ناونیشان: کەلتوری سکرین شۆت
نووسەر: وەلید عومەر
سکرین شۆت (screenshot) یەکێکە لە ئیمکانەکانی وێنەگرتنی دیجیتاڵی تەکنۆلۆژی، ئیمکانێکی گشتی، بەڵام لێرەدا مەبەستی ئێمە تایبەتترە: سکرین وەک دیاردەیەکی کەلتوری کە وێنەی قسە و مەبەستێکی دیاریکراوی تیا دەگیرێت.
پێموایە خوێنەر (یان ژن و پیاو)ی کورد یەکسەر بزانێت مەبەست لە دیاردەکە چیە و ساڵانێکە هەیە و نامۆ نیە. لێرەدا تەکنۆلۆژیا و کەلتور یەکتر دەبڕن، بەڵام تەکنۆلۆژیا لەبنەڕەتدا ئامرازە و مەرامە کەلتورییەکەش ئامانجە.
سکرین، هەڵکۆڵینی کەلتورە لەناو تەکنیکدا. پەککەوتنی تەکنۆلۆژیایە لەبەردەم یاسا کەلتورییە بنچینەییەکاندا. لێرەوە ئەو ڕایەش سستدەبێت کە گوایە تەکنۆلۆژیا هەموو شتێکی گۆڕیوە.
سکرین، زاڵبوون و مانەوەی عەقڵی مرۆییە بەسەر عەقڵی ئامێریدا. دیارە تەکنۆلۆژیا وەک گشت و وەک بوونێکی سەربەخۆ کورتنابێتەوە بۆ ئامراز, بەڵام لە کۆمەڵێک حاڵەتدا لەلایەن کەلتورەوە پارچەپارچەدەکرێت و دەگۆڕدرێت بۆ ئامراز. سکرین شۆت, یەکێکە لەم حەکایەتە کەلتورییانەی ئێستای لای ئێمە.
دیاردەیەکی بەڕواڵەت کەمبایەخی وەک سکرین شۆت دەچێتەوە سەر پرسە بایەخدارە فەلسەفییەکانی وەک ئەویتر، ئاکار و بەرپرسیارێتی، دۆکیۆمێنت و شایەتی، هتد. بەڵام لەو ڕووەوە کە زاتی سکرین خۆی وەک نهێنی دەردەخات کەچی سکرین هیچ نهێنییەکی تیا نیە. چونکە کۆمەڵگا و کەلتور خۆی ژمارەیەک ڕەفتار و ڕستە و دەربڕینی هەزاربارەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەدا دووبارەدەبنەوە و لە دۆخی جیاجیادا ئیشدەکەن. ئەوەی لە سکرینێکدا نهێنییە، پێشوەخت خۆی نهێنی نیە، چونکە لە یەکێک لە دۆخە مرۆییەکان تێناپەڕێت. تاکە نهێنییەکی ناو دیاردەیەکی وەک سکرین، ئەوەیە کە فڵان قسە پێش تەوقیت و شوێنکاتی خۆی کەوتووە. لەمە دەرچێت، هیچ نهێنییەکی زاتیی تیا نیە, شتانێک ڕوودەدەن کە بەئاسانی وێنادەکرێن و بە دۆخی مرۆیی نامۆ نین. پێش ماوەیەک کۆمپانیای فەیسبوک ڕایگەیاند کە سکرین شۆت سانسۆردەکرێت و کەسی بەکارهێن بەئاگادێتەوە لەوەی نامەکەی سکرینکراوە. بە مانایەکی تیۆری, ئەویتری گەورەی ئەنتەرنێتی, ڕێ لە سکرین و دزەکردنی ڕووبەری تایبەتیی بەکارهێنان دەگرێت. بەڵام ئەویتری گەورەی ئەنتەرنێتی، هێشتاش ئەو زیادە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەی پێ کۆنترۆڵناکرێت کە لەودیوی ئەنتەرنێتەوە دەگوزەرێت. ئەنتەرنێت یەکسان نیە بە کەلتور, بەڵام دەتوانێت سانسۆر و ڕێکخستن بۆ یاسا کەلتورییەکانی ناو خۆیشی بسازێنێت. ئەم سانسۆرە تەکنیکییە, یەکەم ڕستەی ئەم نوسینە پشتڕاستدەکاتەوە کە سکرین هیچ نهێنییەکی تیا نیە(لە ئاستی گشتدا نەک بەش و سیاق). سکرین مومکینە، بۆیە گەرەکە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە سانسۆربکرێت، بەکارهێنەران سەرەنجام مرۆڤن و هەڵگری ڕووبەری تایبەتن.
