ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی:
1-پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دابینکردنی موچه و بودجه و شایستە داراییەکانی دامەزراوە دەوڵەتیەکان بێت بەتایبەتی کەرتی تەندروستی و پەروەرده و هێزەکانی ناوخۆو فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان، بۆئەوەی بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان پێشکەش بکەن و بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە.
2-پێویستە لەسەر هەر هاووڵاتییەک خۆی خۆی بپارێزێت و پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان بێت.
3-هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەرو کارمەندانی فەرمانگه و دامەزراوەکانیان بە ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکانەوە.
4-لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەکی دەوڵەتیی و کەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواکارێک نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان نەبێت.
5-لیژنە هاوبەشەکانی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون و چاودێری ورد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە شوێنە گشتیەکانداو هەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت.
6-کردنەوەی خوێندنگاو ناوەندە زانکۆییەکان لە هۆڵەکانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پەروەردەیی ڕادەسپێررێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ناوەندەکانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێکارانەوە.
7-دانانی پرسه و چوونە سەرقەبران و مەولودو بۆنە ئایینیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر چاودێری ئەم ڕێکارە دەکات.
8-بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانپژکردنی مزگەوتەکانی ناوبازاڕو ئه و فەرمانگاو شوێنە گشتیانەی پەتاکەی تێدا بڵاوبۆتەوە، یان مەترسیی بڵاوبوونەوەی لێدەکرێت.
9-کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەرکی مرۆیی و تەندروستی و نیشتمانیانەی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ ماسکبەستن ببینن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزییدا.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
13 / 10 / 2020[1]