بسم الله الرحمن الرحیم
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَجِيبُوا لِلَّهِ ۆلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاکُمْ لِمَا يُحْيِيکُمْ) الانفال-24-
بەڕێزان خەڵکی هەرێمی کوردستان!
السلام عليکم ورحمة الله
سەرەتا لەخوای میهرەبان و شیفاهێن داواکارم هەموولایەکتان لەوپەتای کۆڕۆنایە بپارێزی و ئەوانەشتان کە گیرۆدەی بوون شیفای خێرای خێرتان بۆ بنێرێ.
بە پێویستم زانی لەم بارودۆخە قەیراناویی و کۆرۆناوییەی هەرێمی کوردستاندا، لە پێنج تەوەرداو لەژێر ناو و نیشانی سەرەوەدا، ئەوەی بە ڕاست و پێویستی دەزانم بیخەمەڕوو:
1- هەموو لایەک لە بەرانبەر هەرێمی کوردستاندا بەرپرسیارین.
2- واقیعی سەخت و دژواری ئێستامان.
3- هۆکارەکانی دروستبوونی ئه و واقیعە سەخت و دژوارە.
4- چۆن ئەم واقیعە دەگۆڕرێ و، دەتوانین کێشه و قەیرانەکان چارەسەر بکەین؟
5- لە کۆتاییدا.
1- هەموو لایەک لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دابەرپرسیارین:
بەرپرسیارییەتی هەموو لایەک لە بەرانبەر وڵاتەکەمانداو مشوورخواردنمان لە کۆمەڵگاو خەڵکی هەرێمی کوردستان و، هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشه و قەیرانەکان، شتێکی ڕوونە، بۆ ئێمەی مسوڵمان کە پێغەمبەری خوا صلی لله علیە وسلم پێی فەرمووین: (کُلُّکُمْ ڕَاعٍ، ۆکُلُّکُمْ مَسْئُولٌ عَنْ ڕَعِيَّتِهِ) البخاري: 2409، ومسلم: 1829، واتە: هەرکامێکتان چاودێره و بەرپرسیارە بەرانبەر بە کۆمەڵگایەکەی.
هەربۆیەش بەندە لە ڕابردووشدا بە هەر شێوازێکی ڕەخساو، هەوڵمداوە ئەرکی سەرشانم لەوبارەوە جێبەجێ بکەم، بۆ وێنە:
1- لە گەرمەی هەڵبژاردنەکانی: (1992)زدا بۆ پەرلەمانی کوردستان، کتێبێکم نووسی بە ناو و نیشانی: (چارەسەری کێشەی کورد لە نێوان ئیمان و پەرلەماندا)و جەختم لەسەر ئەوە کردبۆوە کە کێشەی کورد تەنیا بە هەڵبژاردنی پەرلەمانێک و، پاشان پێکهینانی حکوومەتێک، چارەسەر نابێ و، پێویستیمان بەپاکسازیی و چاکسازییەکی گشتگیرو ڕیشەیی هەیە لە هەموو بوارەکاندا.
2- لە ساڵی: (2008)زدا کتێبێکم نووسی بە ناو و نیشانی: (واقیعی هەرێمی کوردستان: دیدێکی ئیسلامییانە).
3- لە ساڵی: (2016)زدا کتێبیکی دیکەی فراوانترم نووسی بە ناو و نیشانی: (ڕوانینێکی ئیسلامییانە بۆ واقیعی ئیستامان: گرفت و چارەسەر).
4- لە ساڵی: (2018)زدا کتێبێکی دیکەی فراوانترم چاپ و بڵاوکردەوە بە ناو و نیشانی: (قوڕئان و پاکسازیی و چاکسازیی لە هەرێمی کوردستاندا).
