خۆشویستن و یەکتر قبووڵکردن
#کەنار قاسم#
ئەوەی بینیم لەوێ، خەڵک و کەلتورێکی تەواو جیاواز، کەلتوری خۆشویستنی یەکتر و قبووڵکردنی یەک. دیمەنێکی تێکەڵ لە تراژیدییا و خۆشەویستی، من نەمدەزانی لە کامیان بڕوانم، ئەوان یەکتریان خۆشدەوێت و مێژوو و شەهید و ئازارەکانیان خۆش دەوێت و منداڵەکانیان بە خۆشەویستی گۆشکراون.
کچ و کوڕ و گەنج و پیر بە دەستی پڕ لە گوڵ و پۆستەرەوە بە هێمنی و لەسەخۆ بەرەو مۆنۆمێنتەکە دەڕۆشتن، لەوێ بەبێ دەنگی گوڵەکانیان بەدەوری بازنەیەک لە ئاگرە ئەبەدییەکە دادەنا و نزایان بۆ هەزاران شەهیدی وڵاتەکەیان دەکرد.
خەمێکی یەکجار قورس لە دڵیاندا هەبوو، ئەوان یادی ڕۆژە شوومەکەیان دەکردەوە کە جینۆسایدکردنیان بوو لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، خەڵکی هەموو ئەرمینیا و یەریڤان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەش دەژین لەو ڕۆژەدا دەگەڕێنەوە بۆ بەرزراگرتنی ڕۆحی شەهیدەکانیان هەموویان دەچنە مۆنۆمێنتەکە، ساڵانە بەو شێوازە جوانە جینۆسایدەکەیان بیری جیهان دەخەنەوە، بەڵام هیچ شپرزەیی و تێکدانی شوێنەکە و پیسکردنی مۆنۆمێنتەکە ڕوونادات و نەبوون بەهۆی دیسان ئازاردانی یەکتر، گرژییان پێوە دیار نەبوو، من لەوێ بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر ئەم مۆنۆمێنتە لە کوردستان بوایە، هەر لە دەرگاکەوە یەکەم شت دەبوو بە پاڵەپەستۆ و شەڕ بۆ ئەوەی کێ زووتر بچێتە ژوورەوە و لەوێ فڕێدانی دەبە ئاو و خواردن پاشماوەکانیان چی بەسەر مۆنۆمێنتەکە دەهێنا.
جوانتر ئەوە بوو قەدەغەی هاتوچۆ و پشوو بوو بۆ هەموو خەڵکی ئەو شارە هەرچەند هەر خۆی شارەکە ژمارەیەکی کەم ئۆتۆمبێلی تێدا هەبوو، بە پیادە بە بێ دروستکردنی فەوزا و ئاستەنگی هاتوچۆ مەراسیمەکەی خۆیان جێبەجێدەکرد.
ئێمەی کورد خاوەنی چەندین کەلتوری جوانین، بەڵام تا ئێستا کەلتوری ڕق و دژی یەک وەستانەوە و متمانەنەکردن بەیەک، بە ئاشکرا پێمانەوە دیارە، دین و بیروبۆچوونی جیاواز قبووڵ ناکەین، کەسی جیاواز لە ئێمە بە توندی دژایەتی و ئازار دەدرێت. تەنانەت نەوە و جیلە نوێیەکەی ئێمە، خۆشویستنیان بۆ ڕق و دژایەتی گۆڕیوە و بە دوای هەلێکدا دەگەڕێن بۆ ئازاردانی کەسی بەرامبەر لە هەمووی خراپتر ڕق لێبوونەوەی میللەت و خاکەکەی هەرچەندە بۆ ئەمە خێزان و دەسەڵاتیش بە هۆکار گەلێکی زۆر بەرپرسیارن.
ساڵی پار لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بووم لە ساڵیادی جینۆسایدی میللەتەکەیاندا، ئەوەی زیاتر سەرنجی ڕاکێشام جوانی شارەکە و ڕێگاو بان و تەلار و باڵەخانە و سروشتەکەی نەبوو، بەڵکو کەلتور و خۆشەویستی و یەکترقبووڵکردن و خەمخۆری ئەو میللەتە بوو.[1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 128 times
Write your comment about this item!