ناو: عوسمان
نازناو: عوسمانی مەلا ئەحمەد
ناوی باوک: ئەحمەد نادر
ڕۆژی لەدایکبوون: #08-06-1951#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی نەوێ لە دامێنی چیای سوورێن
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی (عوسمان ئەحمەد نادر)ە، ناسراوە بە مامۆستا (عوسمانی مەلا ئەحمەد)، لە (08-06-1951) لە گوندی (نەوێ) لەدامێنی چیای سوورێن لەبناری شارەزوور لەدایکبووە، لە سەرەتای ساڵەکانی پەنجادا هاتوونەتە شارۆچکەی (#سەیدسادق#) و هەر لەوێش بەدەستی هاوڕێی باوکی، شاعیری مەزنی کورد مامۆستا (#قانع#) لە قوتابخانە ناونووسکراوە هەرخۆیشی لە پۆلی یەکەم و دووەمیشدا وانەی کوردیی پێگوتووە، لەتاقیکردەنەوە گشتییەکانی قۆناغی سەرەتاییدا پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە و خەڵاتکراوە.
لە ساڵی (1964) هاتووەتە شاری سلێمانی و هەولێریش قۆناغەکانی ناوەندی و خانەی مامۆستایان تەواو کردووە، پاشان بۆ خزمەتی سەربازی زۆرەملی ڕەوانەی (نەخۆشخانەی سەربازی هێزی دەریایی ئێڕاق) لە بەسرە دەکرێت.
لە (04-09-1973) لە (قوتابخانەی گوڵانی ناوەڕاست) لە شارەدێی ناڵپارێز بە مامۆستا و بەڕێوەبەر دادەنرێت، لەماوەی پیشەی مامۆستاییدا لەهەریەکە لەم قوتابخانانەدا بۆماوەیەک وانەی وتووەتەوە:
(گوڵانی ناوەڕاست، قاینەجە، سەیدسادق، مەحوی، زمناکۆ، شانەدەری، ناوەندی شانەدەری، ئاری)0 هەر لەبواری پەروەردە و فیرکردندا بەشداری چەندین خولی تایبەتی کردووە، ساڵانەش وانەی نموونەیی بۆ بەشی کۆمەڵایەتی پەیمانگەی مامۆستایانی سلێمانی وتووەتەوە، هەروەها لەخولی درێژخایەنی مامۆستایاندا یەکێک بووە لە مامۆستا وانەبێژەکانی ئەو خولە و ئەم وانانەی وتووەتەوە: (ڕێگەکانی وانە وتنەوە - طرق التدريس- چۆنیەتی بەکارهێنانی هۆیەکانی ڕونکردنەوە - کيفيةاستعمال الوسائل التعليمية - ژینگەپارێزی) دوای ڕاپەرینیش یەکێک بووە لەئەندامانی ئەو لیژنەیەیی سەرلەنوێ بابەتەکانی پرۆگرامی کۆمەڵایەتی قۆناغی سەرەتایییان داڕشتوەتەوە.
ئەم مامۆستایە هەرلەمنداڵییەوە ئارەزووی خوێندنەوە و لەبەرکردنی شیعری هەبووە بەتایبەتی شیعرەکانی مامۆستا(قانع) و(تاهیربەگی جاف)، لە ساڵی(1968) وە دەستی بەشیعر نووسین کردووە تا ساڵی (1982) بووەتە خاوەن خەرمانێکی بەرچاو لەشیعر، بەڵام بەداخەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئێڕاق و ئێرانەوە زۆربەی هەرەزۆری شیعرەکانی ئەوسەردەمەی لەناوچوونم
بۆماوەی (7) ساڵ لەگەڵ شاعیری بواری منداڵان مامۆستا (#عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی#) و بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئاری و بەشێک لە مامۆستایان گۆڤارێکیان بە ناوی (ئاری)یەوە دەرکردووە کەبابەتەکانی پەروەردەیی و زانستی و مێژوویی و ڕۆشنیری و هونەری لەخۆ گرتبوو 0(7) ژمارەیان لێدەرکردووە و بێبەرانبەر گەیاندوویانەتە قوتابخانەکانی ناوشار و بۆ پەروەردەکانی تریشیان ناردووە وەک: پەروەردەی(سەیدسادق، هەڵەبجە، دوکان، شارباژێڕ، قەرەداغ و شارەزوور).
ئەم مامۆستایە هەمیشە لەقوتابخانەکەی خۆیدا بڵاوکراوەیەکی سەردیواری هەبووە، هەفتانە پارچەیەک شیعر و پەندێکی پێشینان و مەتەڵێکی تیادا بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە هەندێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا شیعر و چیرۆک و بابەتی پەروەردەیی و مێژوویی و فۆلکلۆری و لێکۆڵینەوەی بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەتی لەڕۆژنامەکانی (ئامانج و ڕۆژانەی سلێمانی) و گۆڤارەکانی (ژیار، بابان، شارباژێر، ئاڕاستەی پەروەردەیی، سلێمانی، دەنگی هاوردەکاران، کەلەپوورو فۆلکلۆری کورد، پەپوولە) و ساڵنامەی گڕی نەورۆز، لەگەڵ ئەوانەیشدا کۆمەڵێک چیرۆکی منداڵانی بەدەستکارییەوە گۆڕیوەتە سەر زمانی کوردیی.
لەلایەن (کۆمەڵەی ڕۆشنبیری لاوانی تانجەرۆ و گۆڤاری ژیار)ەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە بەشێک لە بەرهەمەکانی بەچاپ گەیاندووە لە ژێرناوی (منداڵ و کێشە و چارەسەر)وە دیوانێکی شیعریشی ئامادەیە بۆچاپ لە ئێستادا 2022، ئەم مامۆستایە خێزاندارە و خاوەنی پێنج کچ و دوو کوڕە و لە ئێستادا خانەنشینە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە. [1]
$نموونەیەک لەشیعرەکانی$
(من)
من گۆچانێکی دەستی شوانم
هێندە کێشراوم بەدار وبەردا
(کەمە)م چەماوەی دەست ڕۆژگارە
شەپۆلی ئازار کۆڵم پێنادا
من تونێلێکم دەرچوونم نییە
من قاوەیەکی ئەوەندە تاڵم
مەستی مەیخانەیش دەستم بۆنابا
مەزەی ڕژاو وپێکی بەتاڵم
من مۆمی کزی بەردەم ڕەشەبام
جوانی تەمەنم زوو کوژایەوە
شمشاڵی دەستی هەرزە شوانێکم
پەنجەی بۆ ژەنین نەکرایەوە
من یەعقوبێکی پڕ چاوەڕوانیم
بۆ یوسفێکی بێ ناوونیشان
بۆن وبەرامی کراسی ئەوە
بووەتە نیگام بۆهیوا وژیان
من وشیعری من بەفری کوێستانین
دەستمان لە دەستی شاخ دابڕاوە
لاوانی وەتەن هیمەتێک نەکەن
لەکیسمان ئەچێت ئەم خاک وئاوە
1988