ئێستاش کە جارێکی دیکە لە بارەی هەرێمی کوردستان و کێشه و قەیرانەکانیو، چۆنیەتی چارەسەرکردنیان و لێ دەربازبوونیانەوە دەدوێم، بە پێویستی دەزانم وەک دەستپێک، چەند بەرچاو ڕوونییەک بخەمەڕوو:
یەکەم:
هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە ئێستا لەڕووی پانتایی جوگڕافیی و لەڕووی هێزو پێزیشەوە، زۆریان بچووک و نابووت کردوە، بەری ڕەنج و خەباتی لەمێژینەی خەڵکی کوردستانەو، پاراستنی ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە، بگرە لەسەرمان پێویستە لە هەموو ڕووێکەوە بەهێزو پێزی بکەین و گەشەشی پێبدەین.
دووەم:
هەوڵدەدەم هەرچی دەیڵێم ڕاست و بەڵگەداربێ و، قسەی سۆزدارانه و بێ بەڵگە نەبێت، چونکە مسوڵمان جگە لە حەق گوتنی شایستە نیە، خوای دادگەریش فەرموویەتی: (...ۆإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا...) الأنعام -152-.
سێیەم:
هەرچی دەیڵێم دڵسۆزانه و بە پەرۆشانە دەیڵێم، نەک کینە لە دڵانه و بەڕق و بوغزەوە، چونکە ئێمە شوێنکەوتووانی پێغەمبەری سەروەرین صلی الله علیە وسلم ئەویش دینداریی لە دڵسۆزیی و بەتەنگەوەبووندا کورت هەڵدێنی، وەک دەفەرموێ : (الدين: النصيحة) مسلم: 55.
چوارەم:
هەوڵدەدەم باشترین وشه و دەربڕین بەکاربهێنم لە قسەکانمدا، چونکە خوای بەرزو مەزن دەفەرموی: (ۆقُل لِّعِبَادِي يَقُولُوا الَّتِي هِيَ أَحْسَنُ...) الإسراء -53- واتە: بەبەندەکانم بڵێ باشترین بڵێن.
کەواتە: با هیچکەسی تووڕه و بێزار لەم واقیع و هەلومەرجە نەخۆش و ناخۆشە، بەتەما نەبێ وشه و تەعبیری زەق و ڕەق و بریندارکەری وەک هی کەسانی دیکە، لە قسەکانمدا ببینێ.
پێنجەم:
بەڵام بێگومان نابێ هیچکەسیش بەتەمابێ ئەوانەی بەرگریی لەم واقیعە لارو ناهەموارو دژوارە دەکەن کە ڕەخنه و گلەیی جیددیی و خستنەڕووی ڕاستیی تاڵ، لەم نووسینەدا نەبینێ و، شتەکان بەناوی ڕاستەقینەی خۆیان ناونەنێین، چونکە:
أ - قسەی نەرم و بەنەزاکەت، لەگەڵ حەق گوتن و خستنەڕووی ڕاستییاندا، دژو ناکۆک نیە، هەروەک مەرجیش نیە هەمیشە قسەی زەبرو بریندارکەر هەق و ڕاستیی بپێکێ.
ب- بارودۆخەکە یەکجار مەترسیدارەو، پێویستە بە ڕوون و ڕاشکاویی قسەی دڵ و قەناعەتی خۆمان بۆ یەکدی بکەین، بەڵام لە ڕووی دڵسۆزیی و پەرۆشییو، بەتەنگەوە بوونەوە.
2- واقیعی سەخت و دژواری ئێستامان:
بە پێویستی نازانم لە بارەی واقیعی سەخت و ناهەمواری ئێستای هەرێمەوە زۆر بدوێم و، هەروا بە کورتیی چەند ئاماژەیەکی خێرا دەکەم، چونکە بۆ هەموولایەک ڕوونە:
یەک: لە ڕووی سیاسییەوە:
1- نەبوونی گوتارێکی سیاسیی یەکگرتوو و، زاڵبوونی دەمارگیریی و ئینتیمای حیزبییو، پاراستنی بەرژەوەندییە تاکیی و حیزبییەکان، بەسەر هەرشتێکی دیکەدا.
