(مەلایاسین و چایخانەکەی)
ماستی گردعارەقەی لە هەموو ماستی دونیایێ بەتامتر بوو
نوسینی : #زاهیر عەبدوڵڵا#
هاوین و پشووی خوێندنی ساڵی 1967.
بابم نەیهێشت وەکی سارەکانی دی لەگەڵ منداران لە کۆڵانێ عندۆپ عندۆپ بسووڕێمەوە و لە مارێش بێعاری بکەم، پێی باش بوو دەست و پێ سپی دەرنەچم و فێرە سەنعاتەک بم، چونکە سەنعات بازنی زێڕە.
لە حەلاقیشی باشتر نەبینییەوە کە ببمە شاگردی، هەر زوو بەزوو دەستی گرتم و بردمیە دوکانەکەی حەمەدەمین حەلاقی، کە لە #تەیراوە#ی بە (سەرتاشخانەی قوباد) بەناوبانگ بوو، لەتەنیشت دوکانی ئەنوەرە کۆر و جەعفەری برای، لەوێ جگە لە وەستام، کوڕێکی گەنجیش سەری خەڵکی چاک دەکرد، ناوی (عەلی مام برایم) بوو.چایخانەکەی مەلایاسینی، لە مابەینی دوکانی مە لەلای سەرەوە و کەبابخانەی مام وسوو کەبابچی، کە لەسەری ئەو جادەیەی بوو کە لۆ قەبرستانی شێخ مەلا ڕەشیدی دەچی.
چایخانەکە گەورە و قەرەباڵغ بوو، بەتایبەتی پاش عەسران هەر کە کوڕە زراری و گەردی و شێروانییەکانی وەستای قوڕکاری و لەبغ و سپیکاری، کە لەدوای ڕۆژێکی پڕ کار و ماندوو، عەسران بە چایخانەی وەردەبوون و دوو دوو و سێ سێ دادەنیشتن و داوای جامەک ماستاوی کەللەتەزێن و قاپەک پاقلاوەی بەشیلاوەیان دەکرد و لەگەڵ نۆشکردنیان گوێیان لە لاوکی بابێ کەریمی ڕادەگرت، عاشقەکان عاشقتر دەبوون و عەگید و خوێنگەرمەکانیش ڕژدتر دەبوون لەسەر کوردایەتی و هاوکاریی شۆڕش. هەرکە بابێ کەریمی بەخۆ و بە پیرە تەمبورەکەی دەنگی لە ڕیکۆردەرەکەی بنەبانێ برز دەبۆوە و (غەزاڵ غەزاڵ و کۆچەرێ و بەفرباری و #دهۆک# سەرچیایە و خەرابۆ و دەلال دەلال و مەلۆلۆ و لۆگدی) دەچڕی، هەرچی ماندووبوون بوو لە بیریان دەکرد و ورد ورد دەڕژانە ناو لاوک و بەستە سۆزدارەکانی جەزیری و پاقلاوە و ماستاوەکەیان باشتر لە قەلبی دەگەڕا.
چایخانەی مەلا یاسین هەر چایخانە نەبوو، مەکۆی لێک گرێدانی کوڕانی شاخ و شار بوو، هەرچی نامە و ڕاسپاردە و بڵاوکراوە و دەنگوباسی جوامێرەکانی شاخ و #شۆڕشی ئەیلوول# هەبوو دەگەیشتە ئەم چایخانەیە و مەلایاسینیش وەستایانە، لێزانانە و بەوپەڕی نهێنی هەر هەمووی بە جێی خۆیان دەگەیاند و وەڵام و کۆمەک و داوودەرمانی پیاوە جوانەکانی تەیراوەشی کۆ دەکردەوە و هەر بەهەمان وەستایی و لێزانین و نهێنی ڕەوانەی شاخی دەکردەوە و هەموو جارێش بە وشەی نهێنی (ئەیلوولتان باش) ئەم تێکەولێکە جێبەجێ دەکرا، لەم ئەرکە پیرۆزەش مەلایاسین شاگردێکی ئازا و سەرڕاست و جەسوور هاوکار و هاوڕێگای بوو (گەنجۆ)یان دەگۆتێ.
