قوماش 20
نووسینی: #ئوسامە جەمیل عەلی#
ئەو شەوەم لە ماری بازۆی بەڕێ کرد، هەتا نوێژی بەیانی نەنووستین، هەر قسەمان کردیە و پلانمان دانایە و بازۆ پڕۆڤەی پێ دەکردم کوو لەگەر قادرە فەندی دانیشم و قسەی بکەم، تەواو هیلاکی کردم، گۆتم: بازۆ بەسە وازم لێ بینە، با نوێژەکەی بکەم و بڕەکی بنووم، چیدی ماندیم بکەی، بەخۆم دەبمە قادرە فەندی و دەچمە کنی و دەرێم: کوڕم، دیارە کیژەکەی منت بە دریە لۆیێ هاتیە پێش! ئەویش هەتا مست دەگری لە چڕوچاوم دەدام و کەپوو و دەوم پڕی خین دەکا، ئەوجا پشتی ملم دەگری و بە شاپان هەتا دەرکەی حەوشێم دەبا، مندارەکانیشی لە باتی بێن لەبە دەستیم دەرینن، بە پێلەقان دەکەونە سەرم و فڕێم دەدەنە سەر جادەی! بازۆ گۆتی: تەبعەن دەبی ئەوەش لە پێش چاوی خۆت دانێی و خۆشەویستی قوربانی دەوێ، ئەتوو دەتەوێ مەم لە زیندانی بمری و فەرهاد کووتکەکی لە سەری خۆی دا و مامەر بدرێتە بەر تفەنگان لۆ ئەسمەری و نەجمەدین بیست چەقووی لە هەناوی بدرێ لۆ کیژخانی و ئەتووش بە سووک و سانایی بەفرینی بینی! گۆتم: بەفرین نیە هەورینە، بەس ئەتوو پێم برێ ئەو نەجمەدینە کێ یە بیست چەقوویان لە هەناوی دایە، لۆ هەتا ئێستا گێم لێنەبووە لاوکەک حەیرانەکی بەسەر دابرێن؟ گۆتی: لۆ ئەمن بەخۆم دەزانم نەجمەدین کێ یە هەتا بەتوو برێم، ئەوە هەر ناوەک بوو لۆم هات، بەس دەزانی چیە، ئەگەر چووی داوای دەستی بەفرینت کرد، داوای هەناریش بکە لۆ من! گۆتم: وەچاکە بچم نوێژەکەی بکەم، ئەو بەفرین بەفرینەی توو سەری من دەخوا!
نوێژم کرد و لێم پارداوە، وەختەکی بەخەبەر هاتم سعات یازدەی بەیانی بوو، تەماشام کرد بازۆ هێشتا پرخ و هۆڕیتی، گازم کرد: بازۆ، کورە بازۆ! سەری قیت کردەوە و گۆتی: سعات چەندە؟ گۆتم: یازدە، دە هەستە دەی، ڕێم لۆ بکەوە بابڕۆمەوە مارێ، چونکە لەوێ شەڕەکی گەورە چاوەڕێم دەکا، گۆتی: بەخۆم و تەورداسەوە بێم لەگەرت؟ گۆتم: نا چاوەکەم نا، پێویست ناکا، بازۆ گۆتی: ئەوە نانی بەیانی فت، نانی نیوڕانێ بخۆ ئەوجە بڕۆ! گۆتم: ناوەڵلا هەر ئێستا دەڕۆم! بازۆ قیت بۆوە و لە ژۆرێ چووە دەرێ ڕێم لۆ بکاتەوە، ئەمنیش هەستام جلکم لەبەر کرد و چاوەڕێی بازۆی بووم برێ وەرە دەرێ! هەندەی نەبرد بازۆ هاتەوە و گۆتی: دەبڕۆ دەفن بە دەی، بەس لەبیر نەکەی زۆر بە مسەقەفی لەگەر قەدوری قسەی بکە، خۆت مشەوەش نەکەیی و بە نەرم و نیانی بدوێ! گۆتم: خوا کەریمە، با بزانین کوو دەبی.