2- نەبوونی پەیوەندیی ڕێک و پێکی دەربڕی هەڵوێست و سیاسەتی هەرێم بە حکوومەتی نێوەندییو، وڵاتانی دراوسێ و هی دیکەشەوەو، سەرەنجام بێ هێزو پێز خستنەڕووی هەرێمی کوردستان و، زەمینە ڕەخسان بۆ دەستتێوەردانی جۆراوجۆر.
3- زەقبوونەوەی حاڵەتی دوو ئیدارەییو، بەهێزترکردنەوەی بازگەکانی ڕۆژگاری پێشووی دوو حکوومەتیی.
دوو: لەڕووی ئابوورییەوە:
1- نەبوونی ئابوورییەکی بەهێزی بەرجەستە لە کشت و کاڵ و ئاژەڵداریی و کارگەکان و پیشەسازییداو، سەرەنجام: نەبوونی بەرهەمی خۆماڵیی و بێکارکەوتنی خەڵکێکی زۆرو، کارکردن بە خەڵکی بیانیی.
2- پەیوەستکردنی خەڵکێکی زۆر بە مووچەوە زیاتر لە (1250000)کەس لە ئەنجامی گوریس پچڕکێنەی حیزبییداو، لە ئاکامدا تەنبەڵ بوونی خەڵکێکی زۆرو پشت ساردبوونیان لە کارو کاسبییو، بەچکە باڵندە ئاسا زارگرتنەوەیان بۆ مووچەی مانگانە.
3- هەبوونی چینێکی کەمینەی ملیارلێر لە خزم و حیزب لەسەر حیسابی ڕەش و ڕووت کەوتنی خەڵکێکی زۆر، کە هەبوونی ئەو چینە خۆشگوزەرانە، هێندەی دیکە ئێش و ژانی خەڵکی هەژارو نەداری بەسووت و سوێ کردوە.
سێ : لەڕووی کۆمەڵاتییەوە:
1- لە یەک دابڕینی خەڵک، لەشێوازی ژیان و گوزەران و چارەسەرو خویندن و...هتدا.
2- لێک هەڵوەشاندنی خێزان.
3- سست و بێهێزکردنی ڕەوشتە بەرزەکان.
4- زاڵبوونی حاڵەتی ماددیگەریی و تەنیا جەستەو غەریزەکانی بینین.
لێرەشدا پێویستە ئاماژە بکەین بە ڕۆڵی خراپ و زیانبەخشانەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی تەمویلکراو، بەئاشکرا یان پەنهان بە پارەی داهاتی بردراوی وڵات، لە ڕووی تێکدانی کۆمەڵایەتییەوە.
3- هۆکارەکانی دروستبوونی ئه و واقیعە سەخت و دژوارە:
یەک:
نەبوونی نیەتێکی باش و ئامانجێکی ساغ و ڕاست لە ئیدارەدانی وڵات و حوکمڕانیی کردنداو، داڕشتنی دیزاین (تصمیم)ی بەڕێوەبردنی وڵات، بە پێی ئەجیندایەکی تەسک، کە بەرژەوەندییە ناشەرعییەکانی: تاک، گرووپ، هۆز، بنەماڵە، حیزب، دابین بکات.
دوو:
نەبوونی سیستمێکی حوکمڕانیی سەرڕاست (رشید) کە ئەو پێنج بنەمایەی هەن:
1- بە ئامانج گرتنی چەسپاندنی دادگەریی بەمانای وشە.
2- یاسا سەروەریی ڕاستەقینە، نەک سەروەریی کردن بەسەر خەڵکدا، لە ژێر پەردەی یاسادا.
3- بەدامەزراوەکردنی کاروباری وڵات و، کورت هەڵێنانی کاروبار لە دامەزراوەکانداو، پاراستنی شکۆو حەڕەمی دامەزراوەکان و دەست تێنەخستنیان.
