دیسان لە زمانی کوردیدا کە سەرەتای هەندێ وشە و ناو بە پیتی (ب) دەست پێ دەکا، دەگۆڕدرێ بۆ پیتێکی تر، بۆ میناک لە پاڵەیی کۆندا پیتی (ب) بە (ڤ) بەکار هاتووە و لە هەورامی و لە کەڵوڕی و تەنانەت لە بنزاراوەی سنەیییانەشدا گۆڕدراوە بۆ (و)، بۆ نموونە: باران لە کەڵوڕیدا دەبێ بە واران و بینەر لە هەورامیدا دەبێ بە وینەر و دەبینم لە سنەییدا دەبێ بە ئەوینم.
نووسەرانی ئێمە چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەوانەی کە زمانزان و زمانەوان بوون، کەوتنە وشەدانان یان وشەڕۆنان و هاتن لە چاوگی وشەی (وەرگەڕان)، وشەی (وەرگێڕان)یان داڕشت و بۆ کاری (ترجمە)ی زمانێک بۆ سەر زمانی کوردی، دەکاریان کرد؛ هەروەها لە چاوگی وشەی وەرسووڕان، وشەی وەرچەرخانیان هێنایە بەر کار و لە کاری سیاسیدا کەڵکیان لێ وەر گرت. منیش له و باوەڕەدام هەرچەند (هەمدیسان و لەسەرڕا و چەندجارە و چەنکەشە)مان هەیە، بەڵام ئەگەر وشەی وەر بکەینە پێشگر بۆ هەندێ وشەی دیکە و واتای تازەی لێ درووست بکەین وەکوو: وەرپاته، واتە: دیسان لێدانەوەی سی دی و فیلم و گۆرانی و لە جێگای وشەی (دووبارە)ی فارسی کە تەلەڤزیۆنەکان بۆ (ڕێپید)ی ئینگلیسی بەکاری دەهێنن دابنرێ، شتێکی باشە، چوونکە ئەم وشەیە دەتوانێ بۆ چەندین جار لێدانەوەش بەکار بچێت.
وشەی دووبارە ئەگەر بۆ دووجار لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانیاندا دای دەنێن، بەڵام (وەرپاته) دەکرێ بۆ هەر چەند جارێک کە لێدەدرێتەوە، بەکار ببرێت. وەرپاتە: چاوگەکەی لە دوو دۆخدا دەبێتە وەرپاتەکردن و وەرپاتەبوون؛ ئەوەش چەند نموونەی دیکە:
وەرکێڵە، واتە: دیسان کێڵانەوە کە چاوگەکەی دەبێتە وەرکێلان.
وەرچانده، واتە: دیسان چاندنەوە، کە چاوگەکەی دەبێتە: وەرچاندن.
ناسری ڕەزازی ستۆکهۆڵم[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 1,647 times
Write your comment about this item!