شۆڕش و ڕۆژێکی زستانی
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لەبیرم دێ لە زستانێکی وەیشوومەدا، ڕۆژێک لە ماڵەوە، کاتێک تەنیا دوازدە ساڵ لەتەمەنم تێدەپەڕی، باوکم لەکاتێکدا پاڵی بە نوێنەکانەوە دابوو و بە دوو پەنجە سمێڵە پانەکەی دەلاواندەوە، گوتی ڕۆڵە هەموو شتێک بە شۆڕش چارەسەردەکرێ!
ئەم ڕستەیە لە ساتەوەختێکدا لە زاری دەهاتەدەر کە ورد ورد لە بەڕە ڕەق و کۆنەکەی بەردەمی دەڕوانی. منیش کە وەیشوومەی دەرەوە، سمێڵ بادانەکانی باوکم و نیگا قەتیس ماوەکانی گرتبوومی، لەو ساتەوە کە لە دەرەوە یەکێک لە قێزەوەنترین ڕۆژەکانی ژیان بەڕێوە بوو، زۆر بە قووڵی و لە ناخمەوە قسەکەی باوکمم وەرگرت و باوەڕم پێ هێنا و، ئیتر فێربووم کە هەموو شتێک بە شۆڕش چارەسەر دەکرێ، هەتا هەنووکەیش، ئەگەرچی دەیان ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێ، ئەگەرچی نە باوکم ماوە و نە ئەو خانووە و نە منیش لەو ژوورە و لەو وڵاتە ماوم کە ساڵانی ساڵ لەوە پێش ئەو قسە دەگمەنەی تیاکرا.
لەو ڕۆژەوە هەستم کرد گەورە بووم. بۆیە کاتێک باوکم لە ماڵەوە نەبوو، وەک ئەو دەچووم پاڵم بە نوێنەکانەوە دەدا، لە بەڕەکە مۆڕدەبوومەوە و لە کاتێکدا پشتم بە زبریی جاجمیی نوێنەکان دەکزایەوە، لەبەر خۆمەوە دەمگوت ڕۆڵە هەموو شتێک بە شۆڕش چارەسەر دەکرێ!
من کە نەمدەزانی شۆڕش چییە و پێم وابوو ڕەنگە دۆعا، پیاوێکی دراوسێ، کتێب یاخود ناوێکی تری خودا بێت، بە خۆم دەگوت کە منیش کاتێک بوومە خاوەنی منداڵ هەر ئەمەیان پێدەڵێم. ڕێک وەک باوکم لە ژوورەکەدا دادەنیشم و بە دەنگێکی گڕ، جوانترین و سیحراوی ترین نەسیحەتیان بۆ جێدێڵم.
لەبیرم دێ لەو ڕۆژەوە، من، بە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم، بووم بە شۆڕشگێڕ و بۆ هەمیشە باوەڕم بە ئیعجازی شۆڕش هێنا. دیسان هەتا هەنووکەیش!
ژیان سەیرە و زۆر جار ناهێڵێ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی وا ناوێری بیانکەی، دابمێنی. ژیان جاری وایە بە زمانی ڕووداو وەڵامت دەداتەوە. ئەویش ڕووداو لە چەشنی هەرە گەورەی. گەورە بە قەدەر مێژوو و دونیا. من کە نە ئەو ڕۆژە و نە ڕۆژانی دوواتر قەت نەموێرا لە باوکم بپرسم شۆڕش چییە و کێیە و چۆنە، لە دووای ساڵێک خەڵک ڕژانە سەر شەقام و وتیان شۆڕشە! ئەمجارەیان بوو زانیم شۆڕش واتای هاتنە سەر شەقامی خەڵک و دروشمدان و داواکاریی ڕووخانی حکومەتە. ئەمجارە بوو باسی ماف و باسی زیندانی و ئەشکەنجە و شتی لەم بابەتەم بیست. دەبێ دان بەوەدا بنێم کە ڕووداوی شۆڕش ئەوەندەی تر منی بە باوکم سەرسام کرد و زانیم باوکی من کەسێکی ئاسایی نییە. لەگەڵ شۆڕش و بەرەوپێشچوون و دوواتر سەرکەوتنی، باوکی من لە گەڕەک ڕێزی زۆر چووە سەر. هەمیشە ماڵمان جمەی دەهات، بۆ هەموو شتێ پرسیان پێدەکرد، کە یەکەم دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارانی نوێ دروستکران، باوکم لە شارەکەی ئێمە بوو بە سەرۆکیان. ئیتر باوکم وەک جاران دەرفەتی ئەوەی نەبوو لە ماڵەوە دابنیشێ، پاڵ بە نوێنەکانەوە بدات و لە کاتێکدا لە بەڕە ڕەقەکە مۆڕدەبێتەوە بڵێ ڕۆڵە شۆڕش چارەسەری هەموو شتێکە. ئەو لە ژوورەکانی دەسەڵاتدارە تازەکاندا خەریکی ئەم ئەرکەی بوو.