4- لێپێچینەوەی جیدیی بێ هەڵاواردن و بوێرانە، لەسەرپێچییکاران و بەسزای پڕ بەپێست گەیاندنیان.
5- مرۆڤبوون و ها ووڵاتیی بوون بە پێوەرگرتن، نەک ئینتیمای حیزبیی و ئایینیی و عەشیرەتیی و خزمایەتیی و ناسین و...هتد.
سێ :
بێباکیی زۆربەی حوکمڕانان لە خوا عزوجلو لێپرسینەوەی قیامەت و بێمنەتیی لە خەڵک و جەماوەر، کە زۆرێکیان یان بێ هەست و هەڵوێست کراون، یان لە گەندەڵیی و پارەو سامان و ئیمتیازە ناشەرعییەکانەوە گلێنراون و، بە پارەی حەڕام گەروویان نووسێنراوەو دەمکوت کراون.
چوار:
کاڵبوونەوەو سپات بوونەوەی ئینتیما بۆ گەل و نیشتیمان و، خود میحوەریی و نەبینینی خواو خەڵک، لەلایەن زۆربەی حوکمڕانان و لە بەرپرسانەوە.
پێنج:
حوکم و دەستەڵات کردنە ئامانج و سووربوون لەسەر مانەوە لە حوکمڕانییدا، بەهەرنرخێک بووە، ئەگەر بە تێچووی گوناهباریی لای خواو عەیبداریی دنیاو، ئەوپەڕی تووڕەیی و بێزاریی خەڵکیش بووەو، هەڵگێڕانەوەی حوکمڕانیی لە خزمەتکردنی خەڵکەوە بۆ خەڵک کردنە خزمەتکارو، بە چاوی کۆیلە بۆ ڕوانینیان و، بە غەنیمەت و دەستکەوت دانانی سامانی وڵات، لە حاڵێکدا کە خوا بۆ هەمووانی دروست کردوە: (هُۆ الَّذِي خَلَقَ لَکُمْ مَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا...) البقرة -29-.
شەش:
بە دەستی خۆوە گرتنی سەرجەم جومگەکانی دەستەڵات و هێز:
پێشمەرگە، پۆلیس، ئاساییش، موخابەڕات و، ڕێگرتن لە بەدامەزراوەکردنیان، تاکو بە ئیرادەی کەسیی و حیزبیی بەڕێوەبچن و بەکار بهێنرێن.
حەوت:
بێهەست و نەستیی و بێهەڵوێستیی خەڵکێکی زۆرو، پشتگیرییکردنی بەشێکیان له و واقیعە ناشەرعییە.
هەشت:
ماکینەیەکی زەبەلاحی ڕاگەیاندن بۆ چەواشەکاریی:
کە لە دەیان کەناڵی ئاسمانییو، لۆکاڵیی تەلەفزیۆنیی و ڕادیۆییو، سۆشیاڵ میدیاییدا بەرجەستەیە، کە بەشێکیان بۆ کڵاو لەسەری خەڵک نان و، بەشێکیشیان بۆ سەرگەرمکردنی خەڵک و خافڵاندن و خولاندنەوەیانن لە بازنەی غەریزەکان و شتی پڕوپووچدا.
نۆ:
بە چاوی دوژمن و ناحەز تەماشاکردنی هەرکەسێک کە ڕەخنە لە حوکمڕانان بگرێ و کەموکووڕییەکان بخاتە بەرچاو، بێخەبەر لەوە کە دۆست و دڵسۆز ئه و کەسەیە دەتگریەنێ و، ناحەز ئه و کەسەیە دەتهێنێتە پێکەنین و، دەڵێ : دنیا شامی شەریفە! وەک عادەتی هەموو ئه و دەهۆڵ کوت و ماستاو چییانەی بە درێژایی مێژوو، سەری حوکمڕانانی بەهرەی حەڕام لێوەرگرتوویان، بە فەتارەت داوە!.
