شەوان بێداری
#هێمن ئەمینی#
دەس لە حەژمەتی حەز پەڕلێدەدا و مشت لە حەیبەتی خۆشی نرکەنرکیەتی. لە دواچرکەی پاش زرموکوت و سمکۆڵانی سەر پێخەفەکە!
شەو لە نیوە ترازاوە و تەمەن لە ژوور بیست و پێنجە. چاوەکان گەرم داهاتوون و لەناکاو ژیلەمۆی حەزێکی ئاشنا دەتبووژێنێتەوە! چەند ئاشنایە!
پێڵوو وەڕەزە لە داخستن و کرانەوەی بێ پسان. هەمیسان، لێناگەڕێ تاسەی حەزی ئاشنای شەوان بێدارانی شەو! چەندە کاری و بە ئێشە برینی خۆڕاگری لە هەمبەر هەموو حەز و تاسەی شەوان بێدارانی شەو! بەس چ بکا کە وردیلە و بێ دەسەڵاتە لە شەڕی دەستەویەخەی دامرکاندنی حەز و شەوقی شەوان بێدارانی شەو.
خەو لە قەراغێکەوە ڕێی مێشک دەگرێتە بەر. بەشکوو بتوانێ تێزە تێزەی بدا و دان بە جەرگی سووتاوی بنێ!
- جەرگی سووتاوە؟
ئەرێ، جگەر، سووتاوی ڕێی بێداریی هەموو ئەو شەوگارە سارد و سڕانەی ڕۆژگاری بێخەوییە!
چەندە فەقیر و بەستەزمانە شەو!
کە تێناگا لە ئەجری گەورەی بێداریی شەو! ئاشنا شارەزایە بە مەکر و فێڵی خۆ حەشاردانی خەو! خەو لە پێخەفی خەیاڵاتی شڕ و شپڕێوی هەموو شەوگارێکی ئەو! بۆ مەگەر ئێستا کاتی خەوە؟ ئەویش لە وەختانێک کە دەبێ بەخەبەر بیت بۆ هەنگامەی بیستنی سەڵای ڕاوننانی شەیتانۆکەکانی مێشکی خۆت؟! ئای کە ئەستەمە بێداری لە کاتی ژاوەژاو و ناڵە ناڵی بێچووە گرینۆکەکانی شەوانی بێ خورد و خەو!
چەندە فەقیر وبەستەزمانە خەو!
کە نازانێ خۆی مەڵاس داوە بۆ ڕاوەدوونانی نێچیری بێ تانوپۆی شەوان بێقەراری خەو! هەمیسان حەز بەقەوەتتر سەر هەڵدەدا بۆ پەپکەخواردن بە دەور جەستەی لەڕ و لاوازی لەمێژ نەخەوتووی ئەم هەموو شەو بێدارییانەی شەو!
- ئاگات لێیە کاکی ئاشنا؟ چ مشتومڕێکە لە نیوە شەوی دووشەممە لە سەر سێشەممەی پیرۆز و موبارەکی شەونخوونی ئەمشەو؟!
- ئەوەی سەیرە خەو کە چۆن هەر ڕاوەستاو و بەرقەرارە بۆ بەجێهێنانی واجیباتی شەو؟
- ڕەنگە بۆ بە لووتکە گەیشتنی هەموو حەز و تاسەی کۆکراوی شەوان و ڕۆژانی بێ خەوی بێ.
بە دیار نەشئەی حەز، هەر پرسیارە بەردەوام بەرۆکی پێ دەگرێت. لەم ساتە وەختە نایابەدا، کەی مێشک هەڵگری ئەمانەیە؟ بە تایبەت کاتێک سکڵی دەروون بە سروەیەکی لای حەزی هەمیشە ئاشنا، لەپڕێکدا دەگەشێتەوە!
ئاخر چیت داوە لەوانە؟!
ئەمەیە وەڵامی هەموو جارە. وەڵامی گوێڕایەڵی و کۆیلەیەتی حەز و تاسە. یا عادەت و ڕەسمی زەمانە؟
چەندە فەقیر و بەستەزمانی تۆ!
