ناونیشان: پاراستنی شار لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی سامانی نەوت
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
$پوختە$
پوختەی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە دەرخستنی کاریگەری کێڵگەی نەوتی لە لە پڕۆسەی بنیات نانەوەی شارەکان، ئەم کاریگەرییەش دوو لایەنەیە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ، لایەنە پۆزەتیڤەکەی دەبێتە مایەی سەرچاوەیەکی دارایی چاک بۆ پێشخستن و پەڕەپێدانی شارەکە و ڕەخساندنی بوصاری کار بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانەکەی، لایەنە نێگەتیڤەکەشی زیاتر زیان گەیاندنە بە ژینگەو تەندروستی مرۆڤ کە بەهۆی دوصکەڵ و پاشماوە نەوتیەکانەوە ژینگەی وشکایی و ئاوی پیس دەبێت و بۆیە لە کاتی نەخشە کێشان بۆ دروستکردنی هەر شارێکدا زۆر پێویستە ڕەچاوی بوونی کێڵگەی نەوت بکرێت و بە هەند وەربگیرێت. ڕێگاکانی ڕێگرتن یان کەم کردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانیش خراوەتە ڕوو. لە کۆتایشدا کێڵگەی نەوتی تەقتەق بە نموونە هێنراوەتەوە لەگەڵ خستنە ڕووی دەرئەنجاماکانی پەڕەپێدان و بەرهەم هێنان لەو کێڵگەیەدا لە سەر شارۆچکەی کۆیە.
$پێشەکی$
لە ڕۆژگاری ئەمرۆماندا نەوت سەرەکیترین کانزای بەکارهاتووە لە جیهاندا، ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی هەموو وڵاتانی پێوە بەستراوە. نەوت شادەماری شارستانیەتی ئەمرۆمانەو بەبێ ئەوە ژیان دەوەستێت. ڕووداوەکانی مێژووی نزیکیش ئەو ڕاستیەی سەلماندووە هەروەک لە جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1973دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا نەوتیان لێبڕا ژیان لەو شوێنانە تێکچو و پشێوی تێکەوت.
بوونی کێڵگەی نەوت لە هەر شوێنێکدا بمانەوێت و نەمانەوێ جێپەنجەی خۆی لە سەر ئەو شار یان شارۆچکەیە بەجێدەهێلێت. هەرچەندە نەوت سامانێکی ئابوورییەو دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بەڵام ئەگەر بە وریایی بەکارنەهێنرێت دەبێتە سەرچاوەی نەخۆشی و پیس بوونی ژینگەو تێکچوونی دیموگرافیا، وڵاتانی کەنداو باشترین نموونەی تێکچونی دیموگرافیان کە ڕێژەی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی لە خەڵکی بێگانە کەمترە. ئەزموونی شاری کەرکووک باشترین بەڵگەی کاریگەری نەوتە لە سەر ژینگەی شار.
لە کۆتاییدا هیوادارم ئەم توێژینەوەیە ببێتە مایە سوود لێوەرگرتن و کەلێنێکی لە توێژینەوەی زانستی پڕکردبێتەوە.
$کاریگەری کێڵگەی نەوتی لە سەر مرۆڤ و دەوروبەر$
نەوت لەسێ لاوە کاریگەری لەسەر دەوروبەرەکەی دەبێت: -
1- ژینگەیی
2- دیموگرافی
3- جوگرافی
کاتێک شارێک بنیات دەنرێتەوە پێویستە ڕووبەری کێڵگە نەوتییەکان پەرژین بکرێت و لە ئاوەدانی داببردرێت، ڕێگە لە هەموو چالاکییەکی مرۆیی و کشتوکاڵی تێدا بگیرێت، ناوچەکە بکریتە ناوچەیەکی تایبەت بە پیشەسازی نەوت. بە پێی پێوەرە زانستییکان ناکرێت هیچ گەرەک و کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون دروست بکرێت ئەگەر دورییەکەی 15 - 20 کیلۆمەتر لێوەی دوورنەبێت چونکە ئەو غازەی لە ئەنجامی پڕۆسەی پیشەسازی نەوتدا بەرز دەبێتەوەو دەچێت بە هەوادا کاریگەری خراپی بۆ سەر دانیشتوانەکەی دەبێت لە وانە غازی h2sواتە کبریتیدی هایدرۆجین کە غازێکی کوشندەیە ئەگەر ڕێژەکەی 10ppmتێپەربکات، جگە لەوە هەر دەزگایەکی دروستکراو لەمس cupperهەبێت لە گەڵیدا کارلێک دەکات و کونی دەکات لەوانە ئامێری بەفر خەرەوە و سپلت.