دە:
زەمینەخۆشکردنی جۆراوجۆر بۆ لێدانی ئۆپۆزسیۆن بە:
1- بێزراندنی ئۆپۆزسیۆن، بە بوار پێدانی خەڵکێک لە موعاڕەزەی کەم سەنگ و زمانشڕ، تاکو کۆی موعاڕەزە لەکەدار ببێ و خەڵک گوێی بۆ نەگرێ و متمانەی پێی نەبێ.
2- دەستەمۆ کردن و کەویی کردن و بێدەنگ کردنی هەموو ئەوانەی ئامادەیی ئەوەیان تیدایە، بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر.
4- چارەسەر کردنی ئەم واقیعە سەخت و ناهەموارە:
یەک: بە نسبەت حوکمڕان و بەرپرسانەوە:
1- سەرهەڵبڕین بەره و ئاسمان و بە چاوی عەقڵ و دڵ خوا دیتن و، دڵنیا بوون کە درەنگ یان زوو ئەم ژیانە دنیاییە کۆتایی دێ و دەچنەوە خزمەتی!
2- کارکردنی جیددیی و خێرا بۆ گێڕانەوەی متمانە لەنێوان خەڵک و حکوومەتدا بەتایبەتییو، قەوارەی سیاسیی هەرێمدا بەگشتیی، بەپۆزش هێنانەوە بۆ خەڵک و، ڕوونکردنەوەی ئەوشتانەی حکوومەت پێی وایە ئاوی دڵی خەڵک دەدەن و، پێکهێنانی دەستەیەکی باوەڕپێکراو بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی داهات و خەرجیی لەهەموو بوارەکاندا، بۆ لەمەودوا.
3- هەنگاونانی کردەیی لەڕووی بەهێزکردنی ئابوورییەوە، بە:
أ - دانانی باجی پێویست لەسەر میوه و خۆراک و شتی هاوردەکراو، کە بازاڕی شتی نێوخۆیان شکاندوە.
ب - تەرخانکردنی ئیمکانیەتێکی باشی کۆکراوە، لەبەرپرسان و دەوڵەمەندانی پەنای بەرپرسان، کە لەناکاو بوونەتە ملیارلێرو ملیۆنلێر، وەک بناغەیەک بۆ ئەوکارە.
4- دڵنیا بوون کە ئەم دۆخە کە ستەم و گەندەڵیی تێدا گەیوەتە لووتکە مەحاڵە بگونجێ بەردەوام بێ.
5- لەخۆدا هێنانەدی ئیرادەیەکی جیددیی، بۆ گۆڕانکاریی و پاکسازیی و چاکسازیی.
6- تەبەننیی کردنی سیستمێکی حوکمڕانیی ڕەشید کە پێشتر باسمان کرد.
7- هاتنە دەر لە کەوڵ و قاوغی تەسکی: کەسیی و بنەماڵەیی و حیزبییو، هاتنە نێو فەزای فراوانی خەڵک و، دڵا و عەقڵی خۆ فراوانکردن و، دیتنی هەموو خەڵک و وڵات و، وازهێنان لە بازرگانیی کردنی ڕاستەوخۆو بە وەکالەت، لە پەنای پۆست و پێگەکانی حوکمڕانییدا.
8- کاراکردنەوەی پەرلەمان و، دەستەڵاتی دادوەرییو، داواکاری گشتییو، دەزگای چاودێریی داراییو، دەستەی دەستپاکییو، سەربەخۆ بوونیان و دەستوەرنەدانە کاروباریان.