لەبیرم دێ ئەو ڕۆژانە زۆر خۆشبوون. باوکم هەمیشە پێدەکەنی. ئەوسا ڕستەکانی تری هاتن. ئەوەیکە بە بێ شۆڕش ژیان بێ مانایە و داهاتوو ڕەش. من کە ئەمجارە لە قسەکانی باوکم دەگەیشتم، خۆشحاڵ لەوەی گێژ و دەبەنگ نەماوم و بە دوو ساڵ، ئەقڵی مرۆڤێکی گەورەم پەیداکردبوو، سینگم پێش دەخست و بە سەری پڕ لە خەیاڵاتەوە ڕێگام دەبڕی. ئەگەرچی هێشتا هەستم دەکرد سەرەڕای ڕووداوی شۆڕش قەت لە ڕستەکەی باوکم نەگەیشتبووم. کۆڵان جەستەی ئاوساوی منی بە زەحمەت لەخۆی دەگرت. هەمیشە بە دیوارەکانم دەگوت بکشێنەوە، ... دیوارە گڵینە ڕووخاو و ناشیرینەکان، ئەو دیوارانەی بە زستان و بە پاییز تا سەر مۆخی ئێسقانیان دەخووسان و هاوینانیش کا و پووشەکانیان دەبوونە گەمەی دەم با. ئەو دیوارانەی بەڵێن بوو شۆرش چارەسەرێکیان بۆ بدۆزیتەوە.
ئەوەندەی پێنەچوو وتیان حکومەت لە ناوەند بە دەسەڵاتی پەراوێز ڕازی نیە و داوای گەڕانەوەی بێ ئەم لاولای خۆی دەکا. نازانم ئەم جورئەتە لە کوێوە هات، بەڵام شەوێکیان لە باوکمم پرسی باشە بۆ ئەوان بە ئێوە ڕازی نین، مەگەر تۆ نەبووی دەتگوت هەموو شتێک بە شۆرش چارەسەر دەکرێ؟ باوکم سەیرێکی کردم. هەر کە ویستی وەڵامم بداتەوە، لە دەرگایان دا و ئیتر فریا نەکەوت. ئەو شەوە کە دەیتوانی شەوی یەکەمین وەڵامی پرسیاری من لە باوکم بێت، بە بێ وەڵام تێپەڕی و ئیتر ڕووداوەکان وەها بە خێرایی بە شوێن یەکتردا هاتن و ڕۆیشتن کە قەت باوکم دەرفەتی ئەوەی پەیدا نەکردەوە لەگەڵ من لە شەوێکی ئارام دا دابنیشێ و وەڵامم بداتەوە. هێشوی ترێی ژیانی ڕۆژەکانی تری نێوان من و باوکم ئەوەندە قورس نەبوون کە هێشووەکە لە ژێر قورسایی خۆی، دنکی وەڵامی لێ هەڵوەرێ.
شەڕێکی قورس دەستی پێکرد. لەبیرم دێ شار و گوند لە ئاگردا دەکوڵان. شەوانە نوورئەفکەنەکان ڕێگایان ڕووناک دەکردەوە و ڕۆژانەیش ئەو کۆپتەر و فڕۆکانە دەسووڕانەوە کە ئاسمان ئەوانیان لە هەموو شتێکی تر خۆشتر دەویست! لە بیرم دێ ئەو شۆڕشەی باوکم باسی دەکرد و سەری گرت، ڕۆژێک لە کۆڵانێک دا باوکم بەر پریشکی یەکێک لە هاوەنەکانی کەوت و گیانی سپارد و، بۆ هەمیشە جێی هێشتین.
باوکم بۆ هەمیشە ون بوو. وەک ئەو باڵندانەی سەرەتای پاییز کۆچدەکەن و بە دەم ڕێگاوە دەبنە قوربانیی سەفەر.
ئیستا کە من تەمەنم لە پەنجا لایداوە و لە وڵاتێک یەکجار دوورتر لەو وڵاتەی دەژیم کە باوکم چل ساڵ لەوە پێش تیایا باسی شۆڕشی بۆ کردم، هێشتا هەر باوەڕم بەو شۆڕشەی باوکم ماوە، ئەگەرچی قەت وەڵامی ئەوەم لێ وەرنەگرت شۆڕش چییە! من دوواتر زۆر کتێبم خوێندەوە و بگرە بە هۆی بەختمەوە بەسەر شۆڕشێکیشدا کەوتم، بەڵام قەت هیچ وەڵامێک تێری نەکردم. من دەبا وەڵامم لەو کەسە وەربگرتایە کە یەکەم جار ڕستەکەی لادرکاندم، لە باوکم.
ئیستا بە ئیستایش، بە شەوانە تا درەنگان دادەنیشم و لە کاتێکدا هەموو گەڕەک و شار خەوتوون و خۆ بۆ ژیانی سبەی دەحەسێننەوە، من بە دەم پرسیاری گرینگترین ڕستەی ژیانم کە دەیان ساڵ لەوە پێش لە هەڕەتی مێرد منداڵیدا بیستم، کتێبەکان ئەم دیواودیو دەکەم و لاپەڕەی سایتە ئینتەرنێتییەکان هەڵدەدەمەوە. بە چەندین زمان بە سەر دەیان و سەدان و هەزاران بیر، شرۆڤە و بابەتی جوان و پاراو کەوتووم، بەڵام ڕۆحم هەر تینوویە. من هێشتا بە سەر وەڵامدا نەکەوتووم.
رەنگە قەتیش نەکەوم.
زۆر سادە! ڕەنگە لەبەر ئەوەی نە ئەو خانووە ماون و نە ئەو ڕۆژانە و نە ئەو کۆڵانە.[1]