$ئوستورە و ئەفسانە و دین(بەشی یەکەم)$
نووسینی: زەردەشت نورەدین
$بيرخستنەوەيەک:$
لە نووسینی کوردیدا تا ئێستاش جیاوازيی نێوان وشەی ئەفسانە(legend) و ئوستورە(myth) نەکراوە و هەردووکیان بەیەک شت زانراون یان ئەفسانەیان بەلاوە ناوە و ئوستورەیان بە ئەفسانە وەرگێڕاوە و ئوستورەناسی(mythology) کە زانستێکی تاڕادەیەک تازە و فراوانە، بە ئەفسانە ناسی وەرگێڕدراوە. بۆیە بە پێویستی دەزانین جیاکاريی لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا بکرێت و ڕاستبکرێتەوە. ئەم نووسینەش هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ جیاکردنەوە و جیاوازیکردن لەنێوان وشەی ئەفسانە و ئوستورەدا و هەروەها پەیوەنديی ئوستورە بە ئەفسانە و بە دینەوە ڕووندەکاتەوە.
$ئوستورە$
سەرەتا لەسەر ئاستی ئێتیمۆلۆجی(ڕەگناسيی وشەکە)، وشەی ئوستورە کە بە ئینگلیزی(myth) و بە لاتینی(mythe)يە لە وشەی یۆنانيی (mythus)ەوە وەرگیراوە و میتۆس بە واتای گێڕانەوە، حیکمەت و داستان و هەندێ جاریش ئەفسانە بەکاربراوە. وشەیەکی تر کە نابێت لەگەڵ وشەی میت تێکەڵبکرێت وشەی (historia)یە کە ئەویش بەواتای جۆراوجۆر تەنانەت دژیەکیش بەکارهاتووە وەک گەڕان، مێژوو و ئەفسانە. وشەی میت بەهۆی تەمەنی درێژیەوە لە ڕۆژاوادا ماناگەلی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە کە ئەمەش لە خۆیدا کێشە درووستدەکات. سەرەڕای ئەوەی دکتۆر میهرداد بەهار لێکۆڵەری بەتوانای ئوستورەی ئێران، لە پەڕتووکی ئوستورەکانی ئێراندا لەبنەڕەتدا وشەی ئوستورە بە عەرەبی نازانێت و پێی وایە کە بەعەرەبیکراوە، واتە عەرەبەکان لە وشەی ئیستۆریا کە وشەیەکی یۆنانییە، وەریانگرتووە.
ئوستورە، کۆداستانی چنراوی پیرۆزی گەلێکە کە پێکەوە گوزارشت لە ڕۆحی ئەو گەلە دەکات. بە واتایەکی تر ئوستورە، ئەو بەسەرهاتە ئەبەدیيانەی هەناوی مرۆڤە، کە شاوڵیانە و هاوکاتیانە(synchronic) کرۆکی کەلتور و نەریت و خۆ و سرووشتی گەل لەخۆیدا بە شێوەیەکی داینامیکی مانیفێست دەکات. واتە ئوستورە بە مانا فراوانەکەی دەبێتە مەکینەی فۆرمبەخشین بە گۆڕانکاريیە مەعنەویيەکانی مرۆڤ. بۆیە بە خوێندنەوەی کۆئوستورەی هەر گەلێک پەی بە قووڵترین لایەنە دەروونی و مەعنەوی و ڕۆحییەکانی ئەو گەلە دەبەین.
