قوماش 96
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
موختارمان بەجێهێشت و گەڕاینەوە لای مارێ، چووینەوە ماری شێرۆی، خێزانەکەی گۆتیە بابم: چتان کرد، نەتاندیتەوە؟ بابم گۆتی: سەرە داوەکمان بە دەست کەتیە، لەسەر سیاسەت نەگیرایە، خێزانی گۆتی: ئەدی لەسەر چ گیرایە، خۆ نارێی لەسەر فەلیمی ئیبراهیمی گیرایە، بەو قسانە درم دەدەنەوە، وەڵلا ئەمن بزانم شێرۆ لە تڕی سەی چوو، ئەوجە پاشی شێرۆی کێ لە دیار فەلیمی برایمۆکی بگریێ! ئەمن و بابم ئەعسابمان لەو ژنەی نەمابوو، باسی هەرچمان بکردبا دەیهیناوە سەر فلیمی ئیبراهیمی! ئەو ڤیدیۆیە مێشکی ئەو ژنەی تێکدابوو، شێرۆی ماری کم حەفتەی جارەک ڤیدیۆی بەکرێ دەهیناو لە دیار فلیمی ئیبراهیمی فرمێسکی دەڕێشت، مندارەکانیش وەکی خۆی لێکردبوو، ئەمن ویستم دری ژنەکەی بدەمەوە، گۆتم: خوشکم خەمێ مەخۆ، دختۆر شێرۆ ئیشی خۆی باش دەزانی و بەخۆی دەزانی چدەکا و چناکا! گۆتی: وەڵلا ئەوجارە لە تڕی سەش نازانی و هیچ ئیشی خۆشی نازانی، هەر ئەو قسانەش سەری شێرۆی خوارد! بابم گۆتی: کوڕم وازی لێبینە و چیدی لەگە مەرێ، بەستەزمانەی دری بریندارە، ئیشاڵلا خوای گەورە لۆی ئاسان دەکا!
بووە سعات ئێکی شەوێ، سەرکەو بنکەکانی شێرۆی هێدی هێدی خەویان لێکەت، ئەمەش هەر لە ماری وان بووین و چاوەڕێ بووین خەبەرەکی شێرۆمان دەستکەوی، قادری جیرانمان چونکە لە ئیشێ هاتبۆوە ماندی بوو، هەر کووتکە خەوی دەهاتێ، بابم گۆتی: قادر ئەتوو بڕۆ پاردەوە، ساحێب ئیش و مەسلەحەتی و دەبی سبەینێ زوو بڕۆی، ئەمە وا لێرەینە! قادر گۆتی: نانا قەیدی ناکا، ئەمنیش ئەوە جارێ لێرەمە، ئەمە لەو قسانە دابووین، گێمان لە ئیستاپەکی تووندی تڕومبێلەکی بوو لە دەرێ، غارمدا دەرێ بزانم چیە، دیتم پیکابەکی جاشان بوو، شێرۆیان لە پێش دەرکەی فڕێ داو ڕۆیشتن، گۆتم: ئەوە ئەتوو شێرۆی؟ گۆتی: ناوەڵلا بەدیلەکەمە بەخۆم نیمە! گۆتم: ئەوە ئەتوو چت بەسەرهات ماخران، ئەمەت لە خەمان کووشت، گۆتی: جارێ بابچینە ژۆرێ!
