ناونیشان: میدیای کوردی و ئاراستە خراپەکانی
نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
هەمووان ئه و ڕاستیە دەزانن، کە میدیا بایەخ و کاریگەری زۆری هەیە، لەناو ژیاندا، بۆیە ئەم کاریگەرییە، نابێ هەروا بە سانایی و سادەیی نادیدە بگیرێت، چونکە میدیا دەتوانێ ڕۆڵبگێرێت، لە بەدیهێنانی ئامانج و مەبەستی دیاریکراودا، جا ئەگەر ئه و ئامانجە پیرۆز بێت، یان بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئەمڕۆی لە گۆڕەپانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، دەگوزەرێت، مایەی نیگەرانییە، بەتایبەت دۆخی میدیا، چونکە میدیا کاتێ ئەبێتە بەشێکی گرنگ لە ئەجێندای دەسەڵاتداران و بە پێی ویستی ئەوان ئاراستە دەکرێ، له و کاتەدا خەونی خزمەتکردن و ئامانجی گشتی کە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و گەیاندنی زانیاری دروستە بە زۆرینە، ئه و ئامانجە لەدەست ئەدات و ئەچێتە خزمەتی توێژێکی بچووکی مشەخۆر، کە دەسەڵاتدارانن، لە دنیادا هەروابووە، دەستەی سەردەست و دەسەڵاتداران، ئامانجێکیان هەیە، ئەویش لەخشتەبردنی خەڵک و دێواندنی خۆیان، بۆ مەبەستی مانەوە و بەردەوامیدان بە ئامانجەکانیان، ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی گرتوە، کاتێ بتوانن لە ڕێگەی میدیاوە چییان بوێت، پێی بگەن، لەم ڕوەوە، جێم مۆریسۆن دەڵێ : (هەرکەسێک، کۆنتڕۆڵی میدیا بکات، کۆنتڕۆڵی عەقڵی خەڵک دەکات).
هەربۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم، کەوتنە پەنابردن بۆ ئەم بیردۆزە، تا له و ڕێگەیەوە کە میدیایە، کۆنترۆڵی عەقڵی کۆمەڵگە بکەن، ئەویش بە کڕینی دەیان و سەدان نوسەرو ڕۆژنامە نوس و خستنە گەڕی داهاتێکی بێشومار بۆیان، تا ئەوان دەستەمۆو ڕامبکەن و له و ڕێگەیەوە میدیاکان بخەنە خزمەتی ئامانجەکانیان، ئه و کاتانەی میدیا، سەربەخۆیانه و ئازادانە کار دەکات و ڕۆڵی باشی خۆی دەبینێت، ڕاستیەکان دەخاتە بەرچاوو هۆشیاری کۆمەڵایەتی بڵاو دەبێتەوە و ماف بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، چونکە وەرگرتنی زانیاری بەپێی یاسا مافی هەموو ئەوانەیە دەیانەوەێت پێی بگەن و بەدەستی بێنن، له و کاتەدا میدیا و سۆشیالمیدیا دەبنە هۆکاری بەدیهێنانی ئامانجی خەڵک، هەرلەبەر ئەمەیە، کەسێکی وەک مارک مەکینۆن، دەڵێ : (تەکنەلۆژیاو سۆشیالمیدیا، دەسەڵاتیان بۆخەڵک هێناوەتەوە).
لەئێستادا جێی داخو نیگەرانیە، دەسەڵات بە پیلان کاری لەسەر ئەوە کردوه و پێچەوانەی کردۆتەوە، بەوەی دەسەڵاتەکەی بەهۆی داهاتی گشتی و قۆرخکاری، لەخەڵک زەوتکردووه و بۆخۆیانیان بردووە، کاتێ دەسەڵاتداران میدیا دەخەنە خزمەتی خۆیان، چییان بوێ و چۆنیان بوێ، وا بەگەڕیدەخەن، سۆشیالمیدیا بەشێکی گرنگی میدیای لەمڕۆدا داگیرکردوە کە ئەویش زۆربەی زۆری لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستە دەکرێت، هەندێ ڕاپۆرت و بەدواداچوون دەکات، مرۆڤ توشی شۆک دەکات، لەم ماوەیەدا ڕاپۆرتێکم بەرچاوکەوت، باسی گریانی سەرکردەکانی دەکرد، هەرکەس ئەوەی بینیبێت، توشی ڕامان و سەرسوڕمان دەبێت، له و ڕاپۆرتەدا، واهەست دەکەیت، سەرکردەکان مرۆڤ نەبن و بونەوەرێکی جیاواز بن، هەست و سۆزیان نەبێت و سەرماو گەرماو ناخۆشی و نەخۆشی یەخەیان نەگرێت، کە ئەمەش مەحاڵه و نامۆیە شتی له و جۆرە هەبێت، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی لەخشتەبردن و دێواندن، لەپێناو مەبەستێکی نامۆو نائاسایی لەناو کۆمەڵگەدا، کە بینەرو گوێگر والێدەکات، بەتامەزرۆو تاسوقەوە، ئه و نەهێنیە بزانێت، کە بۆچی ئاسایی نیە، سەرکردەکان بگرین؟ ئایا ئەوانیش مرۆڤ نین؟
پێویستە خەڵکانی دڵسۆزو نیشتمان پەروەر، بەوریای مامەڵە لەگەڵ میدیا بکەن و نەهێڵن، بەجۆرێک ئاراستە بکرێت، پاشەکشە بە خەونی گەوره و ئامانجی پیرۆز بێنێت، ئەویش بە دروستکردنی میدیایەکی بەهێزی ڕاستگۆو دوور لە پاشکۆی حیزبەکان، بەتایبەت دەسەڵاتداران، هەرکاتێک ئەمە بەدیهات و بونیاتنرا، خەڵک لە بینینی دوو ئاراستەکە(میدیای ڕاستگۆه و ڕاشکاو) و (میدیای درۆو چەواشەکار) ڕاستی دەبینێت.
لەم بارەیەوە، ئەلێکسیس ئۆهانیان دەڵێت: (دیسپلینی دەوێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەیت، سۆشیالمیدیا کاتەکانت بدزێت).
ئەوەی باسمانکرد، بەشێکی کەمە له و گرفتانەی ڕۆژانە لەناو میدیای کوردیدا بە مەبەست ئاراستە دەکرێت و دەبێتە بەشێکی گرنگ، لە ئامانجی دەسەڵاتداران، بۆ مەبەستی مانەوەی خەڵک به و شێوەازەی گەرەکیانە. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 451 times
Write your comment about this item!