دەشێت سکرین هەر بۆ مەرامی نەرێنی نەبێت, بەڵکو تیلەیەک لە شانازییشی بۆ خاوەنەکەی هەڵگرتبێت: ئەوەتا بیبینە, لەم تۆمارەی ئەویتری گەورەوە, چیم لەگەڵ وتراوە و لەگەڵ کێ دواوم. سکرینەکە ئەو لەوحە ڕەمزییەیە کە شایەتییەک جێدێڵێت. سکرین گەرچی وێنەگرتنەوە و لەبەرگرتنەوەیە, بەڵام لە چەقی خۆیدا نوختەیەکی ڕەمزی-کەلتوری هەڵکۆڵراوە کە گۆکردنێکی زیاتری تیایە بەراورد بە فۆتۆیەکی ئاسایی. ئەمەش بەجۆرێک لە جۆرەکان پێچەوانەی ئەو دیدەیە کە پێی وایە فۆتۆ بەتەنیا زۆر شت دەڵێت: جیاوازییەکە لەوێشدایە کە سکرین تراوماییترە تا فۆتۆیەک کە لە کەشێکی هێمنتردا چاوەڕێی تەفسیری بینەرەکانێتی. سکرین نەک هەر بوار بۆ تەفسیری هێور ناهێڵێتەوە، بەڵکو خۆی وەک قەوارەیەکی دۆکیۆمێنتدار دژی تەفسیرکارییە و دەیەوێت بنبەستی تەفسیر دیاریبکات و حوکمێکی ئاکاری لەدوای خۆی جێبهێلێت. بەم پێیە, سکرین سەر بە نوسینە, هێشتاش جیایە لە گێڕانەوە و گواستنەوەی قسە. نوسین, ئەو گوژمە ئۆنتۆلۆژییەی هەیە کە پێگەی شایەتیدان قایمتربکات. لە سکریندا قسەکەرەکە خۆی نادوێت, دۆکیۆمنێتک دەدوێت, شتێک کە مەودایەک لەنێوان قسەکەر و دۆکیۆمێنتەکەدا دەهێڵێتەوە. ئەمە ئەو چێژە ناتەندرووستەش زیاتر دەکات کە بکەرەکە بەبێ دەمی خۆی دەیگەیەنێت و هێزی کەلتور ڕادەکێشێتەناوەوە.
گەر کۆنکرێتییتر قسەبکەین ئەوا پێش دەیەک و دووان لە کوردستان باسی ئازادیی ڕادەربڕین دەکرا, ئێستا تەکنۆلۆژیا ئەم ئازادییەی گۆڕیوە بۆ ئازادیی شکاندنەوەی ئەویتر. ئەویش لە کەلتورێکدا کە بێ ئەوەی ئازادیی جۆری یەکەم کامڵبکات, تووشی چەمانەوەی کردووە و دەستکرانەوەیەکی تری ڕەخساندووە کە ئازادیی بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەویترە(ئەم ئەویترە هەرکێ بێت گرنگ نیە). کاتێک ئازادیی ڕادەبڕین گەشەی نۆرماڵی خۆی نابڕێت, ئەوا ئازادیی قسەکردن و جێندەرییش لەگەڵیدا ناچێتەپێشەوە. هەردووکیان، دوو جەمسەری هاوکێشەیەکن. بە مانایەکی تر، ئەوەی لە ئازادیی ڕادەربڕیندا شکستیخواردووە بریتییە لە ئاسایشی دەربڕین، ئەویش هی دەربڕینی تاکەکەس بۆ تاکەکەس. بە دەربڕینێکی تر بیڵێین، ئێمە ئازادیی ڕادەربڕینمان وەک پرۆسەیەکی تەندرووست نەبڕی، کێشەی ئاسایشی دەربڕینیشی هات بەسەردا. ئەمە جگە لەوەی لە ئاستی تاکەکەسییدا سکرین نیشانەی نەبوونی ئاسایشیشە بۆ کەسەکە خۆی. لێرەدا دوو بێ ئاسایشی, پێکەوە ئیشدەکەن.