9- پەیوەندیی توندوتۆڵکردنەوه لەگەڵ حکوومەتی نێوەندییدا، لەسەر بناغەی پابەندیی بەدەستوورو ڕێککەوتننامەکانەوەو، دڵنیابوون لەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤ)ێکی نیە، بۆ حکوومەتی نێوەندیی، بۆیە پێویستە چیدیکە بەقسەی خۆش و بۆشی ئەملاولا فریو نەخۆین و، کاری جیددیی لەسەر چاککردن و قایم کردنی پەیوەندیی لەگەڵ بەغدادا بکرێ، ئەویش بەوە
کە وێڕای مافە سیاسیی و ئابوورییەکانی هەرێم و جێبەجێکردنی مادەی: (140) دەستوورو، چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و نێوەند، هەرێمیش ئەرک و پابەندییەکانی ببینێ و، گلەیی حەق نەهێنێتەسەرخۆی.
کە ئەویش بەبێ هەبوونی ستافێکی دانوستانکاری بەتوانا، دەستەبەر ناکرێ، کە ئەم سێ مەرجەی تیدابن:
أ - شارەزایی ئەکادیمیی.
ب - شارەزایی ئەزموونیی پۆستە تەنفیزیی و پەرلەمانییەکان.
ت - پەیوەندیی توندوتۆڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لەگەڵ تێکڕای لایەنە سیاسییە عێڕاقییەکاندا.
دوو: بە نسبەت خەڵکەوە:
1- ئەوانەی لەم بارودۆخە لارو ستەمکارەی هەرێم و، لە پەنای بەرپرسێک یان زیاتردا بەهرەمەندن، با بزانن: هەرچی زیاد لە پشک و بەشی شەرعییانه و ڕەوایان پێیان دەبڕێ : حەڕامه و مافی خەڵکی دیکەیە: زەوی زیاد، مووچەی زیاد، خەڵات و بەراتی حیزبیی، ئیمتیازی ناهەق.
2- پێویستە خەڵک بەرانبەر بەیەکدی ڕەحم و ویژدانیان هەبێ و، بەرگریی لە مافەکانی یەکدیی بکەن.
3- هەمیشە بێهەستیی و بێهەڵوێستیی خەڵکە، درێژە بە حوکمڕانانی ستەمکارو لادەر دەدات، چونکە زۆر ڕاستە: بێدەنگیی ستەم دروست دەکات.
4- دڵنیابوون لەوە کە ستەمکارو هاوکارانیان پێکەوە سزا دەدرێن، وەک خوای زاناو شارەزا لەچەندان شوێنی قوڕئاندا ڕایگەیاندوە، بۆ نموونە:
(قَالَ ادْخُلُوا فِي أُمَمٍ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِکُمْ مِنَ الْجِنِّ ۆالْإِنْسِ فِي النَّارِ کُلَّمَا دَخَلَتْ أُمَّةٌ لَعَنَتْ أُخْتَهَا حَتَّی إِذَا ادَّارَکُوا فِيهَا جَمِيعًا قَالَتْ أُخْرَاهُمْ لِأُولَاهُمْ ڕَبَّنَا هَؤُلَاءِ أَضَلُّونَا فَآتِهِمْ عَذَابًا ضِعْفًا مِنَ النَّارِ قَالَ لِکُلٍّ ضِعْفٌ ۆلَکِنْ لَا تَعْلَمُونَ) الأعراف -38-.
واتە: (خوا) فەرمووی: لەگەڵ کۆمەڵانێکدا کە پێش ئێوە ڕابردوون لە جندو مرۆڤ، بچنە نێو ئاگر (ی دۆزەخ)ەوە، ئنجا هەرکات کۆمەڵێک دەچوونە تێی، نەفرینی لەوی دیکە دەکرد، هەتا کاتێک هەموویان تێیدا خڕکرانەوە، شوێنکەوتووەکان بەپێشین (و سەرکردەکانیان) گوت: پەروەردگارمان! ئا ئەوانە ئێمەیان گومڕاکرد، دەجا با سزای وان لە ئاگر، چەند بەرانبەر (ی هی ئێمە) بێ، (خوا) فەرمووی: بۆ هەرکامتان (سزای) چەند بەرانبەر هەیە، بەڵام نازانن.