$رادەی مەترس - بری غازەکە$
10ppm
part per million: بۆنێکی ناخۆشی هەیە ڕۆژانە کارمەندانی نەوت هەستی پێدەکەن تا ماوەی 8 سەعات هیچ کاریگەرییەکی خراپی نیە.
20ppm: بۆ کارکردن لەو ژینگەیەدا پێویستە هۆیەکانی خۆپاراستن لەبەربکەیت بێئەوە دوچاری ڕشانەوە دەبیت
100ppm: لە ماوەی 3-15 دەقیقە هەستی بۆنکردن ئیفلیج دەکات چاوو قورگ دەخورێت.
500ppm: هەستی بۆنکردن بە یەکجاری نامێنێت و دەبورێتەوە، هەناسەدان ڕادەوەستێت، توشبوو پێویستی بە هەناسەدانی دەستکرد دەبێت.
1000ppm: ئیفلیج بونی گشتی و مردن.
$مەرجی دامەزراندنی پاڵاوگەو زیانەکا$
پاڵاوگە دامەزراوەیەکی گرنگی هەموو وڵاتێکەو بزوێنەری هەموو گارگەو ئۆتۆمبێل و ئامێرێکە، سەرباری سودەکانی ئەگەر بە وریایی مامەڵەی ڵەگەڵ نەکەین زیانیشی زۆرە.
سەرەتا دەبێت شوێنی دروست کردنی پاڵاوگە دووربێت لە پشتێنەی بوومەلەرزە. پاڵاوگە نەوتی خاو دەگۆرێت بۆ بەرهەمەکانی وەک بەنزین و گاز و نەوتی سپی و نەوتی ڕەش ڕۆن و ئەسفەلت...................... هتد.
هەتا بتوانرێ پاڵاوگە گەورەبێت باشترە بەجۆرێک هەموو بەرهەمە نەوتییەکانی تیا بەرهەمبهێنرێت تەنها بە بەنزین و گازو نەوتی سپییەوە نەوەستێت بەڵکوو ڕۆنی ئۆتۆمبێل و ئەسفەلت و هەموو شتێکی تێدا بەرهەمبهێنرێت، حیکمەت لەمە ئەوەیە کاتێک بەرمیلێک نەوت دەچێتە پاڵاوگەیەکەوە زیاتر 40 ی دەبێت بە پاشەرۆ (rcr) ئەگەر بەرهەمە کانی تەنها گازو بەزین و نەوت بێت بەڵام ئەگەر لە باڵاوگەکە هەموو شتێکی تێدا بەرهەم هێنرا ئەوا ڕێژەی (rcr)ئەوەندە کەم دەبێتەوە هەندێک جار دەبێتە بە سفر. نەوت چەندێک سووک بێت ڕێژەی (rcr) ی کەم دەبێت.
لەپاڵاوگەدا بەردەوام ئاوی پیس پەیدا دەبێت چ توخمێک لەناو نەوتدا هەبێت لەوێشدا هەیە بۆیە پێویستە یەکەی چارەسەری ئاوی پیس لەپاڵاوگەدا هەبێت بە جۆرێک وا لە ئاوەکە بکات بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە بشێت ئەویش پاش ئەوەی شیکاری کیمیاوی و بایۆلۆجی پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت. هەروەها لەپاڵاوگەدا ڕۆژانە غاز دەمێنێتەوە پێویستە بسوتێنرێ و بەرەڵای ناو هەوا نەکرێت ئەویش لە ڕێگەی flair) ەوە بێت و بەرزیەکەی لە 100 مەتر زیاتر بێت.
