قوماش 69
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
حوکمەت زۆر بە توندی لەدوو بازۆی دەگەڕا، گەڕەک بە گەڕەک و کۆران بە کۆران و مار بە ماری دەپشکنی، ئەوەی باشبوو لە ئێسگەی سەرێ خیندیانەوە، کەوا ئەو پێشمەرگەی لە هێرشەکەی هەولێرێ بریندار ببوو، بە سەلامەتی گەیشتەوە شوێنی خۆی، ئەوە حکومەتی سارد کردەوە و وازی لەوەی هینا بازۆی بگری، وەکی وەزعەکە بە تەواوی هێور ببۆوە، بازۆ لە ڕێی یەک دوو نەفەری ڕکخستنی ناوخۆ تانیبووی شەوەکی هەولێری بە جێبێلی و دەربچی، هەر ئەو ڕۆژی گەیشتبووە جێی خۆی لە ئێسگەی تۆمارەکی دەنگی بازۆیان لێدا و ڕایگەیان ئەو گەیشتەوە ناو پێشمەرگەیی و سەلامەتە، ئەگەر یەک ڕۆژ لە تەمەنی مابی، قەت واز لە کوشتنی ئەو سەرۆک جاشەی ناینی! ئەمە لە مارێ درمان زۆر خۆشبوو کەوا بەزۆ بە سەلامەتی دەرچوو، سوپاس خوای گەورەمان کرد، کەوا ئەوجارە خوای مەزن نەیهێشت دری داک و بابی بازۆی پڕ خەم بی!
پاش عەسرێ لەگەر داک و بابم دانیشتبووین، داکم سەماوەری دانابوو، چایەکی عەسری دەرەجە ئێکی لێنابوو، چایەمان دەخواردەوە وەکی لە دەرکەی درا، چووم کردمەوە دەبینم فەوزیە خانی داکی هەورینیە، وەکی چاوم پێی کەت شاگەشکە بووم، هەموو برینم هەرتەکا و ئاگرم لە هەناوی بەربوو، ئاخر چاوەکانی هەورینی ڕێک لە چاوی فەوزیە خانی داکی دەچوو، هێمنی و نەرم و نیانی و زەردەخەنە ناسکەکەی لێوانیشی هەر لەوی وەرگرتبوو! فەوزیە خان سەلامی کرد و زۆر بە گەرمی بەخێراتنم کرد، فەرمووم لێکرد و هاتە ژۆرێ، داکم و بابم وەکی چاویان بە فەوزیە خانی کەت قیت بوونەوە و بەرەو پیری هاتن، داکم باوەشی پێکرد و تێر تێر ماچی کرد، فەوزیە خان هەردوو چاوی پڕی ئاو بوون، خۆی پێ ڕانەگیرا و تێر گریا، بابم بەخێراتنی کرد و ئەحواری مندارەکانی پرسی و دوعای خێری لۆ قادرە فەندی کرد، فەوزیە خان دانیشت و بەخێراتنمان کرد، داکم چایەکی لۆ تێکرد و لە پێشی دانا، فەوزیە خان چایەکەی تێکدا و پیارەکەی برند کرد، فرمێسک لە هەردوو چاوی هاتە خوارێ و گۆتی: هەزار ڕەحمەت لەگۆڕت قادر، چا خواردنەوەی عەسران هەر لەخۆت دەهات، وەکی لە بن سێبەری دار پرتەقارەکەی حەوشێ دادەنیشتی و دەتگۆ: کیژم هەورین، دەبینە چایەکی لۆ بابت بینە، ئەمان یەک ڕەنگبی ها! وەکی فەوزیە خان ناوی هەورینی هینا، ئەمن ئاگرم لە هەناوی بەربوو، داکم و بابم تەماشایەکی منیان کرد و سەریان نووی کرد، زانیم ئەو سەر نوویکردنە مەعنای خەمەکی ئێجگار گەورەی دەدا لە دری داکم و بابم!
