هیچ شتێک سەرسامم ناکات
دەق: مەحمود دەرویش
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
گەشتیارێک لە ناو پاسەکەدا دەڵێ:
هیچ شتێک سەرسامم ناکات،
نە ڕادیۆ و نە ڕۆژنامەی بەیانیان، نە قەڵای سەر گردەکان.
دەمەوێت بگریم.
شۆفێرەکە دەڵێ: چاوەڕوان بە
هەتا دەگەینە ویستگەکە،
ئەو کات بە تەنها چەندە دەتوانی بۆ خۆت بگری.
خانمێک دەڵێ: هەروەها منیش،
هیچ شتێک سەرسامم ناکات.
نازی کوڕەکەم لەسەر گۆڕەکەم هەڵگرت،
سەرسام بوو، خەوی لێکەوت،
ئیدی ماڵئاوایی لێنەکردم.
خوێندکارێکی زانکۆ دەڵێ: منیش،
هیچ شتێک سەرسامم ناکات.
ئارکۆلۆژیام خوێند بەبێ ئەوەی لەبەردا
هیچ شوناسێک بدۆزمەوە،
ئایا بە ڕاستی ئەوە منم؟
سەربازێک دەڵێ: هەروەها منیش،
هیچ شتێک سەرسامم ناکات.
هەمیشە گەمارۆی تارمایی دەدەم و
گەمارۆم دەدا!
شۆفێرە توڕەکە دەڵێ: ئەوا ئێمە
لە کۆتا وێستگەکەمان نزیک بووینەوە،
ئامادەبن بۆ دابەزین..
هەموو هاوار دەکەن: دەمانەوێت
لەدوای کۆتا وێستگەش بڕۆین،
لێخوڕە!
بەڵام من دەڵێم: لێرەدا دامبەزێنە،
منیش وەک ئەوان هیچ شتێک سەرسامم ناکات،
بەڵام ماندوو بووم لە گەشت.[1]