قوماش 111
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
کەتینە دوو ئێکدی و هێدی هێدی بە قەدی چیای هەرگەڕاین، چیایەکە هەند برند بوو، ئەوەی لە دووری تەماشای بکردباین وایدەزانی مێرووستانین و بە دیواری هەردەگەڕێین، لۆمن کە یەکەم جارم بوو سواری هەسپی دەبووم و بەو چیایە سەختەی هەردەگەڕام ئاسان نەبوو، برادەرەکانیش هەندیان ترساندبووم، شەڕی مردن و هەردێرانم دەکرد، زۆر جار ترس پیاوی زۆر ئازا دەکاو شەڕی مەرگی دەکا، ئەمن ڕێک ئەوهام لێهات، هەموو لەشم بووە یەک پارچە لە بەرگری و سەرکەتن، گۆتم: دەبی بگەمە سەر ئەو چیایەو ڕزگارم ببی، نە تەماشای پشتەخۆم کرد و نە خوارە خۆم، چونکە لە بەینی سوارەکان بووم، جرەوی هەسپەکەم شل کردبوو، هەتا بەخۆی لە دوو هەسپەکان بڕوا، بە گێرەی ڕۆیشتنی هەسپەکەی پێدەچوو یەکەم جاری نەبی بەو توولە ڕێیەی سەردەکەوی، زۆر بەزیرەکی پێی دادەناو شاقاوی دەهاویشت! ئێک لە سوارەکان گۆتی: کوڕینە دوعای بکەن کۆپتەر نێ، چونکە لەوانیە بمانبینن و تەقەمان لێبکەن، زۆر جاریش لەگەر دەنگی کۆپتەری ئەو هەسپانە دەڕەونەوە، ڕەوینەوەش یەعنی هەردێران! ئەو قسانە لۆمن قورس بوون، ترسەکم لێنیشت، باشە ئەگەر کۆپتەر بێ چبکەین، کوو دەرباز دەبین، ناکرێ لە هەسپیش دابەزی و خۆمات کەی، ئەو توولە ڕێیە بە دەردەسەری جێی پێی ئەو هەسپانەی لێ دەبتەوە، ئیدی کوو دەتانین خۆمان فڕێدەین و خۆ مات کەین، لەو خەیارانە دابووم ئێکەک گۆتیە من: کوی؟ گۆتم: دەبی کووبم، وا دەمبینی، گۆتی: ئەمن بزانم ئەتوو دەرباز دەبی، گۆتم: کوو دەزانی؟ گۆتی: سەرو شکلت پێدەچی زۆر بەبەخت بی، گۆتم: هەر مەپرسە، دەست لۆ خۆری ببەم دەبیتە زێڕ، کابرا پێکەنی و گۆتی: وەی کە وەنیە، ئەگەر وەبایە ئێستا لە بەینی ئەو عارد و عاسمانەی چت دەکرد! ئێکەکیدی بە جواب هات و گۆتی: کاکە بێدەنگ بن و قسان مەکەن، با ئەو هەسپانە شتەکی نەکەن!
بەینەکی باش ڕۆیشتێن و ڕێیەک بڕەک بەرین بوو، بەران هەورازیەکەی زۆر ڕک بوو، لۆیێ ئەوی پێشەوە دابەزی و گۆتی: دەی دابەزن و هەرکەسە هەسپەکەی خۆی ڕاکێشی، ئەو هەورازە ڕکەو هەسپەکان بە ڕاکێشان نەبی ناڕۆن! ئیدی بە هێواشی دابەزین و هەرکەسەو جرەوی هەسپی خۆی ڕاکێشا!
دەوری بیست سی مەترەکمان مابوو بگەینە تۆقی سەری چیای، گڕەی دوو کۆپتەران هات، ئاوڕمان داوە لە دوریڕا وەکی زەنگەستۆرەی لۆ لایمە دەهاتن، ئێک هاواری کرد پێ لێنێن کۆپتەر هات، خۆ نووی کەن و هەسپەکان ڕاکێشن، بازوو بگەینە ناو ئەو دارە چڕانە! ئیدی بووە مشەوەشی، هەسپەکان ڕەوینەوەو دەستیان بە حیلەحیلێ کرد، ئێک دووەکیان هەردوو پەلی پێشەوەیان برند کردە عاسمانێ و پڕماندییان!