چووینە ژۆرێ و ژنی شێرۆ خەنی بوو، هەستاوە و هەلهەلەکی لێدا و باوەشی بەشێرۆی کرد، شێرۆ گۆتی: مەیکە فلیمیئیبراهیمی، چایەکم لۆ لێنێ! شێرۆ سەلامی کرد و بابم و قادر دۆقەیان لەگەر کردو بەخێراتنەوەیان کرد، شێرۆ دانیشت و بابم گۆتی: تێمابگەینە لۆ گیرایی و کوو بەربووی؟ گۆتی: هێوارێ پێشی لە تەواری بێمەوە، سەرۆک جاشەکیان هینا تەواری قالبی تێکچووبوو، دختۆر دەرزیەکی لۆ نووسی، ئەمنیش لێمدا، دیاربوو بردبوویانەوە مارێ و لە مارێ لەخۆچووبوو، سەگبابەک گۆتبووی، ئەو دەرزیە وەی لێکرد، ژنی گۆتبووی بڕۆن بزانن کێ لێیدایە بیهینن، چووبوونە تەواری و ناونیشانی ماری منیان وەرگرتبوو، ئیدی هاتن لوولیان دام، باشبوو هەتا چووینە ماریان بڕەک بەخۆ هاتبۆوە، دیاربوو زەختی دابەزیبوو، ئیدی ئەمنیان ڕاگرتبوو لەوێ، هەرکی دەهات پێلەقەکی تێهەردەدام، دەیانگۆ وەڵلا خار بمری لەگەوی لە قەبریت دەنێین! خوا ڕەعمی بە مندارەکانم کرد کابرا نیوسعات پێش ئێستا بەتەواوی هاتەوە سەرەخۆ، سەری برند کرد ئەمنی دیت، گۆتی: ئەو زەلامە چدەکا لێرە؟ گۆتیان: وەڵلا لەبەتوو هینایتمان، گۆتمان ئەگەر خوانەخواستە چشتەکت لێبێ، ڕاست بیکوژین! ئەویش گۆتی: بابە ئیزنی دەن ئەو بەستەزمانە گوناعی نیە، ئیدی بە شاپان ئەمنیان هیناوە مارێ! بابم گۆتی: ئەلحەمدولیللا هەر بەوەندەی بوو، ئەمە ترساین دائیرەی ئەمن ئەتوویان بردبی، خوا بتپارێزی و ئاخیر موسیبەتە، کاکە هەستن بابڕۆین، با ئەو مارەش ئیسراحەت بکەن، شێرۆ گۆتی: دەمەڕۆن توخوا، فلیمەکی زۆر عەزینی(حەزین، خەمناک) ئیبراهیمم هینایە، با پێکەوە تەماشا بکەین! قادر قرپەستوور گۆتی: ئەگەر ئەو فلیم و ملیمانە سەری نەخواردی ئەمن قەدوری نیمە!
نانی بەیانیم خوارد و جلکم گۆڕی و گۆتمە داک و بابم: وا دەچمە تەجنیدی و کتابەکەیان تەسلیم دەکەم، گۆتیان: دەبڕۆ کوڕم بڕۆ خوا ئاگادارت بی، شۆڕبوومە لۆ لای مەزگەفتی شێخ مستەفایی و چوومە تەجنیدی، دیتم زۆر قەرەبارغە و بە ئاسانی ناتانی بچیە ژۆرێ، هەرکووی هەبوو بە هەزار دەردەسەری چوومە ژۆرێ، لە پەنجەرەکی کتابەکە و دەفتەر خدمەم تەسلیم کردن و گۆتیان: چاوەڕێ بکە، ئەمن زووتر ناوم هاتبوو لۆ عەسکەری، بەران چونکە تەلەبە بووم تەئجیل کرابووم، چووم لەناو هەدیقەکەی ڕاوەستام و چاوەڕێ بووم ناوم بخیندرێتەوە، بەینەکی باشی پێچوو لە پەنجەرەکەی ناویان خیندمەوە، بە دەردەسەری گەیشتمە پەنجەرەکەی، نائیب زابتەک دەفتەر خدمە و کتابەکی دامە دەستی و گۆتی: دەچیە بەغدایێ و لای جسر دیالەی معەسکەرەک هەیە، لەوێ دەبیە عەسکەر و دەبی لەماوەی سێ ڕۆژی پەیوەندی بکەی، ئەگەر ناحیسابی فیرارت لۆ دەکرێ! کتاب و دەفتەر خدمەکەم وەرگرت و بە دەردەسەری کشامەوە پاش، ئیدی لە تەجنیدی چوومە دەرێ و گەڕامەوە لای مارێ.
