سۆشیال میدیا و کارایی بیری مرۆڤ
بورهان ئەمین، ئەڵمانیا
مرۆڤی ئێستا بەهۆی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە، ئاگای لە وردودرشتی ژیانە بەڵام هەواڵ و ڕووداوەکان بە متمانەیەکی تەواو وەرناگرێ و هەندێ جار بەلاڕێیدا ئەبات، بۆیە بەهۆیەوە ڕووبەروی ئالەنگاری گەورە بۆتەوە لەگەڵ ئەوەی هەندێجار کاری نەرێنی دەکاتە سەرژیان و گوزەرانی مرۆڤ، بەڵام ناکرێت خاڵە بەهێزەکانی ئەو بەشەی میدیا لە بیر بکرێت لە پێشکەوتنی کۆمەڵگاکاندا، بەپێی تویژینەوە زانستیەکان سۆسیال میدیا دوولایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و دەبێت بەکارهێنەر بزانێت کە ڕۆژانە چەند سەعات بەکاریان دێنێ و چۆن بەکاریان دێنێ و لەگەڵ کێ کۆنتاکتەکانی دەکا و دەبێت لەپاڵیشیدا میدیا ڕاستەقینەی بیستراو و بینراوەکانیش بەکار بێنێت تاوەکو دڵنیابێت لە ڕاوستی ڕووداوەکان.
بەبێ توێژینەوە تازەکان کاتێک کەسێک بە چڕی سۆسیال میدیا بەکاربێنیت بەجۆرێک ڕۆژانە لە دوو سەعات تێپەرێنێت تووشی دڵەراوکێ و بێ ئۆقرەیی و تێفکرینێکی قوڵ دەبێتەوە کە زۆر جاران نەخۆشی دەروونیشی لێ دەکەوێتەوە، ئەوانەی هەموو ڕووداوەکانی ژیانیان سەرگوزشتە و خواردن و خواردنەوە و ساتە خۆش و ناخۆش و بەرکەوتەکانیان لەسەر سۆسیال میدیا دادەنێن لێیان دەبێتە خوویەکی هەمیشەیی و زەحمەتە دەستبەرداری بن، جگە لەوەش ڕۆژانە ڕووبەرووی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەڕە جنێو ڕەفتاری بریندارکەر دەبنەوە و بەهۆیەوە توڕە دەبن و هەڵسوکەوت و کاردانەوەکانی ژیانیان لەگەڵ خاووخێزان لەماڵەوە و لەگەڵ هاورێکانیان دەگۆڕێت، بەپێی تویژینەوەیەکی پێگەی Emovis ئەڵمانی ئەوە ڕوون بۆتەوە کە زۆرجاران بەبێ ئەوەی کەسایەتی بەکارهێنەر لەنزیکەوە بناسیت لەڕێی پەیج یان ئەکاونت و واڵ و دیوارەکەیدا دەتوانیت کەسایەتی دیاری بکەیت، بۆ نمونە حەزی لە چیە و ئاستی بیرکردنەوەی چۆنە، هاوڕێ و دەورووبەرەکانی کێن، بگرە ژمارە تەلەفۆن و ئەدرەس و ئیمایلەکەشی وەردەگیرێ ئەمەش زۆر جاران مرۆڤ تووشی کێشە دەکات، بەهۆیەوە نەیارانی دەتوانن بەئاسانی بیدۆزنەوە و زەفەری پێ ببەن، جگەلەمە دەرخستنی کەسایەتی خۆمان بۆ هەموو خەڵکی بێگانە ئاسایی نیە و کارێکی شێتانەیە، جگە لەوەش زۆر جار بەکارهێنانی چڕی فەیسبوک یان تۆیتەر و ئینستاگرام و سناپ و هی تر کێشە لە ناو هاوسەراندا دروست دەکا و بێ بڕوایی لە دیقەتدان و خەریکبوون پێیانەوە دروست دەبێت.
