشترین ڕێگاکانی گەیاندنی زانست و فەرهەنگ و زانیاری، ئەرکی سەرەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بووە، زانکۆ خۆی لەدەستەبەرکردنی پێویستییە فێرکاری و ڕۆشنبیری و تەکنیکییەکان دەبینێتەوە بەئاڕاستەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرۆسەکانی خوێندن و توێژینەوەی زانستی بۆ هاریکاریکردن لەگەڵ سەرجەم ناوەندە زانستی و تەکنیکییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، لەگەڵ سوود وەرگرتن له و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ زیاتر لە 80 زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامیداون، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 2012ەوە لە دەستەی تەکنیکییەوە بەرفراوانبووە و گۆڕاوە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و لەئێستادا خاوەنی 5 کۆلێج و 8 پەیمانگای تەکنیکی و سەنتەرەکانی (نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی، توێژینەوەی زانستی، گەشەپێدانی کار (CDC)، یەکسانی جێندەر)یە، وە لە ڕانکینی نیشتمانی زانکۆکاندا زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی گەورەی بڕیوە و لە ئاستێکی زۆر باش و دڵخۆشکەردایە بەشێوەیەک لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە پلەی هەشتەمدایە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی (22)یەمین و لەسەر ئاستی جیهانیش پێش (12) هەزار زانکۆ کەوتووە، وەک خوێندنی تەکنیکیش لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەکەمدایە.
ئەم دەستکەوتانەش بە هەوڵ و کۆششی مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژەران و خوێندکارانی زانکۆ بووە، کە لەئێستادا زانکۆمان خاوەنی زیاتر لە (13250) خوێندکار و ستافێکی ئەکادیمیی گەورەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیاتر لە (600) مامۆستا کە 120یان هەڵگری نازناوی دکتۆران و نزیکەی 500یان ماستەر لەگەڵ (60) پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر، ئێمەش لەپێناو پێشخستنی بواری خوێندن و توێژینەوەی زانستی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی و گەشتن بە ئاستی زانکۆ جیهانییەکان هەنگاوی زیاتر دەنێین.
لەم یادە پرشنگدارەدا، ڕایدەگەیەنین بە هاوکاری و پشتیوانی #وەزارەتی خوێندنی باڵا# ئه و ئەرکانە جێبەجێ دەکەین کە وەک ناوەندێکی زانستی و تەکنیکی لە بوارە جیاوازەکاندا لەئەستۆماندایە، وەک یەکەمین زانکۆش لە هەوڵی ئەوەداین بەشێوازی ئۆنلاین درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەین لە ئەگەری زیاتر درێژکردنەوەی پشووی فەرمیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەپێناو خۆپارێزی و تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەئێستادا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان دەوامکردن ڕاگیراوە و ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارەش زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە ئاسایی نەبێتەوە بژاردەی خوێندنی ئەلیکترۆنی جێبەجێدەکەن و بەوهۆیەشەوە زانکۆ ناتوانێت وەکو ساڵی ڕابردوو چەندین چالاکیی زانستی و جۆراوجۆر لە ڕۆژی دامەزراندیدا ئەنجام بدات.
لەئێستاشدا هەموو هەوڵێک بۆئەوەیە خوێندنی ئەمساڵی کۆلێج و پەیمانگاکانمان نەفەوتێت، چونکە نزیکبوونەتەوە لەکۆتایی خوێندن، بۆیە ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەین، بەجۆرێک مامۆستاکە وانەکانی بەشێوەی ڤیدیۆ ئامادە دەکات و لەسەر وێبسایتی زانکۆ یان یوتیوب بڵاویدەکاتەوە، بۆئەوەی خوێندکاران بیبینن، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئه و وانەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان مامۆستا و خوێندکار لەڕێگەی ئیمەیڵ یان هەر ڕیگەی دیکە دەبێت، بۆئەوەی هەر پرسیارێک هەبێت مامۆستا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی ڕێگەی زانست و ڕووناکردنەوەی بیری ڕۆشنبیری، سوپاس بۆ سەرجەم ئه و کەس و لایەنانەی پشتیوانی زانکۆ بوون وە زۆر سوپاس بۆ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس وهاتوچۆ و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو ئه و کەسانەی لە تاقیگەکان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان کاردەکەن، ئومێدەوارین ئەم دۆخە بەزوویی کۆتایی پێبێت و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمەکەمان دەستپێبکاتەوە و سەرجەم هاوڵاتیانمان سەلامەت و پارێزراوبن.
پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
#04-04-2020#