چوومەوە مارێ دیتم بابم لەبن هەیوانێ دانیشتیە و قورئانی دەخینی، سەلامم کرد و دانیشتم، داکم خەریکی شیو لێنانێ بوو، هاتە دەرێ و گۆتی: چبوو کوڕم؟ گۆتم: وەڵلا کتابیان لۆ کردم و ڕەوانەی بەغدایێیان کردم، داکم گۆتی: ئەی لۆت نەمینێم ڕۆرە، ئەوجە کوو ئیدارە دەکەی لە بەغدایێ، گۆتم: خوا کەریمە دایە، ئیشاڵلا خوا ئاسانی دەکا، بابم گۆتی: کەنگی دەڕۆی؟ گۆتم: سێ ڕۆژیان لۆ دانایمە، گۆتیان دەبی ڕۆژی سێیەم لەوێبی، گۆتی: خوا بتپارێزی کوڕم، بەران زۆرت ئاگا لەخۆبی، هەر چشتەکیش بوو وەرەوە، نەکەی لەوێ بمینێیەوە، گۆتم: خوا کەریمە، تەئکیدبە بەگێت دەکەم!
ئەو یەک دوو ڕۆژەی کەل و پەلم ڕێکدێخست و خۆم حازر دەکرد لۆ چوونە بەغدایێ، چووم سەریشم تراشی، چونکە لە عەسکەری هەر بەرگت لەبەر کرد ڕەقەم چارت لە پرچی دەدەن! داکم زۆری خەم بوو، هەر دەهات و دەچوو و فرمێسکی دەڕێشت، بابیشم تەواو بێتاقەت ببوو، بێتاقەتی وان لەبەر ئەوەی بوو شەڕی عێراق ئێران بوو، ئاخر ئاسان نەبوو لەو شەڕەی دەرباز بی، پێشان سێ مانگ لە مەرکەز تەدریبی دەمایەوە و تەدریبی عەسکەریان پێدەکردی، لەگەر ئەو شەڕەی لە ماوەی چل و پێنج ڕۆژی ڕەوانەی شەڕیان دەکردی!
شەوی ڕۆێشتنەکەی خواحافیزیم لە دەرو دراوسێیان کرد و گەردەنی خۆم پێ ئازاد کردن، لۆ سبەینێش نانی نیوڕانێم خوارد و خواحافیزیم لە داک و بابم کرد، گۆتیان: مادام لەگەر دختۆر شێرۆی دەچیە گەراجی بە غدایێ، ئەمەش هەتا وێ لەگەرت دێین، ئیدی دختۆر شێرۆ بەخۆو بە لادەوە هات و جانتاو کەل و پەلم هاویشتە سندوقی و بابم لە پێشەوە سوار بوو و ئەمن و داکیشم چووینە پشتەوە و پێمان لێنا لۆ گەراجی!
گەیشتینە گەراجی و گەراج فوول بوو، جاحێری لایەکی ئەو شارەی عەسکەر بوون و دەگەڕانەوە عەسکەری، هەبوو لۆ بەسڕەی دەچوو، هەبوو لۆ عیمارەی، هەشبوو نەجەف و کەربەلا، چونکە هەمووی دەبا بە بەغدای دابچی، مەنشەئەی بەغدایێ زۆر کەمبوو، بەینەکی ڕاوەستاین و هیچ نەبوو، ئەو عالەمە هەمووی چاوەڕێبوو، وەختەکی جاحێرەک هاتە تەنیشتم، بە سەبری گۆتی: دەچیە بەغدایێ؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: دەبیە عەسکەر؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: وەڵلا ئەمنیش دەبمە عەسکەر، خزمەکمان مەنشەئەکی هەیە، بەدزی لەو دیووی ڕاگرتیە، وەرە بە بێدەنگی پێکەوە بچین و سواربین، گۆتم: کووە لەو هەموو خەرکەی بەمن دەرێی؟ گۆتی: وەڵلاهی هەند بە فەقیری ڕاوەستابووی زگم پێت سووتا، دەست دە جانتات با بچین، ئیدی خواحافیزیم لە داکم و بابم و شێرۆی کرد، داکم و بابم زۆر گریان، باوەشیان پێکردبووم و بەریان نەدەدام، هەرکووی هەبوو لێیان جوودابوومەوە، ناهەق نەبوون، لەو ڕۆژگاری بوونە عەسکەر یەعنی چوونە ناو ئاگری! لەگەر ئەو جاحێرەی بەڕێکەتم و چوومە دەرێ، لەڕێیێ گۆتم: ناوت بەخێر؟ گۆتی: سەفین!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!