پێشکەشکار لەنێوان پیشەییبوون و گاڵتەجاڕیدا
#کەنار قاسم#
لەم ڕۆژگارەدا، شۆو پڕۆگرامە تەرفیهییەکان پێویستن، کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژەکەت پێویستت بەوەیە پشوویەک بە مێشکت بدەیت، واتە جگە لە هەواڵ و بەرنامەکانی تایبەت بە پۆڵەتیک و کێشەکانی ڕۆژگار پێویستمان بە بەرنامەیەکە سترێس و جەنجاڵی ڕۆژەکەمان بڕەوێنێتەوە، ئێمەش چەند کەناڵێکمان هەیە و چەند پڕۆگرام و شۆیەکی لێوە پەخش دەکرێت، بەڵام ئەوەی پێشکەش دەکرێت نەک ئەم پێویستییەی ئێمە پڕناکاتە، بەڵکو لایەنی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە جێدەهێڵێت و میدیای بەرەو سەرلێشێواوی و لاوازی بردووە0
ماوەیەکی زۆرە تیڤیکەم دەکەمەوە چەندین بەرنامەو پڕۆگرام و شۆی هیچ و بێناوەڕۆک هەیە، کە هەموویان لەیەک دەچن، ئەوەی کە هەیە پێشکەشکارێک و مۆدێلێک یان گۆرانیبێژێک بەرامبەر یەکتر دانیشتوون قسەی بێ ماناو قاقای پێکەنین بەرنامەکە تەواو دەکات، ئەسڵەن هیچ پەیام و مەغزایەک لە بەرنامە و هەگبەی پێشکەشکارەکەدا نییە، ئەوەی دەیبینم مۆدێلێک لەمیدیاکار و وردتر بڵێم پێشکەشار پەیدا بووە، کە خۆشی نازانێت چی دەڵێت، گوێبگرە نیوسەعات بۆ سەعاتێک ڕستەیەکی ڕێکوپێک ناڵێت، پرۆدیۆسەر و دانەری بەرنامە خۆشی نازانێت چی دەوێت، تەنها ئەوەیە لە پەخشی کەناڵەکە کاتێکی پێ پڕ دەکاتەوە، کێشەکە لەوەدایە زۆربەی کەناڵەکان لەم جۆرە بەرنامانەی هەیە و بووە بە مۆدێل، هەروەها ئەم جۆرە پێشکەشکارانە خەریکە ڕەوتی میدیای کوردی تەواو دەگۆڕن پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
پێشکەشکار تەنها کاری دانس و هەڵپەڕکێ و پێکەنین نییە، پێویستە پەیامی هەبێت و وریای هەڵسەکەوت و قسەکانی بێت لەکاتی پێشکەشکردندا، بەرنامەیەکی تەرفیهی پێویستی بە پێشکەشکارێکە کە بتوانێت زۆرترین بینەر بۆلای خۆی ڕابکێشێت و لەهەمان کاتدا زانیاری و سوود بە بینەر بگەیەنێت.
پیشاندانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی جۆرێکە لە هونەر، پێشبڕکێ لە دروستکردنی بەرنامەیەکی ئینتەرتەیمێنتی باش سەختە، ئێمە نامانەوێت لە گرنگی ئەم جۆرە شۆو پڕۆگرامانە کەمبکەینەوە، بەڵام ئەویش ئیتیک و شێوازی خۆی هەیە و دەکرێت جگە لە بەخشینی کاتێکی خۆش پەیامی جیاواز و گرنگ بگەیەنێت.
لە جیهاندا تەلەفزیۆن سەرچاوەیەکی گرنگی ئینتەرتەیمێنتە بۆ بەکارهێنەرانی، پرۆگرام یان بەرنامە تەرفیهیەکان بەردی بناغەی ناوەڕۆک و پەیامن بۆ تەلەفزیۆنەکان، ئینتەرتەیمێنت لەچوارچێوەی چەند جۆرێک لە بەرنامە پەخشدەکرێت، وەکو فیلم، بەرنامەی کۆمیدی، پڕۆگرامی یاری و پێشبرکێکان، مۆسیقا، پێشبڕکێی بەهرە و قسەکردن. کەواتە ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر تیڤیە کوردییەکانیش بەرنامە ئینتەرتەیمێنتەکان بەشێوازە ڕاستەکەی و بە ئیتیکی تایبەت بەبوارەکە پەخشبکەن و پێشکەشارێک بهێننە سەر شاشە کە بەتواناو بە ئەزموون بێت و ئەرکەکەی خۆی بەباشی جێبەجێ بکات.[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 196 times
Write your comment about this item!