لە نێو شەوەزەنگی فکر و خەیاڵاتی ئاشنا؛ تاقە ساڕێژ، ڕەنگە ڕووناکی تەسویرێک بێ. ئەوەی لەم دونیایەدا هەر تەنها بە ئەمر و دەستووری تۆیە دادەییسێ. دەست و چاوت دێنە مەیدان! چەندە سڕکەرە ئەو هەستەی کە لە جیلوەی ئاسمانی ئینسانێکی ئازا و ڕەهادا، تووند لە باوشی خۆی دەتگرێ! دەقە و چرکە تا دەڕوا بە نێو خۆیدا داتدەگرژێنێ. بست بە بستی لەشی دەپێوێ. هەموو گیانت کەوتووەتە خورین و مێروولە کردن. تا دێت چاوت زیتتر و تووندتر دەقوونجێنی. وەک بڵێی باوەڕ بەم هەستەی خۆت نەکەی! لەم سەروبەندەدا پرسیارێک لە مێشکی جەنجاڵت دێتە ئاراوە! ناتەوێ بە وەڵامدانەوە بە پرسیاری بێ ڕێوجێی، چێژ و لەزەتی هەنووکەییت بە جارێ لە دەس بدەی! بۆیە بێ یەک و دوو فەرامۆشی دەکەیتە پیشەت! چ دەرمانێکی باشە بۆ لەبیرچوونەوەی دەرد و ئازاری شەوان بێدارانی شەو. لە ژێردا تا تەپڵی سەرت، هەر مچوڕکەیە ئاوقات دەبێ. لە تینوویەتیدا هەلاهەلاتە و هێشتا زوویە بۆ تێراوبوون لە کانیاوی سینگ و نێو پێی! لێفەکە دەکەیتە چەتری سەرت. دەترسی نەکا فریشتەئاسا، لە دیوانی پەروەردگاری جوانی، بۆ بەجێ هێنانی کاروباری دونیایی بانگهێشت بکرێت و بەجارێ لە بەر چاوت ون بێت!
دەنگێک بەئاگات دەهێنێ. باوکتە وەبەخەر هاتووە! بە قرخە قەرخی سینگ و مووشە مووشی لووتی دەزانی ئەوە. لەرە لەر لەشی دافەتراو و خەواڵووی لە ئاودەستەکە دەبینێتەوە! دەستەوستان لێفەکە لە سەرت لا دەبەی تا بزانی کەی دەڕواتەوە بۆ ژوورەکەی.
چەندە فەقیر و بەستەزمانە شەو!
گوێ قوڵاخ و وریاتر لە پێشوو. وەک ڕەسمی شەوان بێدارانی شەو! هێندە ناخایێنێ ماری یاخی دەروون چزووت لێ هەڵبستێنێ و تا مەنگت نەکا واز نەهێنێ؛ سەرخۆش دەبیتەوە. ئەمە ڕەسمی بەجێهێنانی شەوان بێدارانی شەوە!
ڕووناکی بەرچاوانت، دەنگ دەدا کە ڕوو لە کزیم! وەئاگات دێنێ ئیتر دەس لە شێنەیی هەڵگری! ئان و ساتێکە و تەواو. کەچی دەقە و ساعەت سەرقاڵی و هیچ! کاتی دیاریکراو بۆ وەخەبەر هاتنت نزیکە و ژاوە ژاوی نێو شار و هاڕەهاڕی هاتوچۆی ماشێنەکان، بۆ بژێوی ژیان؛ پێت دەڵێ پێویستە دەغڵی پڕ هەبێ، تاکوو بتوانی بمێنی بێدار، بە دیار شەو!
هێزی زیاتر دێتە گەڕ لە لایەن دەستی ڕاستی تۆ، بەڵکوو کارا بێت بۆ دەفعی خواستی سەرکەش؛ قانعی، چارت نییە، دەڵێی چی؟! بۆ حەسانەوەی شەو و ڕۆژێکی تر، چی هەیە باشتر لەمە تیمارێکی تر؟
دەس لە حەژمەتی حەز پەڕت بۆ لێدەدا، مشت لە حەیبەتی نرکە بە ئاوت دەگەیێنێ! هەر هەموو ئەمانە تەنها بۆ تاوێکن؛ لە دواچرکەی پاش زرموکوت و سمکۆڵانی سەر پێخەفەکەت!
پشووت سوارە و ئاه و ئۆفت تێکەڵ بە بانگدانی سوبح بووە، فەلسەفەی هاتنەوەی ئاوی حەیات دەبێ چلۆن بێ لەم کاتە پیرۆزەدا؟ کەس سەری لێ دەر ناکات! بەشکوو ئەڵڵا؛ خوداوەندی گەورە و موتەعال، چارەیەک ببینێتەوە بۆ دڵی هەموو دەردەیارانی شەو! [1]