دیمانە: ڕۆکەن خاتوون تورهانڵی - وەرگێڕانی لە تورکییەوە: کارزان گلی
داڤید فیلیپس، لێکۆڵەر و دیپلۆماتکاری ئەمریکی، کە لە هاوکات شارەزای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێی وایە ئێڕاق وەکوو دەوڵەت بێتوانایە، بۆیە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە کە #هەرێمی کوردستان#، وەکوو کۆنفیدڕاڵی بناسێنێت.
ئەو دیپلۆماتکارە، کتێبێکی بە ناوی ”بەهاری کوردی و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست“ بڵاو کردووەتەوە، کە لەوێدا بەدرێژی باس لە کورد و مافی کورد دەکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پێشبینیی کردووە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت و لەو گۆڕانەشدا پێویستە کورد لەبیر نەکرێت.
لەم دیمانە تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی (باسنیوز)، چەندین بابەتی گرنگی تایبەت بە کورد باس کردووە.
(باسنیوز) دەمەوێت سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەم، کوردت چۆن ناسی؟ لەگەڵ ئەوەی کێشەی کورد دەیان ساڵە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا باسی لێوە دەکرێت، بەڵام تۆ چۆن کێشەی کوردت ناسی و چۆن ئەوەندە خۆت پێوە سەرقاڵ کرد؟
داڤید فیلیپس: لە ساڵی 1988 لە کۆنگرێسی ئەمریکادا بەڕێوەبەری وەقفی مافی مرۆڤ بووم، بەڕێز #نەجمەدین کەریم# لە ئۆفیسەکەی خۆم سەردانی کردم و لەوێدا ئەو وێنانەی نیشان دام کە سەدام حوسێن کوردی ئەنفال کردووە و هەروەها بە گازی کیمیایی هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە. کاتێک لە وێنەکاندا ئەو کارەساتە وەحشییانەیەم بینی کە بەرامبەر بە کورد کراوە، ئەمە کەرەستەیەک بوو بۆ من تا لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە کێشەی کورد بکەم و کاتی خۆمیان بۆ تەرخان بکەم، بۆیە دەتوانم بڵێم 30 ساڵە خەریکی توێژینەوەم لەبارەی کێشەی کورد.
پاشان نەجمەدین کەریم، لە 1992 لە کۆنگرەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# منی بۆ هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرد. لە 1991-1992ش ئەو قارەمانی و بەرگرییەی کورد کردی دژی ڕژێمی سەدام، کاریگەریی زۆری خستبووە سەرم. بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ئەمریکا دوای کۆنگرەی یەکێتی، دەبوایە بەڕێگەی وشکانیدا بچمە تورکیا، کاتێک لە سلێمانییەوە چووم بۆ سنووری تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئامەد، لە ڕێگە چەندین جار پشکنینیان بۆ سەیارەکەمان کرد و کاتێک لە تورکیا بینیم بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکەن، کە چوومەوە بۆ ئەمریکا، زیاتر خەریکی کێشەی کورد بووم و خۆم پێیەوە سەرقاڵ کرد.
(باسنیوز) بەڕێزت کەسێکی ئاشتیخوازیت و لە هەمان کاتدا شارەزای سیاسەتی دەرەوەیت، بۆیە دەمەوێت پرسیارێکی مێژووییت لێ بکەم، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، وڵاتانی باڵکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان و سەربەخۆییان وەرگرت، بەڵام گەلی کورد نەبووە خاوەنی ئەو شانسە، بە بۆچوونی تۆ، کێ هۆکار بوو تا کورد ئەو شانسەی نەبێت تا ببێت بە دەوڵەت؟
داڤید فیلیپس: ئەو ناکۆکییەی لە نێوان کوردەکان خۆیاندا هەیە، هەروەها کە بۆ چوار پارچە دابەش بوون، ئەوەش هەمیشە کوردی لە ڕووی تایبەتمەندیی نەتەوەییەوە دوا خستووە، بۆ نموونە، لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا، یەکەم پارچەبوونی کورد لە ڕێککەوتنی ڤێرسایلەر بوو، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمیشدا، چەندین وڵاتی نەتەوەیی دروست بوون، بەڵام بەداخەوە لەو سەردەمەدا دژەکوردەکان هەموو شتێکیان کرد تا کورد نەبێتە خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی وەرنەگرێت. لەو سەردەمەدا، سەرکردە کوردەکانیش کەوتنە داوی ئەوەی پێیان دەگوتن کوردە باشەکان و لەلایەن دژە کوردەکانەوە خەڵات دەکران و بە دڵێکی سافەوە فێڵیان لێ کرا. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوکات لە بەرژەوەندییان بووە، تەنیا لەڕووی ئاساییش و هەروەها بەکارنەهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە کورد پشتگیری لە کورد بکەن، نەک پشتگیرییان بکەن بۆ دروستبوونی دەوڵەت.
(باسنیوز) بەو ئەزموونەی هەتە، ئایا ئەمریکا خاوەنی تێزێکی ستراتیژییە بۆ هەموو کورد؟ یاخود سیاسەتی ئەمریکا بۆ چوار پارچەی کوردستان جیاوازە؟
داڤید فیلیپس: بەداخەوە ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی هەنووکەیی بۆ کورد پێ نییە، واتە لەڕووی بنەما و پڕەنسیپەوە سیاسەتێکی درێژخایەنی نییە و ئەوەی هەیە ڕۆژانەیە و بە پڕاکتیک هەنگاوی بۆ دەنێت.