لەپاڵاوگەدا دوو سستمی ساردکردنەوە هەیە (close and open)، سستمی داخراو باشترەو ئاوی پیسی کەمتر لێ بەرهەم دێت لە چاو سستمی کراوەوە
هەر چەندێک هەوڵ بدەین ناتوانین زیانی پاڵاوگە 100 بنەبڕ بکەین بەڵام دەتوانرێت کەم بکرێتەوە.
هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت
لە چوارچێوەی کێڵگە نەوتییەکاندا تۆڕێک لوولەی نەوتی دەردەکەوێت کە نەوت لە بیرە نەوتەکانەوە بۆ بەشە جیاوازەکان دەگوازێتەوە پێویستە ئەم لوولانە بە قووڵی مەترێک لە ژێر زەویدا بن تا بە دوور بن لە هەر ڕووداوێکی کون بوون و تەقانەوە کە سەرەنجام مەترسی لێدەکەوێتەوە ژینگەش پیس دەکات، هەروها دیمەنێکی جوانتریش پیشان دەدات. بەپێی توانا هەوڵ بدرێ بۆرییە نەوتیەکان بە تەنیشت ڕووبارەوە ڕانەکێشرێ چونکە هەر کارەساتێک لەو بۆریانە ڕووبدات یەکسەر نەوت دەڕژیّتە ڕووبارەکەوەو پیسی دەکات.
$بوونی بەرێوبەرایەتی ژینگە$
لەناو کۆمپانیای نەوتدا پێویستە بەرێوبەرایەتیەکی ژینگە هەبێت ئەرکی پاراستنی ژینگە بێت و بە دواداچونی بەردوامیان هەبێت بۆ ئەو کارە، خولی بەردەوام بۆ کارمەندانی نەوت بکەنەوە ڕێوشوێنە پێویستیەکانیان پیشان بدەن لەوانە وەرزش کردن چونکە لە کاتی ئارەقە کردنی وەرزشدا هەرماددەیەکی ژەهراوی لە لەشدا هەیە کە لە هەواوە مژراوە دەردەچێتە دەرەوە. ڕیًَنماییەکی تر خوادنەوەی شیرە کە ڕێگرە لە مژینی ماددە ژەهراوییەکان لە لایەن لەشەوە. خاڵێکی گرنگی تر چاندنی دارە لە پانتاییەکی زۆری کێڵگە نەوتییەکان بە تایبەت داری کالپتۆس کە لەلایەکەوە بەرگەی کەم ئاوی دەگرێت لەلایەکی تریشەوە دەبێتە هۆی دەردانی برێکی زۆر ئۆکسجین بۆ هەوا لەگەڵ مژینی برێک لە گازەکانی ناو هەوا.
$کاریگەری دیموگرافی$
نەوت وەک شیلە وایە لە هەر شوێنێکدا هەبێت لە هەموو لایەکەوە دەوری لێئەدەن. نەوت شوێنی پەیداکردنی بژیوی ژیانە لەهەموو سوچێکەوە بۆ کارکردن ڕووی تێدەکەن پاشان بە حوکمی کارەکەیان نیشتەجێدەبن. پێویستە زۆر وریابین لەوەی مۆرکی شارەکە نەگۆردرێ و خەڵکانی غەیرە کوردی تێدا نیشتەجێببێ چونکە سەرەنجام کاریگەری بۆ سەر ئاساییشی نەتەوایەتیمان دەبێت، هەوڵبدرێت پشت بە ئەندازیارو کرێکاری کورد ببەسترێت، هێنانی پسپۆری بێگانە کاتی بێت و پاش تەواوکردنی ئەرکەکەیان ولات بە جێبهێڵن.
با ئەوەی بەسەر کەرکووکدا هات لە گۆرینی دیموگرافی بەهۆی نەوتەوە بەسەر شوێنێکی تردا نەیات. وڵاتی ئیمارات ژمارەی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی لە خەڵکی بێگانە کەمترە کە هەموویان بە مەبەستی کارکردن ڕوویان لەو وڵاتە کردووە.