ئەمن تووند جرەوی هەسپەکەم گرت و ڕامکێشا، پەلەمان کرد و تانیمان بگەینە ناو دارەکان، کۆپتەرەکان نێزیک بوونەوەو دەهاتن و دەچوون، وەکی برێی لە دوور ڕا شتەکیان دیتبوو لە برندایی چیای دەجوولێ، هاتبوون تەئکید بکەن بزانن بنیادەمن یان جڕو جانەوەر، ئەمە هەسپەکانمان لە عاردی دابوو، هەناسەشمان لەخۆ بڕیبوو، هەریەکەی لە ڕاستەخۆی دوعای دەکرد و پسەپسی بوو، خوا ڕەحمی کرد پاشی دە دەقەکی کۆپتەرەکان هێدی هێدی دوور کەتنەوە، ویستمان هەستینەوە، ئێکەک گۆتی: نەکەن هەربستنەوە، ئەوە فێرە دەیکەن، زۆر جار لە هیکڕا دێنەوە، قسەی کابرامان چووە مێشکی، لۆیێ خۆمان مات کردەوە، دەقاو دەق قسەی کابرای دەرچوو، هەندەی نەبرد کۆپتەرەکان بەتووندی هاتنەوە، چونکە لەجێی خۆمان نەجوولابووین، هەستیان بە هیچ نەکرد، ئیدی سوڕانەوە و ڕۆیشتن، وەکی تەواو لەبەر چاوان بزربوون، هەستاینەوە و جرەوی هەسپەکانمان گرت و دیسان ملی ڕێیێمان گرت، خوا ڕەحمی کرد پاشی دوو سعات و نیوی پڕ هیلاکی گەیشتینە سەر چیای، لەبن دوو سێ دار بەڕوان لامانداو زینمان لە هەسپەکان کردەوەو جرەومان لۆ شۆڕ کرد هەتا بلەوەڕێن و گیاو گۆری بخۆن، بەخۆشمان لە بن دارەکان لێ دانیشتین، پشیەکمان داو جەماعەت نانیان لەناو توورەگان دەرهیناو دایاننا، دوو سێ سەرکە پیازو هەندە تەماتەشیان دانا، دەببە ئاوەکیشیان داناو سەریان کردەوە، فەرموویان لەمن کردو دەستمان پێکرد، چونکە زۆر هیلاک بووین باشمان خوارد، ئێکەک گۆتی: ئاخ لۆ چایەکی، هەناوت بینتەوە سەرەخۆو مێشکت سافکا! ئەوانیدی پێکەنین و گۆتیان: جغارەکی سۆمەریشی لەسەر بەبا کەی! وەلحاسر نانەکەمان خوارد و ئیسراحەتەکی باشمان کرد، ئەوجە هەسپەکانمان زین کردەوەو بە ڕێکەتین، بەینەکی باش چیامان بڕی، ئێکیان گۆتی: گێ بدەنە من، هەتا دنیا تاریک نەبی ناچینە خوارێ، ئەوبەری پڕی ڕەبایەی جاش و عەسکەرانە، وەڵلا بەس بمانبینن، هەزار فیشەکمان پێوە دەنێن، لۆیێ لە نێزیک توولە ڕێیەکەی لادەدەین و ئەوەی نوێژێ دەکا، نوێژەکەی بکا و خۆی تووند کاتەوە، وەکی دنیا تاریک بوو بەڕێ دەکەوین، گۆتمان زۆر باشە، خوا ئاسانی بکا!
لە نێزیک توولە ڕێیەکەی لاماندا و خۆمان دا پەنا تاشە بەردەکی گەورە، گۆماوەکی لێبوو، دەستنوێژمان شووشت و هەسپەکانمان ئاوداو نوێژمان کرد، ئەوجە لێ دانیشتین و کەتینە قسان، ئەمن جانتایەکەی خۆم کردەوە و گیز و مێوژەکەی پلکە فاتمی مام ڕەسوریم دەرهینا و سەرو چەنگەکم دا جەماعەتی، زۆریان پێخۆشبوو، گۆتیان: لۆ وەناکەی بابە، گیزو مێۆژیشت پێیە، گۆتم: وەڵلا خوا ناردی و دوعای لۆ ساحێبی بکەن، ئیدی هێدی هێدی گیزو مێوژمان ئاوا دەکرد، ئێکەک گۆتیە من: ئەرێ دە پێمان برێ کیژی شاری جوانن؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: گران نافرۆشن؟ پێکەنیم و گۆتم: وەڵلا برێم چ، ئێکی دی گۆتی: ئەتوو حەزت لە چەندان کردبوو لە شاری؟ گۆتم: بەس ئێک! پێکەنی و گۆتی: وەڵلا ئەمن بام لە جیاتی توو حەزم لە شازدان دەکرد! گۆتم: لۆ؟ گۆتی: ماخران ئەو کیژانە ئەوها خۆ تاس و لووس دەکەن و ئەو هەموو سۆراوو سپیاوەی لەخۆ دەدەن و ئەو قۆر و باسک و لاقەی ڕووت دەکەن، پیاو کوو خۆی پێ ڕادەگیرێ، وەی دەنا یەک جاریدی بچووبامەوە شاری و تێر تێر تەماشای کیژی شاریم بکردبایە، ئەوجە هەنگی بشمردبام گێم لێنەبوو! گۆتم: ماخران ئەتوو گەلە کۆرداری! ئێکەک گۆتی: ئەرێ دە پێمان برێ، ئەوەی حەزت لێکرد ناوی چبوو، پەنجەم برند کردە عاسمانێ و سەرم برند کرد، ئێکیان گۆتی: عاسمان؟ گۆتم: نا، ئێکیدی گۆتی: ڕۆژ؟ گۆتم: نەخێر، ئەویدی گۆتی: کۆتر؟ گۆتم: کۆتری چ بابە، کیژت دیتیە ناوی کۆتر بی؟ گۆتی: ئێ هەر کۆتر لە عاسمانێیە! ئێکەکیدی گۆتی: دیتمەوە، هەور؟ گۆتم: نێزیکت کرد، هەورین!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 496 times
Write your comment about this item!