هەر سەبارەت بە دیوی ناوەوەی دیاردەکە لای ئێمە, سکرین جگە لەوەی سەر بە کەلتوری ئەتککردنە, لەڕیشەشدا و لە کەلتوری کوردییدا سەر بە زوهدی کەلتورییە. زوهدی کەلتوری بەسادەیی واتە خۆگرتنەوە لە ژیانی واقیعی، لە ئەزموون. سکرین جێی ئەزموونی واقیعی دەگرێتەوە. چێژە نەخۆشانەکەی، لە کەلتورێکی وادا، لەو چێژە زیاترە کە ئەزموونی کردەیەک بکرێت. تەکنۆلۆژیا شوێنی ئاسانی ئەم زوهد و خۆگرتنەوەیەیە. وێنەگرتن و کۆپیکردنی تایبەتمەندییەکان, جێی ئەزموونی واقیعی دەگرێتەوە. بەڵام هێشتا ئەزموونی واقیعیی مرۆڤەکان, ناتوانێت دیاردەکە بنەبڕ بکات چونکە دەستبردن بۆ خسووسیاتی ئەویتر, کەڵکەڵەی لەمێژینەی کۆمەڵگا بووە. جیاوازییەکە لێرەدا هێندەیە کە لە واقیع(ی مەجازی) ئێمەدا بەرهەمهێنانەوەی زوهدە لەپێناوی زوهددا. دەربڕینی نەفرەتێکە لە خود کە ناتوانێت خۆی بە پرۆسەی ئەزموونکردن و خۆکردنەوەدا بڕوات. نەفرەتەکە وەک نامەیەکی ئاوەژوو ڕووبەڕووی ئەوانیتر دەکرێتەوە.
هەر لێرەوە دەتوانین دەمودەست چەند دەرکەوتەیەکی ڕوونتری دیاردەی سکرین لە دۆخی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا بژمێرین:
یەکەم: سکرین، بانگکردنی کەلتورە لە فۆرمی دەربڕینێکی ناڕاستەوخۆی لەم جۆرەدا (ئەی ئەویتری گەورە، سەیرکە فڵان کەس یاساکانت پێشێلدەکات). ئەو شانازییەی بۆ کەسی سکرینکار درووستدەبێت، شانازییەکی پاتۆلۆژییە، جۆرێک لە نۆکەرێتییە بۆ کەلتوری باوک.
دووەم: لەلاوە جۆرێک تێربوون(satisfaction) درووستدەکات بەبێ ئەوەی تێربوونە نۆرماڵەکە درووستبکات. لێرەوەی کردەی سکرین، کردەیەکی نەخۆشانەیە. پێچلێدانە بە دەوری چێژە ڕاستەوخۆ و نۆرماڵەکەدا.
سێیەم: سکرین گەرچی بەڵگەنامەیەکی یاساییشە، بەڵام لێرەدا دیوە کەلتورییە پاتۆلۆژییەکەیمان مەبەستە- ئەو دیوەی کە پتر لە یاسای نەنوسراوەوە نزیکە تا یاسای نوسراو. باسەکە هەمووکات ئەوە نیە کەسی سکرینکار تاوانبار بێت، جار هەیە لە ئاستی بەش(جزء)دا هەقێک لەگۆڕێدایە بەڵام لە کۆ(کل)دا هێشتا دیاردەیەکی ناتەندرووستە. سکرین دابڕینی قسە لەگەڵ ئەویتر بۆ ئەوەی ئەوانیتر بێنەناوەوە و تیشکی نیگا کەلتورییەکە شوێنی کەسەکە لەقبکات و بیسڕێتەوە.
چوارەم: سکرین جۆرێکە لە دزین و پچڕاندنی ژویسانس(پشکەچێژ) لە کەسێک کە دەشێت پێگەیەکی بەرزتری کۆمەڵایەتیی هەبێت. واتە ئیرەییەک بۆ جێگەی ئەو کەسە هەیە. بەڵام ئەمەش هێشتا لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت. نمونەی ئەو ساڵانەی هاتنی تەکنۆلۆژیا پێماندەڵێت کە تێکڕا سکرین خۆدوورخستنەوە نیە لە بکەری ناو سکرینەکە، بەڵکو نزیکبوونەوەیە لێی- ڕێکخستنی ئارەزووە ئیرەمەندانەکەیەتی بەوەوە. وەک نیازێک ئەوەی ئەم نیەتی، لەو ڕێگەیەوە تۆزێک قەرەبوودەکرێتەوە.