(باسنیوز) لە کتێبەکەتدا (بەهاری کورد و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دەڵێیت، سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت، ئایا ئێستاش ئەو بۆچوونەت هەیە کە ئیمکانی ئەوە هەیە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا بێت؟
داڤید فیلیپس: کتێبەکە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بڵاوم کردووەتەوە، کە باسم لەوە کردووە ئیمکانی ئەوە هەیە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت. هاتنی داعش و بەرەوپێشچوونیان، بەتایبەت لە جوگرافیای کورد، وای کرد بیر بکەمەوە کە ئەو ناوچەیە زیاتر پێویستی بە دیموکراتی هەیە، بنەمای بیرکردنەوەی منیش لەو کتێبە ئەوە بوو کە کورد لەڕووی دینامیکەوە زەمینەی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی سەربەخۆیی، چونکە واقیعەکە هەر ئەوە نییە، بەرامبەر بە گرووپێکی ڕادیکاڵ جەنگان و سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، بۆیە ئەمریکا بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە ئامانجی ستراتیژیی خۆی، گرنگترین بابەت ئەوەیە، کورد بەهێز بکات و بیانکاتە خاوەنی دیموکراتییەکی بەهێز.
(باسنیوز) تورکیا ئەندامی ناتۆیە، لە ڕۆژئاوای کوردستان بە چەکی ناتۆ پەلاماری خەڵکی سڤیل دەدات و ژن و منداڵ دەکوژێت و مافی مرۆڤی پێشێل کردووە، بە بۆچوونی تۆ، کاتێک تورکیا بە چەکی ناتۆ هاووڵاتیی سڤیل دەکوژێت، بۆچی ناتۆ بێدەنگە؟
داڤید فیلیپس: ئەمەی تۆ باسی دەکەیت، تاوانی جەنگە، ئەوەی دەبێت باجی ئەوەش بدات بەرپرسانی تورکیان. ئەمریکا تورکیای لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی F35 دەرکردووە، هەروەها ئەو داوایەی تورکیاشی ڕەت کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی F16یان بۆ نوێ بکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرامبەر بەو تاوانەی تورکیا کردوویەتی، دەبێت سزاکانی ئەمریکا بۆ تورکیا ڕادیکاڵانەتر بێت. بەداخەوە ئیدارەی بایدن لە بێئاگاییەکی زۆردایە، لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا وای بیر کردەوە کە تورکیا دەتوانێت ڕێگە لەو جەنگە بگرێت، ئەمەش گەورەترین گێژییە کە وا بیر بکەیتەوە، چونکە ئەگەر تۆ پشتگیری لە حکوومەتی تورکیا بکەیت، بۆ ئەوەی بتوانێت حکوومەتی پۆتین و ڕووسیا لەناو ببەیت، ئەمە ئەوپەڕی گێژییە.
(باسنیوز) هەرێمی کوردستان لە 2017، ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، 92% گەلی کورد داوای جیابوونەوەیان کرد، تۆ کە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو دۆخەت دەکرد، ئەمریکا بۆچی پشتگیریی کوردی نەکرد؟ ئەی باشە بۆچی ئەمریکا سەرەڕای هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئێڕاق، بەڵام نەیتوانیوە ئارامی بۆ ئەو وڵاتە بگێڕیتەوە؟
داڤید فیلیپس: کورد لە دەستووری 2005ی ئێڕاقدا بەوە ڕازی بوون کە ببنە خاوەنی فیدڕاڵی، لە 2017ش کاتێک ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆییان کرد، ئەمە مافێکی شەرعیی خۆیانە، بەڵام لەو سەردەمەدا ئەمریکا دەیوست کورد تەنیا فۆکەس بخەنە سەر ئەوەی چۆن داعش لەناو ببەن و ئەگەر پشتگیرییان لەو ڕیفڕاندرمە بکردایە، کاریگەریی ئێڕاق لەڕووی ئاساییشەوە لاواز دەبوو، بۆیە ئەمەی نەکرد. بەڵام دوای ڕیفڕاندۆم ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، پێمانی گوت ئێڕاق باخچەیەکی پشتەوەی ئێرانە و ئەمریکا بەردەوام هەوڵ دەدات ئێڕاق لەڕووی سیاسییەوە ئارام بێت و بەرقەرار بێت، بەڵام ئێڕاق لە بەرامبەردا بووەتە هاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئێران.
(باسنیوز) وەکوو ئەوەی شارەزای سیاسەتی کوردستانیت و دۆستت زۆرە، کورد چۆن دەتوانن ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بکەنەوە کە لەژێر چەتری ئیمپڕیاڵی بێنە دەرەوە و نەخشەڕێگەی تۆ بۆ ئەمە چییە؟
داڤید فیلیپس: لەڕاستیدا ئێڕاق ئێستا دژی ئەمریکایە و لە بەرژەوەندیی ئەورووپا دەدات و بێتوانایە، بۆیە لە بەرامبەر ئەمەدا، پێویستە ئەمریکا سیاسەتی ڕاستەقینەی خۆی پەیڕەو بکات و لە بەرامبەر ئێڕاقدا هەرێمی کوردستان بکاتە کۆنفیدڕاڵی. دوای ئەوەی ئەو هەنگاوەیشی نا، ئیدی لەڕووی ئیداری و ئابووری و کولتوورییەوە دەبێت هاوکارییان پێشکەش بکات و زیاتر بەهێزیان بکات.[1]