کودەتای ناو کۆشک
✍️مەریوان وریا قانع
ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا و لەناوی یەکێتی نیشتیمانی کورستان دا ڕوویدا، لە زمانی سیاسیدا، پێیدەگوترێت ”کودەتای ناو کۆشک“. کودەتای ناو کۆشک کودەتای کەسانێکی ناو کۆشکی حوکمڕانیین کە خودی حوکمڕانەکە لادەبەن و خۆیان دەچنە شوێنەکەی. لەم جۆرە کودەتایانەدا ئەوەی وەک سەرۆک ئامادەیە و کاردەکات لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لەگەڵ ئەو سەرۆکەدا کاریانکردوە، لادەبرێت. زۆرجار ژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان هاوڕێ و هاوخەباتێک، هاوڕێ و هاوخەباتێکی تر لادەبات خۆی دەچێتە شوێنەکەی. ئەم جۆرە کودەتایانە زۆربەی جار کودەتای بێخوێنن، هەندێک جار سەرۆکە لابراوەکە دکوژرێت، هەندێکجار شاربەدەر دەکرێت، هەندێک جاری تر زینداندەکرێت. هەندێکجاریش تا دەمرێت دەسبەسەر دەبێت.
بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە هیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ناگۆڕن، درێژە بە هەمان دونیا و بە هەمان هێڵی حوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر هەبووە. هەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن. ڕوخسارێکی ناسراو دەڕوات و ڕوخسارێکی تر دەچێتە شوێنەکەی. لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا ”کودەتای ناو کۆشک“ دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتری دروستکرد. کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابوتتری دروستکرد کە بەهاری عەرەبی کۆتاییهات، کە بن سەلمان لە سعودیە ئەمیرەکانی تری پاشەکشەپێکرد، دونیایەک کێشەی ناوەکیی و دەرەکیی لە سعودیەدا و بۆ سعودیە دروستکرد، بەرچاوترینیان ئەو جەنگە عەبەسییە خوێناوییە لە یەمەن کە ژیانی ملیۆان مرۆڤی وێرانکردوە.
”کودەتای ناو کۆشک“ کودەتای ناو ”کۆشک“ە. ”کۆشک“ بە کۆشکی و” لۆژیکی کۆشک“ وەک ”لۆژیکی کۆشک“ دەمێنێتەوە و ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری شازادە کانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان..
سلێمانی
17-7-2021
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 1,068 times
Write your comment about this item!