بابم لۆ ئەوەی مەوزوعەکەی بگۆڕی، گۆتی: ئەرێ فەوزیە خان مندارەکان کوونە، ئەدی زریان باشتر نەبووە؟ فەوزیە خان گۆتی: وەڵلاهی برێم کوونە، کوو برێی خراپن، مردنی قادری زۆر تەئسیری لێکردینە و نایێنەوە سەرەخۆ! بابم گۆتی: فەوزیە خان لەوە پاش دەبی ئەتوو دەوری قادرە فەندیش ببینی و نابی بێلی مندارەکان پەڕاگەندە بن، ببە ڕەشمار و خۆیان بە سەر دابینە، ئیدی ژیان ئەوهایە و هەموومان دەڕۆین، نازانین کیهانمان پێشی کیهان دەڕوا، گۆتم: ئەدی هەورین کووە فەوزیە خان؟ گۆتی: برێم کووە کوڕم، ئەوها بڕوا ڕۆژەکی هەر خۆی دەکوژی، هەرچەندی برێی بێزارە، زۆر جار کە دێتە کنەمە لە مارێ. دەرێ: دایە! ئەگەر ڕۆژەکی خەبەریان دایێ ئەمن مردیمە و نەمایمە گەردەنم ئازا کە، ئەمن دەزانم ناتانم هەتا سەری لەگەر ئەو کابرایە بێنامووسەی ببەمە سەری! وەکی فەوزیە خان ئەو قسەی کرد، ڕنگەم لە دری وەهات و ترسەک هەموو لەشی داگیر کردم، ترسی ئەوەی ڕۆژەک لە ڕۆژان هەورین فیشەکەکی لە تەپلی سەری خۆی بدا، یان تەنەکە نەفتەکی بە خۆی داکا و خۆی بسووتێنی! ئەی ژیان چەند قورسی، کوو لەمن بوویە هەوری ڕەشی بەهارێ و تاو نا تاو تەزرە و تۆفانی خەمم بە سەر دادەبارێنی!
بابم گۆتی: هەورین کوو ئەو ئیشەی دەکا، ئەو دنیایەی چووە و دەیەوێ قیامەتیشی بچی! فەوزیە خان گۆتی: دەزانی لە چ خەمەکی دایە، ئەو ئێستا لە ماری ئەو کابرایەی حساب کە لە جهەنەمێ دەژی، داکم گۆتی: فەوزیە خان نەسیحەتی بکە، برێ کیژم شتی وا نەکەی، گوناحەکی گەلە گەورەیە، دوایێ ئەو چشتەکی لەخۆ بکا، ئەنگۆش هەموو وەزگ دەدەن لە خەمان! گۆتم: فەوزیە خان، ئەو ڕۆژی پێم گۆتی: بڕۆ هەورینی بینە ماری خۆتان، چونکە وەزع باش نیە لە ماریان، هات لەگەرت یان نا؟ گۆتی: ناوەڵلا، ئەو نامەردە ئیزنی نەدا و نەدا، وەکی برێی هەستم کرد دەیزانی شتەک دەبی، لۆیێ وەکی چووم پێمگۆ با هەورین بێتە ماریمە، ماری خۆی پڕی جاش و چەکدار کردبوو، هەتا زەلامیشی لەسەر بانی دانابوو، پێدەچوو خەبەریان دابیتێ! گۆتم: ڕاستە، خەبەری هەبووە، ئەگەر خەبەری نەبایە، دەیانتۆپاند و ئەو هەموو پێشمەرگەش شەهید نەدەبوون! گۆتی: ئەمن زۆر دەترسێم ڕۆژەکی ئەو سەگبابە بەخۆی هەورینی بکوژی، هەندی ئەزیەت دەدا هەتا خوا دەرێ بەس! ئەو قسەی لەمن وەرگرن، یان ئەو کابرایە هەورینی دەکوژی، یان هەورین خۆی دەکوژی! ئەمن و بابم و داکم زۆر بێتاقەت بووین لەو وەزعەی، درمان خەمی لێ دەباری، نەمان دەزانی نە خەمی خۆمان بخۆین، نە ئی بازۆی، نە ئی هەورینی! گۆتم: باشە فەوزیە خان چبکەین چارە چیە؟ گۆتی: وەڵلاهی ئەمنیش لۆ هەندێ هاتیمە چارەکی ببینینەوە، بابم گۆتی: بە ڕەئی توو چارە چیە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا فەوزیە خان، دە ڕێیەکمان لۆ دانێ! ئەویش ڕووی لەمن کرد و گۆتی: ئەمن زۆرم پێ خۆشە، ئەگەر بکرێ ئەتوو قسەی لەگەر بکەیی و دری بدەیەوە، پێی برێی سەبر بگری بەشکوو خوای گەورە دەرکەکی خێری لێ دەکاتەوە، گۆتم: ئەوجە ئەمن کوو دەتانم قسەی لەگەر بکەم، وەڵلا پیاوەکەی بزانی ئەویش دەکوژی و ئەمنیش دەکوژی! گۆتی: قەولە لەو دوو سێ ڕۆژەی ئەو جاشە بچتە بە غدایێ، سەدام لە دووی ناردیە نەوتولشوجاعە(نیشانەی ئازایەتی)ی بداتێ، بەو حسابەی پیاوەکی زۆر دڵسۆزی سەدامیە، ئەوجە ئەگەر ئەو بچتە بەغدایێ، هەورین دەتانی بێتە ماری مە، وەکی هات خەبەرت لۆ دەنێرم، بەشکوو بێی بیبینی و تۆزەک دری بدەیەوە، بەخوای ئەمن دەزانم لەو دنیایەی بەس گێ لەتوو دەگری و بەس بەگێی توو دەکا، ئەگەر دەزانی ئەو هەورینە چەند ئەتووی خۆش دەوێ! ئەمنیش تەماشا بابم کرد بزانم چ دەرێ و بڕیاری چ دەدا، نەموویست لە خۆمەوە شتەکی بکەم، نەوەک داکم و بابم پێیان ناخۆش بی، بابم بەینەکی داما، دوایێ گۆتی: فەوزیە خان، ئەتوو وا تێناگەی ئەو پیاوە ئەگەر بچتە بەغدایێش، یەک دوو جاشان دابنێ لە دەوروبەری مارینگۆ و چاودێریتان بکا، بزانی کێ دەێتە ژۆرێ و کێ دێتە دەرێ! فەوزیە خان فرمێسک بە هەردوو چاوی داهاتە خوارێ و گۆتی: ئەدی هەورینی کیژم ڕۆژەکی خۆی بکوژی و ئەمەش ماروێران بکا، بکە لە ڕاهی خوای ئیزنی بدە بابێ دوو قسەی لەگەر بکا، بابم کەتە ئەمری واقیع و گۆتیە من: ئەتوو چ دەرێی کوڕم؟ گۆتم: ئەمر ئەمری تووە بابە، چیبرێی لە قسەت دەرناچم! بابم بەینەکی بێ دەنگ بوو، ئەوجە سەری برند کرد و گۆتی: بڕۆ کوڕم بڕۆ، ئیشاڵلا خوا دەتپارێزی!
دوو سێ ڕۆژ پێچوو، ڕۆژەکی دختۆر شێرۆ هاتەوە مارێ، تڕومبێلی ڕاگرت و لۆلای من هات، سەلامی کرد و گۆتی: با خەبەرەکی عەنتیکەت بدەمێ، گۆتم: خێر؟ گۆتی: ئەوڕۆ بەدە بێ دەرپێیان هینا تەواری، هەموو قالبی گوللە بوو، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: وەڵلا برایەکانی تەحەمولیان نەکردبوو، چووبوونە مارێیی و دابوویانە بەر گوللان، گۆتم: مرد؟ گۆتی: ناوەڵلا، کاکە دەتگۆ پشیلەی حەفت ڕوحە، بردیانە عەمەلیات و هەشت سعات لەژۆرێ بوو، بێنامووسەی گوللەکان جێی خەتەریان نەگرتبوو، عەمەلیاتیان کرد و لە خەتەریات قورتاری بوو، گۆتم: بەڕاستتە؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا، ماخران هەموو دائیرەی ئەمن لە خەستەخانەی بوو، ئەو هەموو مەسوول و زابتە گەورە هاتبوون، گۆتم: دەزانی خەمی چمە؟ شێرۆ گۆتی: خەمی چ؟ گۆتم: دەترسێم ڕۆژەک دابێ و دنیا بگۆڕێ، بەدە بێ دەرپێ برێ ئەمن تەنزیم داخیلی بوویمە لۆیێ لێیان دایمە و معاشەکی باشی لۆ ببڕێتەوە و لە بەدە بێ دەرپێی ببیتە بەدە شۆڕشگێڕ!
مایتی![1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 538 times
Write your comment about this item!