پێناسەی ئوستورە لای ئوستورەناسەکان بەگوێرەی توخمەکانی وەک؛ فۆرم و ناوەرۆک و جێگەی باوەڕبوون و فەرمان و ئەرکەکان دەگۆڕێت. هەر ئوستورەناسێک لەسەر یەکێک لەو توخمانە جەخت دەکاتەوە یان ئەو توخمە دەکات بە سەرەکی. بۆنموونە ڕۆڵان بارت زیاتر بایەخ بە فۆرمی ئوستورە دەدات. ئوستورە بە سیستەمێکی نیشانەناسی(sémiologie) و بە جۆرە گوتارێک لە زمان دەزانێت و جەخت لە شێوەی گێڕانەوەی ئوستورە دەکاتەوە. لەبەرانبەردا مێرسيا ئيلیادە پێداگری لەسەر ناوەرۆکی ئوستورە دەکات و ئوستورە بۆ چەند تێمایەکی ئەبەدی پیرۆز کورتدەکاتەوە. لەلایەکی تر جوزێف کەمپڵ زیاتر پێداگری لەسەر ستراکتۆری ئوستورە دەکات و تا ئەو ڕادەیەی کە بانگەشەی یەک ئوستورەيی(monomyth) دەکات و پێی وایە یەک ئوستورە هەیە، کە لە کرۆکی هەموو ئوستورەکاندا نووستووە و دواجار لە ڕێگەی ئەو یەک ئوستورەوە، خوێندنەوە بۆ کۆئوستورەکان دەکات. بۆیە ناکرێت لە وتارێکدا باس لە هەموو جۆرە جیاوازەکانی ئوستورە بکرێت. لێرەدا تەنیا هێڵە گشتییە سەرەکیيەکان دەخەینەڕوو.
ئوگەست کۆنت، مێژووی مرۆڤایەتی دابەشدەکات بۆ سێ سەردەم؛
$1- سەردەمی ئوستورەیی$
$2- سەردەمی فەلسەفی$
$3- سەردەمی زانستی$
درێژترین سەردەمی مرۆڤایەتی، سەردەمی ئوستورەیی بووە. کە لە سەرەتای ڕامانی مرۆڤەوە دەستپێدەکات و تا نزیکەی سێ هەزار ساڵ لەمەوپێش درێژەدەکێشێت. سەردەمی فەلسەفە لە نزیکەی سێ هەزار ساڵ بەرلەئێستاوە دەستی پێکردووە و زانست نزیکەی چوارسەد ساڵە بەمانا مۆدێرنەکەی دەستی پێکردووە. بۆیە سەردەمی زانست و فەلسەفە بەراورد بە سەردەمی ئوستورەيی مرۆڤ لە ڕووی کاتەوە هیچ نییە. بەدرێژایی زیاتر لە سەدهەزار ساڵ بیرکردنەوەی ئوستورەیی، سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ بووە. لەگەڵ مرۆڤدا گۆرانکاريی بەسەردا هاتووە و پەرەی سەندووە. بۆیە گرنگیدان و شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە کۆئوستورەی گەلان لە گرنگترین ئەرکەکانی مرۆڤە بۆ ناسینی چۆنیەتيی بیرکردنەوەی مرۆڤ و تێگەشتن لە دەروون و ڕوانینی مرۆڤ لە دەوروبەری. بە دەربڕینێکی تر لێکۆڵینەوە لە کۆئوستورەی گەلان، کەشفکردن و هەڵماڵین و ڕووتکردنەوەی نەستی دەستەجەمعیی مرۆڤایەتییە و هەروها ئاشنابوون و تێگەشتنە لە چۆنیەتيی درووستبوونی سوبێکتی مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو و، هەروەها درووستبوونی هەنووکەیی سوبێکت لە چوارچێوەی نۆرمی کۆمەڵایتی و پانتایی ئایدۆلۆژیادا.
هیگڵ پێی وایە ئەگەر مرۆڤ بە سرووشتی بیربکاتەوە ئەوا میتافیزیکیانە بیردەکاتەوە. لە زانستی لۆژیکدا کار لە سەر کاتيگۆریيەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکات کە سیستەمێکی میتافیزیکی و هەرێمی عەقڵی پەتییە. میتافیزیک، ئوستورەی بەعەقڵانیکراوە. واتە میتافیزیکی فەلسەفی، ئوستورەی ئەبستراکتە، ئوستورەیەکی داماڵراوە لە وێنە و داستانەکان، کە لە فۆرمی چەمک و کاتيگۆری و بیرکردنەوەی ئەبستراکتدا، تێما ئوستورەیەکان فەلسەفیانە دەخاتەڕوو. ئەو گەلانەی کە خاوەنی سیستەمی بیرکردنەوەی میتافیزیکی شیعریی خۆجێین، واتە خاوەنی ئوستورەی خۆیانن، ئەوا لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا گەلی دێرینن.