پێنجەم: سکرین, سڕینەوەی ڕووبەری تایبەتە لەپێناو ڕووبەری گشتیدا. کەسی سکرینکار لە یەک کاتدا، دوو ئیمکانیش لەدەستدەدات: بەرەنگاریی واقیع، لەگەڵ متمانەی فەردی. ئەم خاڵە لە هەناوی خاڵەکانی تریشدا دەستدەکەوێت، بەڵام لێرەدا پێچێک هەیە و گەرەکە وەک خۆی ببینرێت: سکرین گوزارشتە لە نمایشی ناو کەلتورێک کە جیایە لە کۆمەڵگای نمایشیی خۆرئاوا، چونکە نمایشی حاڵەتگەلی نەخۆشانە و پاتۆلۆژییە نەک نمایشی ڕووی گشتیی مرۆڤ لە فەزای گشتییدا.
شەشەم: هەتا ئەو کاتەشی کە سکرین بۆ نیازی مادی بەکاردەهێنرێت، هەڵژەنراوە لە کەلتور؛ چونکە کەلتور ئەو مامەڵە مادییە لەڕێگەی خۆیەوە دەڕەخسێنێت تا هەندێ تایبەتمەندی بفرۆشرێتەوە. لێرەدا فرۆشتنەوەی مادی، خاڵی کۆتایی فرۆشتنەوەیەکی ترە کە ئەبستراکتە و هەروا ئاسان نابینرێت: ئەویش ئەوەیە کە ئەخلاق لەم جۆرە کەلتورەدا پێویستی بە کڕینەوە-فرۆشتنەوەیە. ئەخلاق لە واتا دەمارگیرە سەرکوتکەرەکەیدا.
سکرین پەیوەندییەکی ئۆرگانییشی بە وەسواس(obsession)ەوە هەیە, وەسواسێکی پتر لە وەسواسی دەروونی، دۆخێک کە کەلتور کۆتا خەسڵەتەکانی خۆی پێ بەخشیوە. سکرینپەرست، کەسێکی وەسواسە. دەیەوێت بە ئەویتری گەورە/کەلتور بڵێت من نوقسان نیم, حاشا لە نەقسی خۆم دەکەم, ئا ئەوەش بەڵگە و دۆکیۆمێنت. گەر سکرین وەک پارچە وەسیقەیەکی ڕاگوزەر و تڕۆهات وەربگرین, ئەوا چەشنی لەزگەیەکی ڕمزی ئیشدەکات بۆ داپۆشینی کەلێنی مرۆڤ خۆی, ئەو کەلێنەی کە خۆی هەیە بەڵام لای ئەم جۆرە کەسە کەلێنێکی نائارامە و دەبزوێت, دەمدەکاتەوە و ئۆقرەناگرێت. بەر لەوەی کەلتور دەمبکاتەوە, سکرین و خاوەنەکەی دێتەدەم و وەسواسەکەی خۆی دادەشارێت. ئێمە بەدەر لەم حاڵەتە, لە ژیانی ڕۆژانەشماندا بەر ئەو کەسانە دەکەوین کە دایم خەریکی هاتنەگۆری پێشوەختن, وەڵامی هەموو شت دەزانن, ڕایان لەسەر گشت شت هەیە: ئەمانیش هەمیسان بەدەست ئەو نوقسانییەوە دەناڵێنن کە لەژێرەوە بڕیاربوو بوونی مرۆییان ڕابگرێت بەس ڕاینەگرتووە. لەم ڕووەوە سکرین و کۆپییە مەجازییەکان, گوزارشتە لەوەی نوقسانی لە ڕادەی خۆی زیاتر، لە دۆخی نرۆماڵ زیاتر ڕوویداوە. لێرەدا ڕۆڵی کەلتور، ڕۆڵێکە تا سەر سنوری نوقسانییە ئۆنتۆلۆژییەکە دەڕوات. کەلتور ئەوە بیری کەسەکە دەخاتەوە کە نوقسانی بنکی سوبێکتیڤیتە(subectivitate)ی هەموو کەسێکە بەڵام ئەوە کەلتورە بە شێوەی جۆراوجۆر فێری مامەڵەمان دەکات بەم نوقسانییە بنەڕەتییەوە. کەسی وەسواس, ئەم نوقسانییە بۆ ئاستی حاشایەکی لەکۆڵنەبووەوە بەرزدەکاتەوە و هەرجارە و لەڕێی نۆرمێکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕە ناچارییەکەی خۆی دەکات. بۆی پرسیاری ئەوەی چیت دەوێت، کەسی وەسواس دەخاتە سەر وەڵامێکی نزیک لەم وەڵامە هەموو شتێک بەڵام لەجیاتیی هیچ، چونکە هەموو کردەیەکی خێرام لەپێناوی شاردنەوەی هیچ/نوقسانیدا دەوێت. سەیر نەبێت ئەم مامەڵەیە لە میدیاکانیشدا ڕووی تری وەرگرتووە, بەڵام بە هەمان بونیادەوە:
کاتێک لە بەرنامە سەرگەرمییەکانی کەناڵەکاندا میوانەکە دەخەنە بەردەم دووڕیانێک, بەردەم بژاردەیەکی هەراسانکەر و ناچاری ئەوا هۆکارەکە شتێکی کەمتازۆر شاراوەیە: ئەوان میوانەکە ڕووبەڕووی ناوکی قێزەونی ئارەزوو دەکەنەوە, یان درووستتر ناوکی قێزەونی فەنتازیا. ئەوان دەست بۆ شیرازەی چنراوی فەنتازیای کەسەکە دەبەن, چونکە فەنتازیای وی ژیانی هەنوکەی ئەوی لەسەر بەندە. ئەم ناوکەش خۆی نوقسانییەک, بەڵام بە کۆمەڵێک چیرۆکی لار و دزێو(لە کرۆکدا نەک فۆرمی دەرەوەی چیرۆکەکە) داپۆشراوە. لە میدیادا دەیانەوێت ئەو ڕووپۆشە موجامیل و چەپێنراوە هەڵتەکێنن کە کەسەکە وەک هەر بکەرێکی تری کۆمەڵایەتی, فەنتازیای خۆی لەسەر ڕاگرتووە و ئارەزووی کایەکەی لەسەر هەڵچنیوە. ئاشکرایە وەڵامی میوانەکان بەزۆری, جۆرێکە لە مانۆڕ و پێچلێدان, جۆرێک لە خۆدزینەوە و خۆلادان لەو ناوکە شەرمەزارکەرە. هەڵبژاردنەکە کە جۆرێکە لە هەڵبژاردنی زۆرەملێ, بەر لەوەی کێشەکە بژاردەیەکی دیاریکراو بێت, لێسەندنەوەی ئیمکانی هەڵبژاردنە. کاتێک پێشکەشکار پێداگری دەکات و دەڵێت نا نا, یەکیان هەڵبژێرە, مەبەستی لە یەکێک لە بژاردەکان نیە, بەڵکو لەڕێی خودی دەستنیشانکردنی یەکێکیانەوە دەیەوێت کۆی پرسی هەڵبژاردن پەکبخات نا نوقسانییە شڵژێنەرەکەی ژێر بژاردەکان خۆی دەربخات و سوبێکت شەرمەندەبکات. لۆژیکی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگادا لەسەر جۆرێک خۆدزینەوە و ڕێکخستنی ناچاری بەندە, بۆیەم ئەم دۆخانەی دێنە پێشەوە پتر هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنن لە مانا باوەکەیدا. هەمان بونیاد لە سیاسەتی حیزبی کوردی و بەتایبەت یەکێتی و پارتییشدا زوو زوو سەرهەڵدەداتەوە: پارتی و یەکێتی ماوەماوە تەنگژەیەکی میدیایی دەخوڵقێنن تا بۆ چاوی ئەویتری گەورە/لایەنگرانیان دەریبخەن کەلێنێکی ڕیشەیی هەیە لەنێوانیاندا و ئۆقرەی نەگرتووە. لەڕواڵەتدا گرنگ نیە هەر فەترەیەک چ کەیسێک دژی یەکدی دەجووڵێنن, بژاردەکە هیچکام لەوانە نیە, بەڵکو ئەو کێماسییە بنک نشینەیە کە خۆی ڕۆڵی بنک دەگێڕێت لە پەیوەندییەکاندا. لەگەڵ گرژییەکاندا, حیزب خۆی لەگەڵ ئەو نوقسانییەدا هاوشوناسدەکات کە شوناسی خۆی و نەیارەکەشی پێکدێنێت- لەمە بترازێت باقییەکەی فریوێکی ژۆرنالیستییە.