هی بەرپرسەکان لەجیاتی ستەم و خراپەی خۆیان و، لەجیاتی سەرگەردان کردنی شوێنکەوتووانیشیان و، هی شوێنکەوتووەکانیش، لەجیاتی خراپەی خۆشیان و، لەجیاتی ئەوەش کە بەرانبەر ئه و ستەمکارانەدا بێدەنگ بوون، یاخود لەگەڵیشیان بوون و پشتیشیان گرتوون!
پرسیارێکی گەوره و گرنگ:
ئایا ئەگەر نە حوکمڕان و نە بەرپرسان و، نە خەڵک و جەماوەریش چاویان بە خۆیاندا نەگێڕایەوەو، هەر کەسە لەسەر حاڵی خۆی بەردەوام بوو، چی دەبێ ؟
وەڵام: بێگومان ئەوە دەقەومێ کە خوای کارزان و دادگەر وەک یاسایەکی گەردوونیی (سنە کونیە) لە ژیانی بەشەردا ڕایگەیاندوە کە: کۆمەڵگا ستەمکارو لادەرەکان هەرەس دێنن، وەک خوا عز وجل فەرموویەتی:
أ - (ۆتِلْکَ الْقُرَی أَهْلَکْنَاهُمْ لَمَّا ظَلَمُوا ۆجَعَلْنَا لِمَهْلِکِهِم مَّوْعِدًا) الکهف -59-.
واتە: ئه و ئاوەدانییانەمان فەوتاندن، کاتێک خەڵکەکەیان ستەمیان کردو، ژوانگەیشمان بۆ لەبەینچوونیان دانابوو.
ب - (ۆکَمْ قَصَمْنَا مِن قَرْيَةٍ کَانَتْ ظَالِمَةً ۆأَنشَأْنَا بَعْدَهَا قَوْمًا آخَرِينَ) الأنبياء -11-.
واتە: گەلێک ئاوەدانیی ستەکاریشمان لە بەین بردن و، دوای وان خەڵکێکی دیکەمان پێگەیاند.
5- لە کۆتاییدا:
بەڕێزان!
لێتان ناشارمەوە ئەم نووسینەم، بە ئەندازەیەک زۆر لەخۆکردن و نابەدڵیی نووسیی، چونکە:
یەکەم:
تاڕاددەیەکی زۆر لە چینی حوکمڕان و بەرپرسی پارەدارو چەکداری سیکۆلاریستی هەرێم نائومێدم، کە هیچ ویستێکی جیددیی گۆڕانکاریی و چاکسازیی و پاکسازیی جیددییان تێدا هەبێ، چونکە بەداخەوە پەردەی دەستەڵات و سامان (السلطة والثروة) بۆتە چاوپێچێکی ئەستوورو، زەحمەت وایە دنیاو واقیع وەک خۆی ببینن.
بێگومانیش زۆر ڕۆچوون بە ستەم و خراپەدا، ڕێی بادانەوه و سووڕانەوە لە مرۆڤ دەگرێ و، یاسای خواشە کە تێکدەران کاریان چاک نابێ : (...إِنَّ اللّهَ لَا يُصْلِحُ عَمَلَ الْمُفْسِدِينَ) يونس -81-.
دووەم:
بە نسبەت خەڵک و جەماوەریشەوە بە گشتیی بە سێ بەش دەیانبینم:
بەشی یەکەم: کە ڕەنگە زۆرینە بن، تەنیا کاتێک وەدەنگ دێن، بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بۆ نموونە: مووچە کەوتبێتە مەترسییەوە، ئەگەرنا کەمتر وایە هەست و هەڵوێستیان هەبێ.