کاریگەری ئەرێنیان هەیە
توێژینەوەی تر هەن کە باس لەلایەنە ئەرێنیەکان دەکەن و دەڵێن بەکارهێنەری سۆسیال میدیا بیری تیژتر دەبێت بۆ نمونە لە ناسینەوەی خەڵک و کۆنە هاوڕێ و شوێن و ئەو یادگاریانەی کە لەژیانی ڕابردوویدا بەڕێی کردوون، دۆزینەوەی ئەو خەڵکانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەژیانماندا نەماون و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵیان جگەلەوەی هۆرمۆنی شادی دەبەخشیتە جەستەمان هەمان کات بەهۆی ئەو دۆزینەوەیە مرۆڤ مێشک و هۆشی بۆ یادگارییە کۆنەکان دەبزوێت، ئەو ڕووداوانەی بیردەکەوێتەوە کە لەو ڕۆژگارەدا ڕوویانداوە، توێژەرانی بەریتانی ئەزمونێکیان لەسەر ژمارەیەک خوێندکاری قۆناغی بنەڕەتی کردووە و بردوویانن بۆ مۆزەخانەیەک کردوویانن بە دوو گروپ یەکەمیان سەر و کامێرایەکی فۆتۆگرافیان پێ بووە و پێیان وتوون وێنەی هەموو ئەو تابلۆ و پارچە کەلەپوریانە بگرن کە دەیانبینن و بیانخانە سەر دیوارەکانتان لەناو تۆرە کۆمەلایەتییەکان، بەدووەمیشیان وتووە هەر ماددەیەک دەبینن تێی بنواڕن و هەوڵ بدەن لە مێشکتان تۆماری بکەن، بەر لەتەواوکردنی قۆناغی خوێندنیان دەیانخەنە بەردەم ئەزمونی بیرکەوتنەوە بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی فۆتۆکانیان گرتووە و خستویانەتە ناو سۆسیال میدیاوە هەموو ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەی گەشتەکەیان لەبیرماوە، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە تەنها سەرنجیان داوە، ڕوداو و سەربردەکان بەپچڕ پچڕی دەگێرنەوە، بۆیە وایدەبینن کە لقەکانی سۆسیال میدیا کاریگەری ئەرێنیان هەیە بەسەر بیرتیژی مرۆڤ.
لایەنێکی باشەی تری ئەو کەناڵانە لەرووی سیاسیەوە ئەوەیە کە دەتوانێت هەڵوێست و ڕای گشتی دروست بکات، بۆ نموونە کاتێک لەسەر ڕووداوێک یان لەسەر بڕیارێکی حکومەت هاشتاگێک دەکرێت، دەبێتە فشار بەسەر دەسەڵات و زۆر جاران لەژێر ئەو کاریگەریەدا بریارەکە هەڵدەوەشێتەوە واتە جۆرێکە لەخەباتی سیاسی و مودێڕنی هاوچەرخانە.
داتەپاندنی مێشکی مرۆڤ
بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەوانەوە تویژینەوەیەکی کەنەدی دەری دەخات کە سۆسیال میدیا بۆ مێشکی مرۆڤ هۆکارێکی باش نیە و بەکارهێنەرەکان هێج بابەت و ماددەیەک لەمێشکیان کۆنابێتەوە و پشت بە تۆمار و ماسێنجەر و پۆست و کۆمێنت و ماددە کۆگاکراوەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبەستن و هەر کاتێک پێویستیان بێت دەریان دێنن، ئەمەش وادەکات مێشک لەکاربخات و مەودای بیرکردنەوە و بەکارهێنان خەراپ بکات، دڵ توندی لەلایەن زۆرێک لەو گەنج و لاوانەی کە بەخەستی سۆسیال میدیا بەکاردەهێنن لایەنێکی تری خەراپە و لەزۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە هۆشداری لەمە دەدرێت، شارەزایانی بواری پاراستنی تەندروستی مرۆڤ دەڵین هەرچەندە Google خزمەتێکی بێوینەی مرۆڤایەتی دەکات بۆ دۆزینەوەی داتا و زانیاری و بابەت و هەر ماددەیەکی لەناو ئینتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە هەمان کات هۆکارێکی گەورەیە بۆ داتەپاندنی مێشکی مرۆڤ و تەمبەڵکردنی، زۆربەی توێژەرە ئەوروپیەکان وای دەبینن کە گوگڵ و نەخشەی ئەلیکترۆنی وGPS زیانی گەورەبە مێشکی مرۆڤ دەگەیەنێ و بەکارهێنەرانی ئەو هۆکارانە وا لەمرۆڤ دەکەن بیری خۆی نەخاتە کار و بەهۆی گوگڵ یان جی پی ئێس هەرچیەکی بیەوێت یان هەر شوێنێکی نیازی بێت بیدۆزێتەوە، جگە لەوەش زۆر جاران بەهۆی خێرایی لەگەیشتن و بەکارهێنانی داتاکانی ناو گوگڵ دەکەوینە هەڵەی کوشندەوە و بەبێ بیرکردنەوەی تێڕامان زانیاریە هەڵە و چەواشەکان دەگوازینەوە، ئەمە و کەمکردنەوەی بێهودەیی و سەبری مرۆڤیش کەمدەکاتەوە چونکە خێراییەکەی وادەکات مرۆڤ نەوەستێ و چاوەڕێی بەرهەم و ئەنجامی تر نەکات بۆ دەستخستنی زانیاری وکەمکردنەوەی ئۆقرە ئەنجامێکی تری ئەو هۆکارە ئەلیکترۆنیەیە.[1]
سەرچاوە: Visa,Springer Professional، Spiegel Online
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 216 times
Write your comment about this item!