قوماش 74
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
هەرچەند کردم نەمتانی هەستمەوە، ئەمنەکە ڕایکێشامە دەرێ، چاوی بەستم و کەلەپچەی لە دەستی کردم، قۆری گرتم و قیتی کردمەوە و لە دووی خۆی ڕاکێشام، ئەمنی بردە ژۆرەکی، لەسەر کورسیەکیان دانام، چاویان کردمەوە، زەلامەکی قەرەو لەپشت مێزی دانیشتبوو، فایلەکی لە پێشبوو، پەڕەکانی هەرگێڕو وەرگێڕ دەکرد، سەری برند کرد و تەماشایەکی منی کرد، فایلەکەی پێوەدا و جەڕەسەکی لێدا، ئێکەک هاتە ژۆرێ و گۆتی: نعم سیدی(بەرێ گەورەم)! ئەویش گۆتی: جیبولە چای(چایەکی لۆ بینن)، کابرا چووە دەرێ و بڕەک پێچوو، هاتەوە و چایەکی لە پێش دانام، چونکە دەستم بەسترابۆوە، کابرا زانی ناتانم چایەی بخۆمەوە، لۆیێ بە ئیشارەت گۆتیە ئەمنەکەی دەستی بکەوە! ئەویش دەستی کردمەوە، زابتەکە بە عەرەبی دەستی بە قسان کرد، قسەکانی ئەوەبوو: ئەتوو کوڕەکی باش و فەقیری، لە مەکتەب و کولیەش زیرەک بووی، داهاتووەکی باشت لە پێشە، دەتانی بخینی و ماجستێر و دکتۆرای بینیەوە، چت لەو سەر ئێشەی دایە، لۆ خۆت تووشی ئەو کێشە و دۆخەی دەکەی، کێ منەتی پێیە، ئەوانەی ئەتوو لەسەریان تەعزیب دەدرێی، هیچ منەتیان پێنیە و ڕۆژەک دادێ لۆت وەدەر دەکەوی، لەبەر هەندێ پێم باشە موڕاجەعەکی خۆت بکەیەوە و چت هەیە بەمە برێی، وەعدبی ئەمەش ئاسانکاریت لۆ بکەین و بەسەلامەتی بتنێرینەوە ماری خۆت و چاوت گەش بیتەوە بە داک و بابت، خۆ ئەگەر بە گێشمان نەکەیی و منجڕی بکەی، ئەوە ناچار دەبین بە نەوعەکی دی معامەلەت لەگەر بکەین!
زۆری قسەکرد، پاشان گۆتیە من: دەوجە ئەتووش قسەم لۆ بکە و بزانم چدەرێی؟ ئەمنیش هەر قسەی جارانم کردەوە و گۆتم: انی میعرف عربي(ئەمن عارەبی نازانم)! کاکە وەکی ئەمن ئەو قسەم کرد شێت و هار بوو، جەڕەسی لێدا و ئێکەک هاتە ژۆرێ، بە ئیشارەت گۆتی: بیبەن! دوو زەلامی قەرەو هاتنە ژۆرێ و لە دوو خۆیان ڕاکێشام، ئەمنیان بردە ژۆرەکی دی و دیسان بە کێبلان کەتنە سەرم، نە دەمەک و نە دوو و نەسێ! هەندیان لێدام هەتا هیلاک بوون، ئەو دووەیان گۆڕی و دووی دییان هینا، ئەوانیش هەتا هیلاک بوون لێیان دام، ئەوجە سەراو بن بە پانکەیان وەکردم و چوونە دەرێ، لەتاو ئازاری هیچ ئاگام لەخۆم نەمابوو، لە خۆچوو بووم، وەختەکی پەقرەجە ئاوەکیان پێداکردم و بە خەبەر هاتمەوە، دیسان کەتنەوە سەرم بە کێبلان، وەلحاسر با سەرتان نێشینم، سێ مانگی ڕێک ئەمن تەعزیب درام، بە تاقی تەنێش لە ژۆرەکی بووم، کەسم لەگەر نەبوو، کەسیشم نەدەدیت، هەرچەندی لەگەرم خەریکبوون، ناوی شێرۆم نەداو نەدا، ئاخیر جار گۆتم: مادام دەزانن مزەمیدەک چوویتە مارەکەیی و تیماری بازۆی کردیە، لۆ نەچوون بیانگرن؟ زابتەکە گۆتی: ئەو مزەمیدە سەگبابی وەکی خۆی نەبووە، هەر چووبووە ژۆرێ لۆ کن بازۆی، ڕاست قۆری گرتبوو، برندی کردبوو و بەسەبانی دا بردبوویە مارەکەی پشتەوە، لەوێش چووبووە دەرێ و بە تڕومبێلەکی گواستبوویانەوە لۆ گەڕەکەکی دی و بازۆمان لێ بزر بوو، لەگەویش مزەمیدەکە خۆی دەرباز کرد و بزر بوو!