بەشی دووەم: چینی حوکمڕان بە هۆی پێدانی خەڵات و بەرات و ئیمتیازی حەڕام، یاخود حەڵاڵ بەڵام لە بەرانبەر خزمەت و هەڵوێستێکی حەڕامدا وەک پشتگیریی ناهەق و دەنگپێدان و تەزویر کردوویانن بە بەشێک لە خۆیان و لە پەڕاوێزی واندا دەژین.
بەشی سێیەم: کە ڕەنگە تاکو ئەم تاوە (لحظة)ە کەمینە بن، لەم بارودۆخە ناڕازین و لە بەرانبەریدا هەڵوێستیان هەیە، بەڵام زۆریان بە ئاسانیی چەواشە دەکرێن و بەملاولادا دەبرێن و، کەمتر هەڵوێستەکەیان نیشانە دەپێکێ.
بەڵام ئەوەی هانیدام لەم بارودۆخەدا، جارێکی دیکەش وەدەنگ بێم:
1- ئەرکی سەرشانم بەرانبەر بە خوا، پاشان خەڵک و کۆمەڵگا.
2- بەڵکو کەسانێک لەم هۆشدارییە بەهرەمەند بن و قسه و هەڵوێستێکیان هەبێ.
3- بەرپرسان و خەڵک و جەماوەریش بەرچاویان ڕوون بێ، لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونمانەوە لەم دۆخەدا.
4- وەک بەدەمەوە هاتنی دڵسۆزانێکی زۆر کە داوایان دەکرد قسه و هەڵوێستێکمان هەبێ.
دوا قسەشم ئەوەیە کە:
بناغەی گۆڕانکاریی لەواقیعدا خۆگۆڕینە، وەک خوای بەرزو مەزن فەرموویەتی: (...إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّی يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ...) الرعد -11-.
خود (نفس)یش سێ پێکهاتەی سەرەکیی هەن:
أ- بیرو ڕاو تێڕوانینەکانی عەقڵ و هۆش.
ب- هەست و نەست و خولیایەکانی دڵ و دەروون.
ج- ڕەوشت و ئاکارە پەنهان و ڕواڵەتییەکان.
کەواتە: با بۆ چاکبوونی واقیعی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییمان، لە خۆ پاک و چاککردنمانەوە دەست پێ بکەین و، بێگومان هەناو و هەوێن و جەوهەری خۆ پاک و چاککردنیش: ئیمان و بۆ خوا صوڵحان و پاکیی و چاکیی ناخە، کە بە هۆی بەندایەتیی بۆ خواو پابەندیی بە بەرنامەکەیەوە، دەستەبەر دەبێ.
بە هیوای ئەوە کە (گرێی دەستان نەخەینە ددانان)و، هەتا دەرفەتێک ماوە، هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەین، لە بەرانبەر کۆمەڵگاو هەرێمەکەمانداو، بەرلەوەی کار لە کار بترازێ، شتێک بە شتێک بکەین و، لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتییدا کە هەموو لایەک زۆری پێ هەڵدەڵێین چاوپۆشیی لە بەرژەوەندییە ناشەرعییەکان یان هەندێکیان بکەین و، وڵاتەکەمان بەره و ئاسۆیەکی گەش و ڕوون بەرین و، نەهێڵین بەره و ئاییندەیەکی لێڵترو تاریکتر بچێ.
هیوادارم سەرەنجام ئه و قسانەی بەندە، ئه و دێڕە شیعرە نەهێننەوە یاد، کە شاعرێک لە بارەی خەڵکەکەی خۆیەوە گوتوویەتی:
ولقد نصحتهم بمنعرج اللِّوا فما استبانوا الرُّشْدَ إلاّضحی الغد
یانی: بەدڵنیایی من لە (منعرج اللِّوا) دڵسۆزییم بۆیان نواند، بەڵام هەتا چێشتەنگاوی سبەینێ، لەسەرڕاستیی حاڵیی نەبوون.
#عەلی باپیر#
20/11/1441ک
11/7/2020ز