ئوستورە سەرەتایترین سیستەمی ڕامانی مرۆڤ بووە بۆ دەوروبەری، و پێش فەلسەفە، گرنگترین پرسەکانی مرۆڤ لە ئوستورەدا خراوەتەڕوو. پرسی وەک؛
$درووستبوونی جیهان و درووستکەر و درووستکراوەکان$
$زاگەی دیاردە و کارەساتە سرووشتییەکان$
$پێگە و دۆخ حەزەکانی مرۆڤ و پەیوەنديی لەگەڵ خواوەندەکاندا$
$پەیدابوونی گەل و نەتەوە و پەیوەندیيان لەگەڵ گەلانی تردا$
فرۆيد بۆ ڕوونکردنەوەی تێزە دەروونشیکارییەکانی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئوستورە و خەون. لەوێوە تێزە دەروونشیکارییەکانی خۆی فۆرمولە دەکات. بە مانایەکی تر خەون و ئوستورە بونیادێکی نەستیانەیان هەیە و دەریای بێ بنی نەستە(unconscious). بە هەمان شێوە نەریتی دەروونشیکاری پاش فرۆیدیش هەر بایەخیان بە ئوستورە داوە. دواجار ڕوانگەی فرۆیدیش بۆ ئوستورە دەبێتە یەکێک لەو ڕوانگە ئوستورەناسیانەی کە ئوستورە ڕووندەکەنەوە.
ئوستورە جیاوازی و لێکچوونی زۆری لەگەڵ ئەفسانە و دیندا هەیە. تا ئەو ڕادەیەی کە دەبن بەیەک و لە یەکیش جیادەبنەوە. لەم بارەشەوە ئوستورەناسەکان ڕای تەبا و ناتەبایان هەیە. ئوستورە زیاتر شێوە-داستانێکە کە سیستەمی بیرکردنەوە و ڕامانی گەلێک بۆ جیهان و پەیدابوون و مرۆڤ و... هتد بەیاندەکات. ئوستورە هیچ بنەڕەتێکی مێژوویی نییە. وێڕای ئەوەی ئوستورە ڕەنگدانەوەی سەردەم و ژینگە ماتریاڵیيەکەی لەخۆیدا بە شێوەیەکی شاراوە هەڵگرتووە؛ بەڵام هێشتا لەدەرەوەی کاتە لە مانا ڕاستەهێڵییەکەیدا. واتە لە شوێن و کاتێکی کۆنکرێتیدا ڕوونادات. کاراکتەرەکانی سەروو-مرۆڤن و زیاتر خوداکان و بوونەوەرە خوداییەکان و نیمچە-خواکانن.
گێڕانەوەی داستان، ئەکتێکی هاوبەشی نێوان هەموو کەلتورێکە. زۆربەی خەڵکی چێژ لە بیستنی داستان وەردەگرن. لە چاخی مرۆڤی ڕاوچیيەوە، مروڤ داستانی گێڕاوەتەوە. ئەگەر تەنانەت داستانی ڕاوکردنی خوشی بووبێت. زۆربەی خەڵکی داستانی دڵخوازی خۆیان هەیە، کە لە منداڵییەوە بیستوویانە و زۆربەی ئەو داستانانە هەم سەرنجڕاکێشن، هەم ترسێنەرن. گێڕانەوە، بنەڕەتیترین توخمی ئەفسانەیە و ڕیشەیەکی دێرینی لە گەڵ مرۆڤدا هەیە. [1]