بسم الله الرحمن الرحیم
(ؤنُرِيدُ أَن نَّمُنَّ عَلَي الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا فِي الْأَرْضِ ؤنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّةً ؤنَجْعَلَهُمُ الْؤارِثِينَ) القصص -5-
خۆپیشاندانەکانی ئەمجاره و چەند سەرنجێکی کورت
یەک: ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە هەرێمی کوردستاندا، لە بێزاریی و تووڕەیی خەڵک و جەماوەر، کە لە خۆپیشانداندا بەرجەستە بووە، دەرەنجامی ئیدارەدانی سەقەت و خراپی حیزبییانه و بنەماڵەییانەی سی (30) ساڵی ڕابردوویە، لە لایەن چینی حکومڕانی هێزو پارە بۆ خۆ قۆرخکەری وڵاتەوە.
دوو: بێزاریی و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک لە حوکمڕانان و، ڕەخنەگرتنی بە هەرشێوەیەکی شەرعییانەی ڕاست و دروست وەک: خۆپیشاندان و ڕێپێوان، مانگرتن، کۆبوونەوەو، وتاردان و ڕەخنەگرتن، نووسین... نەک هەر مافێکی ڕەوای خەڵکە، بەڵکو ئەرکیشیانە، وەک خوا فەرموویەتی: (...أَقِمِ الصَّلَاةَ ؤأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ ؤانْهَ عَنِ الْمُنکَرِ ؤاصْبِرْ عَلَيٰ مَا أَصَابَکَ إِنَّ ذَٰلِکَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ) لقمان -17-.
واتە: نوێژ بەرپاکەو، فەرمان بە پەسەند بکەو، ڕێگریی لە ناپەسەند بکەو، لەسەر ئەوەی تووشت دێ (بەسەرت دێ) خۆ ڕاگربە، ئا ئەوە لە ئەرکە پێویستکراوەکانە.
کەواتە: هەرکەس فەرمان بە چاکەو، ڕێگریی لە خراپە بکات، دەبێ چاوەڕێی بەڵاو گرفتاریی بێ و، لەسەریشی خۆڕاگر بێ.
سێ: هەروەک چۆن داوای مافی خۆکردن، نەک هەر ماف، بەڵکو ئەرکیشە، بە هەمان شێوەش، بەشێوەی ڕاست و ڕەوا ئەنجامدانی ئه و کارەش، هەق و ئەرکێکی گەوره و گرنگەو، پێویستیشە داوای هەقی خۆکردن بە شێوەی هەق بێ و، بابای ستەملێکراو بە هۆی بەکارهێنانی شێوازی ناهەق و ناڕاستەوە، وەک هەڵکوتانە سەر بنکه و فەرمانگە حیزبیی و حکوومییەکان و، سووتاندن و تاڵانکردنیان، نیشانەی پرسیار نەخاتە سەرخۆی و هەقەکەی و، بیانووش نەخاتە دەستی حوکمڕانانەوە.
چوار: لێرەوەش ئامۆژگارییەکی دڵسۆزانەی ئه و لایەنە سیاسییانە دەکەم، کە ئەندامانیان بە شێوەی نەناسراوانه و دەمامکدارانە، دەخزێننە نێو خۆپیشاندەرانەوەو، هانیان دەدەن و پێشیان دەکەون، بۆ سووتاندن و تاڵانکردنی بنکه و فەرمانگە حیزبیی و حکوومییەکان، کە با دەست له و کارەیان هەڵبگرن و چیدیکە: (ڕاوچی خراپ نەبن، لە ئاوی لێڵدا ڕاو بکەن)و (دز نەبن بازاڕی ئاڵۆزیان بوێ) چییان لە هەگبەدایە، با بەئاشکراو شێوازی دروست بیخەنە ڕوو!
پێنج: هەرچەندە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ تەقەکردن لە خۆپیشاندەراندا نیم و، ڕەفزی دەکەم و ئیدانەی دەکەم، بەڵام خۆپیشاندەرانیش پێویستە لە دەستی پیسی تێکدان و ناشرینکردنی خۆپیشاندانەکان وریابن و، بزانن بنکه و فەرمانگەکان بە پارەی خەڵک و وڵات کڕاون و، هەر هی خەڵک و وڵاتن و، ناشبێ ستەمکارو ستەملێکراو و، خراپ و چاک، بەچاوێک تەمەشا بکرێن و، وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ.
شەش: هەر لە ڕێوە ڕەخنەگرتن لەهەر جم و جۆڵێکی سیاسیی و کۆبوونەوەو، تەنانەت سەردانیکرانیش، نیشانەی ناحاڵیی بوون و هاوسەنگیی تێکچوونە، چونکە گرنگ ئەوەیە چی دەگوترێ و، هەڵوێست چۆنه و چییە؟ ئەگەرنا ئەوانەی شارەزای دنیان، دەزانن جاری وایە لەگەرمەی جەنگیشدا، قسه و باس و دانووستان هەر هەبووه و دەبێ.
حەوت: ئەمجارە تەنیا ویستم لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوەو، لە یەک جیاکردنەوەی (کا) و (دان)یانەوە بدوێم و، هیچ هیوایەکیشم بە زۆربەی هەرەزۆری چینی حوکمڕان، نەماوە، هیچ بەخۆداچوونەوە بکەن، چونکە هەر خۆ بەزلگریی و لە خۆباییبوون زیاد دەکەن، لە جیاتی دان بە هەڵه و تاوانی خۆداهێنان و، پۆزش هێنانەوه و داوای لێبوردن کردن، سەرەتا لە خوا عز و جل پاشان لە خەڵک و جەماوەری برسیی و تووڕه و نائومێد، بۆیە هیچ قسەیەک ئاڕاستەی وان ناکەم و، لە ڕابردوودا زۆرمان گوت و نووسیی، بەڵام بێسوود بوو و بەهرەیان لێوەرنەگرت، ئەگەرنا جگە لە زۆر چاوپێکەوتن و نووسینی پەیام و ڕوونکردنەوە، دوو کتێبی تایبەتییشم له و بارەوە هەن:
1- ڕوانینێکی ئیسلامییانە بۆ واقیعی ئێستامان: گرفت و چارەسەر.
2- قوڕئان و پاکسازیی و چاکسازیی لە هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا دەڵێم:
لێرەوەش سەرەخۆشیی لەسەرجەم کەس و کاری قوربانییانی خۆپیشاندانەکان دەکەم، خوا سێبوورییان بدات و پاداشتیان بداتەوەو، ئەوانیش بەبەهەشتەکانی خۆی شادبکات و، بۆ بریندارەکانیش داوای شیفای خێرای خێر، لە خوای میهرەبان دەکەم.
خوا یارمەتیی هەموو لایەکمان بدات، ئەم حاڵ و دۆخەمان بەره و خێر بگۆڕین، بە جۆرێک کە ستەمی تێدا ڕێشە کێش بکەین و، دادگەریی تێدا بچەسپێنین.
https://alibapir.net/?p=7682&lang=ku
عەلی باپیر
24 ڕەبیعی دووەم/1442 ک
10/12/2020ز
هەولێر