چوومە دەرێ، دیتم پلکە گەلاوێژ وا کەرستەی دۆڵمەی دانایە و قۆر و باسکی لێ هەرکردیە، گۆتم: پلە گەلاوێژ ئەمن دەبی بڕۆم، بمبورن ئەوشۆ بوومە ئەزیەتیش لەسەرتان! گۆتی: قەت نایێلم بڕۆی، دەبی نیوڕانێ دۆڵمەکەی لەگەمە بخۆی ئەوجە بڕۆی، ئەمن لەبەر خاتری توو دۆڵمەی لێ دەنێم! گۆتم: گەلە مەمنون مارت ئاوابی، هەونکە داک و بابم مشەوەش بووینە، لە دونێوە نەچوویمەوە مارێ! وەلحاسر بە هەزار دەردەسەری تانیم پلە گەلاوێژی ڕازی بکەم ئیزنم بدا، خواحافیزیم کرد و چوومە دەرێ، بازۆ هەتا دەرکەی حەوشێ لەگەرم هات و گۆتی: زوو خەبەرم بدەوە بزانم چت کرد و گەیشتیە کێ، گۆتم: خەمت نەبی یان لە سەرچۆپی بادانێ دەمبینیەوە یان لە قەبرستانی شێخ ئەحمەدی!
یاغر یاغر شۆڕ بوومەوە لۆ لای مارێ، گەیشتمەوە مارێ و دەرکەم کردەوە و چوومەوە ژۆرێ، دیتم بابم وا لە حەوشێ ڕاوەستایە و ئاگری دەکاتەوە، کلکی گۆپاری بە دەستی گرتیە و بە ڕاست و چەپ ڕایدەوەشێنێ، داکیشم وەکی کێشکەی هەردەلەرزی و ناوێری فزەی بکا، نێزیک بوومەوە و گۆتم: سەلاموعەلێک! بابم زۆر بە تووندی گۆتی: ئەوە لە دونێوە لە کێندەرێی کورە؟ گۆتم: وەڵلا لە ماری بازۆی برادەرم بووم، چووم سەرەکم لێدا، لەمێژبوو نەمدیتبوو، گۆتی: ئەتوو دیارە بازۆت پێ پیاو ترە لە بابت و مێوانی بابت، لۆیێ ئەمە بەجێدێلی و دەچیەوێ! گۆتم: ئەستەغفیرەڵلا بابە، ئەمن حەدم نیە ئەوها فکر کەمەوە! گۆتی: داکت پێی نەگۆتی: ماری مام حەمەدەمینی دێن؟ یەعنی نەتدەزانی لەبەتوو دێن، کوڕم ئەتوو چت دەوێ لەوەی زیاتر، کابرا کیژی خۆی بە کراسی بەری پێشکەش کردی! گۆتم: بابە ئەمن پێم گۆتی: خەجەم ناوێ، نامهەوێ یەعنی نامهەوێ! گۆتی: ئەدی کێت دەوێ ئەفەندی، بەمن نارێی کێت دەوێ، کیژی کافرۆشی؟ گۆتم: بەخۆت دەزانی کێم دەوێ، دە وەڵلا هەورینم لۆ نەینن، بەحەیاتی ژنێ ناینم و دەبی ئەو سەرەی بە ڕەبەنی سپی کەم! بابم هەموو قالبی دەهەژا و دەستی وەکی بی ناو ئاوێ دەلەرزی! گۆتی: دەوەڵلاهی مادام ئەوهات لێکرد بشمکوژن کیژی قادرە فەندیت لۆ ناینم، ئەوجە هەرچی دەبی باببی، گۆتم: دە وەڵلاهی مادام ئەوهای لێهات کیژی قادرە فەندی نەبی نامهەوێ، ئەگەر ئەو عەسرەش بەخۆم نەچوومە داخوازی مووی ئەو سمێرانە لە من نەهاتبی!
یاغر یاغر: هێواش هێواش، هێدی هێدی.
گۆپار: گۆچان.
کیژی کافرۆشی: ئەفسانەیەکە و گوایە زۆر جوان بووە و ئەفسەرێکی بەریتانی لە شاری #هەولێر# ڕفاندوویەتی و بردوویەتە بەریتانیا.
قەبرستانی شێخ ئەحمەد: گۆڕستانێکی گەورەیەو دەکەوێتە باکوری هەولێر.
ڕەبەن: سینگل.
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 590 times
Write your comment about this item!