بەیانییان هەر کە ماست لە (داری شەکران و #بەحرکە# و #گردجووتیار# و گردعارەق) بە پیکەبە شڕەکەی عەدۆی دۆرەنگێو دەگەیشت، دەستوبرد وەستا و شاگرد ئەوەی پێویست بوو لۆ تێکنەچوونی ماستەکە ئەنجامیان دەدا. ماستی ئەو گوندانە لە بەتامیدا بەناوبانگ بوو، ماستی مەڕە کۆری هەر نەوعی نەبوو، بلئەخەس ماستە حەیاتەکەی گردعارەقی، هەموو جارێ جەمالەسۆر دەیگۆت: دەزانن لۆ ماستی ئەو گردعارەقەی لە هەموو ماستی دونیایێ بەتامترە؟ دەیانگۆ: لۆ؟ دەیگۆت: ئەمن پێتان برێم، چونکە پلە بەسێ هەر کە ماستەکە هەوێن دەکات، یەک پێکی خەست خەست لە عارەقە سەر ڕەشەکەی مام ئێسڕافیلی عەنکاوەی بەسەردا دەپڕژێنێ، ئەدی کو چما هەوەنتەیە لە هەموو ماستان بەتامترە؟
هەر کە ماست بە جێ و ڕێی خۆی تەرتیب دەکرا، ئەوجا دوو سێنیە پاقڵاوەی گەرم بە عارەبانەی سەدۆی بیژی دەگەیشتە پێش چایخانە و دەبرایە بنەبانێ، سێنیەک بە دەستی مام ڕەسوڵ پاقڵاوەچی و ئەوی دی دەستاوی مام مەجید پاقڵاوەچی بوو، هەردووکیان شەڕە لەزەتیان دەکرد. مەلایاسین زۆر کەیفی بەوە دەهات، دەنگ و ڕەنگی گەڵاڵە و ناوپردان و #چۆمان# و #قەسرێ# لەسەر دەستی خۆی دەگاتە تەیراوە و دەینێریتە لای حەمامی دۆمان و گەڕەکی کەناسان و فڕنی نانی مام ڕەسوڵی کراولبادی.
نیوەڕۆیەک، گەنجۆ لە عانوسەعاتی خۆی نەگەڕاوە و دواکەوت، مەلایاسین مشەوەش و بێ ئۆقرە، پیارەی بە بنە پیارەی دادەدا و عەجمانی نەبوو، دری ختورەی شتی خراپی دەکرد، لە هیکڕا گەنجۆ وەکی بۆراقی نەجات پەیدا بوو، بەخۆ و بە کۆری پشتی خۆی بە تەختەکی ژۆرێدا دا، مەلا پرسی: خانە خراپ چت بەسەرهات لۆ ئەوەندەت پێ چوو؟ گەنجۆ: وەستا بێ خەم بە هەموو شتەک بە دری توە، لۆیەش تاخیر بووم لەبەر دەرزی برینان، هەتا دختۆر عومەر شەریف لە خەستەی هاتەوە و دەرزییەکانی لۆ پێچامەوە و لەناو بوزگرانمان شاردەوە.
مەلا یاسین زراری هەقی بوو لە دواکەوتنی گەنجۆی شاگردی دڕدۆنگ ببی، چونکە دەبوایە دەستوبرد شمەکەکانی مارێ و ئەوەی گەنجۆ هێنایتیە چایخانەی هەمووان لە گونیەی بپەستی و توند توند بیانبەستی و حازریان بکات، چونکە شەوێ تەتەر دێ و هەر دەلعاز دەگەڕێتەوە شاخ. سێ شەموان بۆ من جێژنە بوو، چونکە دوکانی حەلاقی دادەخرا و منیش ئازاد و بێ منەت لەگەڵ برادەرەکانم (مۆفەقی کاکۆ خەیاتی و فەوزی معاون ساڵحی و ئازادی سابیر سەماوەری و تۆفیقی عومەر پەڕەشووتی و غازی و ئازاد سیسرکەی برای) لە کۆڵانێ و لەپێش دەرکەی حەسارێ دەکەتینه گەمان.
جارێکیان هێوارەی دووشەمێ مەلایاسین بانگی کردم:
+ کاکۆ.. سبەینێ دەبی بێیە لای مامی خۆت و لە چایخانەی هاریکاریم بکەی.
_ لۆ مام مەلا.. ئەدی گەنجۆ لە کێیە؟ گەنجۆ لە سەفەرێیە، یەک دوو ڕۆژی پێدەچی، ئەمنیش بە تەنێ دەرەقەتی ئیشەکەی نایێم. لۆیێ دەبی سبەینێ بێی. وەی بەسەرچاو.. بەس بەشەرتی کەبابی نیوڕانێ. کوڕی گێ بەگوارەی بە کەبابی مەمترسێنە.. با وەبی.