گەر لە لۆکاڵەوە بەرەو گڵۆباڵ بپەڕینەوە و کێشەکەش بەبێ سڕینەوە, بەشێوەیەکی دیالەکتیکی هەڵبگرینەوە ئەوا دەتوانین بڵێین: سکرین لەوێوە بیرخەرەوەی نیهیلیزمی سەردەمی ئەمڕۆمانە کە هەردووک تەعبیر لە بێ ڕیشەیی دەکەن. یەکیان جۆرە گەمەیەکە لەنێوان خەڵکی ناو ئەنتەرنێتدا کە سکرین لەسەر سکرین ئاڵوگۆڕدەکرێت, ئەویتریشیان لەڕیشەکەوتنی بەها دێرین و مرۆیی و تەنانەت نزیکەکانیشە. سکرین, ڕوویەکی چکۆلە و کەلتوریی ئەو نیهیلیزمەیە کە تا لای قوڕگمانی تێ دەنیشێت و پرسێکی هەستیاری وەک ئاکاریش بەرەو جۆرێک لە گەمە و یاری دەبرێت. هەر ئەوەی کە سکرینێک لە دنیای مەجازدا بیردەچێتەوە, لەڕواڵەتدا پۆزەتیڤ دیارە, بەڵام لەبنەڕەتدا گوزارشت لە کەلتوری پۆزەتیڤیتەی جیهانی دەکات نەک پۆزەتیڤە باوە ڕۆژانەییەکە. کەلتوری پۆزەتیڤیتە, بەسادەیی مانای ئەوەیە هیچ نەفییەک و بۆشاییەکی ئەوتۆ نەماوەتەوە تا تراوماکان بەتەواوەتی بژین و ئەگەری گۆڕانکاری بخەنەوە. ئەوەی هەیە قوڵپدانی شتی زیاتر و زیاترە, نیشانەی زیاتر و زیاترە بەبێ ئەوەی واقیعێکی تەواو ڕەق و وەفادار جێمابێت بۆی بگەڕێینەوە. لێرەوە کێشەکە ئاساییبوونەوەی سکرینە, گۆڕینێتی بۆ یارییەکی ڕۆژانەیی, ڕۆژانەبوونێک کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە نیهیلیزمەوە و کەلتورە لۆکاڵەکانیش وێڕای تایبەتمەندیی خۆیان ناچارن پێوەی بلکێن. وەکبڵێی موحافیزکارییەکی لۆکاڵی, دەلکێت بە نیهیلیزمێکی گڵۆباڵەوە و لەم نێوانەدا کاریکاتێرێکی تایبەت بەرهەمدێت کە بیردەچێتەوە و هەمیسان لە جێیەکی ترەوە دەستپێدەکاتەوە کە ڕوون نیە خاڵی دەسپێکەکەی کوێیە. لەم پۆزەتیڤیتەیەدا, لەم خنکانە ڕەمزی و ئاسۆکوێرییەدا, سیستەمە پۆزەتیڤ و کلاسیکەکان خۆشیان تەنیا لە شێوەی دەمارگیرییەکدا ماونەتەوە. بۆنمونە دین بووەتە دەمارگیرییەکی ناڕۆحی, و کەلتورە کۆنەپارێزەکانیش بوونەتە شوێنی سزایەکی ڕووت بەبێ پاراستنی فەزیلەتە کۆنەکانیان. لەم ڕووەوە سکرین, خاڵی یەکتربڕینی کەلتوری دینی و نادینییشە لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێمەدا کە ژێستی دەمارگیرانەی خستووەتە جێی ژێستی گۆڕین و سەرەنجامیش لێبوردن. لە کۆی گشتییشدا و لە دۆخی ئەمڕۆی جیهاندا, ئەم دەمارگیرییانە تێکەڵ بە نیهیلیزمەکە دەبنەوە و هەرجارەشی کەسێک و زیاتر لەڕێی فرەوێژییە بەتاڵەکانیانەوە خۆیان دەکەنە پاڵەوانی ئارامکەرەوەی خەڵک. دەمارگیری کە زیاتر بە لای پرسی نەفی و نێگەتیڤیتەدا دەشکێتەوە, هەر زوو پووچەڵدەبێتەوە و پتر ئەویتر و کۆی کێشەی ئەویترێتی تەڵختردەکات. گەر ئەم دەمارگیرییە چانسێکیشی هەبێت, تێکەڵ بە هەستی تیژی نیهیلیزم دەبێت و چەشنی هاواری ژێر ئاو گوزارشت لە خنکان دەکات تا بانگهێشت و بەهاناوەچوون. [1]