شەوەکی سعات دووی شەوێ ئەمنیان برد لۆ تەعزیب و تەحقیقی، زۆریان لێدام و پێم لێ نەنا، ئاخیر جار زابتەکە جغارەی بە زگی وەنام و هەمووی سووتاند، یەک بە دەنگی هاوارم دەکرد و کەس گێی نەدەدامێ، ئاخیری کە تەواو بێ هیووی بوو لەوەی ئەمن پێ لێ بنێم و ناوی مزەمیدەکەی برێم، بەرامبەرم ڕاوەستا و گۆتیە ئەو دوو سێ کەسەی تەعزیبیان دەدام: ڕوحوا جیبوا هەورین(بڕۆن هەورینی بینن)!
ئاگرم لە هەناوی بەربوو، کار گەیشتە ئەوەی هەورینی بینن، دەزگا ئەمنیەکان ئەوها دڕندەن، کە زانیان ئێکەک پێ لێنانێ و کوویان دەوێ ئەوها قسان ناکا، دێن لەڕێی عەرز و نامووسی زەغتی لێدەکەن، ئەوە ئەوپەڕی دڕندەیی و هیچ و پوچی دارو دەستەی دکتاتۆرەکانە! ئەمن لەو دەمی بەتەواوی خۆم لەبیر کرد و هەموو فکر و خەیارم چووە سەر هەورینی، ئاخر ئێستا بیهیننە ئێرە و لەبەرچاوی من بیانەوێ هەموو شتی لەگەر بکەن هەتا پێ لێ بنێم، زۆر زەحمەتە زۆر، دەتوو بینە بەرچاوت ئەتوو لە جێی من بی چدەکەی؟ باش دەزانم وەکی من دەکەیی و هەتا هێزت تێدایە هەردوو دەستت برند دەکەیە عاسمانێ و دەرێی: خوای گەورە ڕوحم بکێشە با بمرم، بەس ئەو دیمەنەی نەبینم!
ئەی ژیان، چەند قورسی، هەندەک جار چەند بە ئازاری و بە یەک چرکەی هەموو خۆشیەکانمان سفر دەبی، ئەتوو برێی لەسەر پشتی ئەو عاردەی لە بنیادەمی دڕندە تر هەبی؟ بڕوا ناکەم، ئاخر لۆ دەبی مرۆڤ برای خۆی بچەوسێنتەوە و ئازاری بدا و ژیانی لێ تار بکا و بیکوژی، بەس لەبەر ئەوەی جارەک لە جاران دەرێ: ستەم بەسە، دزی بەسە، گەندەڵی بەسە، کوشتن بەسە!
فکرم لەوەی دەکردەوە، ئەتوو برێی ئەو سەرۆک جاشە ڕازی بی، هەورینی تەسلیمی دائیرەی ئەمن بکا، ئاخر هەورین ئێستا خێزانی ویە و نامووسی ویە، قەت نەمدەتانی باوەڕ بەخۆم بکەم ئەو سەرۆک جاشە ئەوەی بکا، بەران هەر کەسەک خائین بی و دژی قەوم و نەتەوەی خۆیبی و خۆفرۆشبی، دەبی چاوەڕێی هەموو شتی لێبکەی، خائین واتە خۆفرۆش، واتە بێنامووس، واتە بیژی(زۆڵ)! ئەمن دەگریام و فرمێسک بە هەردوو چاوم دا دەهاتە خوارێ و خۆزگەم دەخواست زەمەن ڕاوەستی و میلی کاتژمێری لەجێی خۆی نەجوولێ و نەجوولێ، هەتا هەورین نەگاتە دائیرەی ئەمن و ئەمن بەو وەزعەی نەبینی و خۆشی تووشی هەزار ژان و ئازار نەبی، لە هیکڕا سەرۆک جاشەکە بە خۆی هاتە ژۆرێ، پرچی هەورینی گرتبوو و لەدوو خۆی ڕادەکێشا و هینایە ئەو ژۆرەی ئەمنی لێبوو، گۆتیە زابت ئەمنەکەی: سیدي اتفضل جبت هاي الکحبة(گەورەم فەرموو، بە دەستی خۆم ئەو قەحپەم هینا)!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 610 times
Write your comment about this item!