$کاریگەری جوگرافی$
کاتێک کێڵگەیەکی نەوتی دەدۆزرێتەوە ئەگەر لە ناوچەیەکی دوور لە ئاوەدانی بوو ئەوا هیچ کاریگەرییەکی جوگرافی لە سەر نەخشەی ئاوەدانی شار دروست ناکات بە پێی ئارەزوو نەخشەی شار دەکێشرێت. بەڵام ئەگەر کێڵگەکە دۆزرایەوەو چەند گەڕەکێکی لەسەر دروست کرابوو ئەوا ئەو گەرەکانە دەبە بە ئەمری واقع ودەمێننەوە. لەوە بەدوا پێویستە ڕێگە لە دروست کردنی خانووی تر لەسەر کێڵگە نەوتیەکە بگیرێت، بەو شێوەیە کاریگەرییەک لەسەر جوگرافیای شارەکە بە جێدەهێڵێت.
$کاریگەری نەوتی تەقتەق لە سەر شاری کۆیە$
شاری کۆیەش یەکێکە لەو شوێنانەی پرشی ئەو کانزایەی بەرکەوتووەو کێڵگەیەکی نەوتی لە نزیکەوە هەیە بەناوی کێڵگەی تەق تەق، درێژی کێڵگەکە 29 کیلۆ مەترەو پانیەکەشی 11 کیلۆمەتر، هەروەها کەوتۆتە سەرووی کێڵگەی نەوتی کەرکووکەوە بە 60 کیلومەتر، یەدەگی چەسپاوی کێڵگەی تەق تەق 1 ملیارو 250 ملیۆن بەرمیلی نەوتە. نەوتەکەی لە جۆری سووکەو apiیەکەی لە سەرووی (45) ەوەیە.
بۆبنیات نانەوی شاری کۆیە دەتوانرێت وەها بکرێت کێڵگەکە ئەوەندە کاریگەری نەبێت چونکە کێڵگەکە سەنتەری شارەکەی نەبڕیوە واتە هیچ بیرێک یا دامەزراوەیەکی نەوتی لە لە سنورەکەدا نییە یا بە واتایەکی تر بڵێین هیچ بەشێک لە شارەکە لەسەر کێڵگەکە دروست نەکراوە، لەم بارەدا پڕۆسەی بنیات نانەوە ئاسان تر دەبێت چونکە هیچ گەڕەک و خانوو فەرمانگەودامەزراوەیەک نییە تا هەوڵی دوورخستنەوەی بدەی، ئەمە ڕێک پێچەوانەی حاڵەتی کەرکووکە کاتێک لە ساڵی 1927کێڵگەکە دۆزرایەوە چەندین گەڕەکی وەک ئیمام قاسم و بەرتەکیە دروست کرابوون وکێڵگەکە ناوجەرگەی شارەکەی دەبڕی.
لە بنیات نانەوەی شاری کۆیەدا دەتوانرێت هەموو دامەزراوە نەوتیەکان بە پێی ستانداردی جیهانی بنیات بنرێن و لە شارەکە دوور بخرێنەوە نەهێڵرێت زیانی ژینگەیی گەورەی لێوە پەیدا بێت. دەتوانرێت پاڵاوگەیەکی گەورە لە سنوری کێاَگەکە دروست بکرێت، بەهۆی ئەوەی نەوتی تەقتەق سووکە ئەوا پاشەرۆی (rcr) کەم دەبێت.هەر بێگانەیەکیش بە مەبەستی سوود لێوەرگرتن هاتە سنورەکە با مانەوەکەی کاتی بێت چونکە شارۆچکەیەکی بچوکی وەک کۆیە بە تێکەڵ بوونی بێگانەیەکی زۆر زوو دیموگرافیاکەی دەگۆرێت و پاشان کار لەسەر کلتورو داب و نەریتی دانیشتوانەکەی دەکات.
$ئەنجام$
لەکۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە لە پڕۆسەی بنیات نانی هەر شارێکدا زۆر پێویستە ڕەچاوی بوونی کێاَگەی نەوتی بکرێت تا کەمترین زیانیان بەرکەوێت چونکە لە هیچ وڵاتێکدا نەتوانراوە 100زیانەکان بنەبڕ بکرێت. [1]