شەوێ لە خۆشی سبەینێ و ئیشکردن لە چایخانە و شان بە شانی مام مەلایاسین زۆر کەم نووستم، لەبەر داڵغەی ئیشی سبەینێ و ناو چایخانە و ماستاوی سەر بەکەف و پاقڵاوەی سەر بەشیلاوە و کەبابی نیوڕانێ.
سبەینێ زوو خۆم گەیاندە وێ، مەلا خەریکی مەنجەرە ماستەکان بوو، ئەمنیشی ڕاسپارد وەبەر مشتەرییەکان ڕابگەم و نەهێڵم گازاندەیان هەبی... هەر واشم کرد.
دەوری سەعات دە حەمەدەمینی وەستام بەژۆرێ کەت، هەر کە ئەمنی ئەوها دیت قیت قیت چایە و ئاو و ماستاوی دەگێڕم و ئاو ڕاوەستی ئەمن ڕاناوەست، بانگی کردم و پڕی دایە گوێم و چرپاندی: ها سیسی پیس، ئەدی لۆ لە دوکانێ ئەوها چوست نی؟ بە تۆپزی گوێم لە دەستی ڕاپسکاند، هەر ئەوەندەم پێ کرا برێم: حەزت لە چییە چایە یان ماستاو؟بەرەبەری نیوڕانێ مەلایاسین بردمیە لای قاوەچاغی و بە پستە پست گۆتی: ئەوەی لە گیرفانی شەروارت بپەستە (دەفتەرۆچکەیەکی چەند لاپەڕەیی بوو) بڕۆ ماری عەزیز دەراری، هەر لە کۆرانی خۆتانە، بە خۆی چاوەڕێت دەکا. ئەوەی ناو گیرفانتی بدێ و چ قسان مەکە، زوو وەرەوە ئەوجا نان و کەبابەکەی دەخۆین. ئیدی بەهەشتاو لۆی دەرچووم. لە ڕێیێ لە دری خۆم گۆتم جارێ زووە یەکسەر ناچمە وێ، دەچم لەکن حەمەرەحیمی پایسکلچی پایسکلەکی بەکرێ دەگرم تێر تێر لە کۆرانی خۆمان هەتا هەورازی ماری دایە سەید ئایشێ و دایە حاجی ڕازیەی تێ دەسووڕێمەوە. پاشان ئەمانەتەکەی دەگەینمە دەست مام عەزیزی دەرار.
هەر وام کرد، باژۆ پایسکلی باژۆ لەوسەری لۆ ئەوسەری، لەپێش دەرکەی حەسارێ بە تەناش هەر دەستام و تەپوتۆزم بەو ناوەی وەردەکرد و ئارەقەی ڕەش و شینم دەردابوو، هاتمەوە سەری کۆرانی خۆمان پۆلیسەکەی حەرەسی ماری معاون ساڵحی بوو ڕایگرتم، ئەمن بە ئەمری ئەو خوایەی ئەو کابرایەم هیچ نەدەحوباند، شتەکی لە دووڕ دەستی بوو، گۆتی: ئەوە لەتوکەت، ئی تووە؟ دەستم گێڕا گیرفانم بەتار بوو، درم کەوتە کوتە کوتێ. گۆتم: ببببببەرێ... زمانم تێک ئارا.
گۆتی: کوڕم جارێ ئەتو لۆ ئەو شتانە منداری، ئاقڵ نەبی لەکن بابت چوغڵت دەکەم. دەفتەرەکەی دایەوە دەستم هەر لێم وەرگرت و پێم لێنا چووم پایسکلەکەم تەسلیم کردەوە و گەڕامەوە کۆڵانێ پۆلیسی لێ نەمابوو، ئۆخەی هەر بەغار گەیشتمە بەردەرکەی مارەکەیی و دەقولبابم کرد دەم و دەست مام عەزیز بە خۆی هاتە دەرێ، نە ئەو دەنگ و نە ئەمن دەنگ، دەفتەرەکەم لە دوڕ دەستی نا، ئەو گەڕاوە دواوە و دەرکەی شیش دا، ئەمنیش هەر بە غار لۆ چایخانەی تێم تەقاند.
گەیشتمە جێ.. یەک سێنی کەباب لە کەبابخانەی مام وسوو کەبابچی تەنیشتمان گەیشت، ماستاو و تەماتە و پیاز و نانی گەرم شەڕیان بوو.
مەلا گۆتی: بردت؟
گۆتم: بردم.
گۆتی: دەوجا وەرە ئەو نان و کەبابەت لێ حەرار بی هەی مارەباب.ئەو نان و کەبابەی لە چایخانەی مەلایاسینی خواردم هەتا دەمرم تام و لەزەتیم لەبیر ناچیتەوە.[1]