دەیڤید فیلیپس
#مەسعود بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێکەوتی 25ی ئەیلوولی 2017ی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند. ئەم ڕیفراندۆمە لە هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەو ناوچانەش کە لە ڕووی مێژووییەوە کوردستانین و لەلایەن بەغداوە داوادەکرێن، ئەنجام دەدرێت.
گومانی تێدا نییە کە زۆرینەی ڕەهای کورد سەربەخۆیی دەوێت. لە مانگی تەمووزی 2003، گرووپێک لە ڕۆشنبیرانی سلێمانی کەمپینێکیان بەناوی بزووتنەوەی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند، لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی30ی کانوونی دووەمی 2005 ڕیفراندۆمێکی نافەڕمی ئەنجامدرا، کە دوو پرسیاری ئاڕاستەی دەنگدەران کردبوو، یەکەم: ئایا دەتەوێت لەگەڵ ئێراق بمێنێتەوە، دووەم: یان دەتەوێت سەربەخۆ بیت، لەکۆی 1، 998، 061 کەس کە دەنگیان دابوو، بە ڕێژەی 98.8% پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانیان کردبوو.
لەو کاتەدا کورد هەندێک لە ئومێدە نەتەوەییەکانی هاتەخوارەوە و داوای سەربەخۆییان دواخست و پشتگیری دەستووری 2005ی ئێراقیان کرد، کە بەپێی ئەو دەستوورە ئێراق وەک دەوڵەتێکی کۆماری و فیدڕاڵی و دیموکراتی ڕاگەیەنرا. وێڕای ئەوەی لێدوانی برایانە سەبارەت بە (برایەتی ئێراقییەکان) بوونی هەیە، بەڵام کورد هیچ متمانەیەکی بە بەغدا نەماوە.
ماددەی 140ی دەستووری ئێراق کە داوادەکات لەکۆتایی 2007 ڕیفراندۆم لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی کەرکووک ئەنجام بدرێت، بەڵام بەغدا چەندین جار ڕێکەوتی ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمەی لەبیرخۆی بردەوە، هەر بۆیە شکستهێنان لەچارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک بووە هۆکاری ئەوەی مەترسییەکانی کورد لەسەر پرسەکانی دیکەش وەک خاوەنداریەتی سەرچاوە سرووشتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوت و پێشمەرگەش بەسەر یەکدا کەڵەکە بن.
ئێستا ئێراق تەنیا بەناو بوونی هەیە، باشووری کوردستان هەموو مافەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ پیادە دەکات، تەنیا شتێک کە نییەتی کەسایەتی نێودەوڵەتی یاسایی نێودەوڵەتی (الشخصیة القانونیة الدولیة) ە.
گومانی تێدا نییە ئەو دەوڵەتانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ کوردستان بە بڕیاری ڕیفراندۆمەکەی بارزانی ڕازی نابن، بەڵام کاردانەوەکانیان زۆر لەوە هێورتر بوو کە چاوەڕوان دەکرا. حکومەتی ئێراق لە بنەڕەتدا ناڕازی بوو لەسەر کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە، هەروەها ناڕازی بوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکانی دیکە.
حکومەتی ئێراق پێویستی بە پشتگیری کوردە، لەبەر ئەوەی پشتی بە بەشداری کورد بەستووە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت، هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی ئێراق کە لە ساڵی 2018 ئەنجام دەدرێت. تاران-یش ناڕازیبوونی خۆی بۆ ڕیفراندۆم پیشان دا، بەڵام ناڕازیبوونەکەی هێورتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا، پاش ئەو هێرشەی داعش کردیە سەر ئێران. هەر بۆیە کاتێک بەرپرسانی هۆشدارییان دا بە کورد سەبارەت بە هەڵوێستیان دژ بە (یەکپارچەیی ئێراق) ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی گوتن: دەستتێوەردان ڕابگرن.
هەروەها بنیاڵی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەگەڵ ئەوەی ڕیفراندۆمەکەی بە (نابەرپرسیارانە) پێناسە کرد، بەڵام سەرۆک ئەردۆگان بێدەنگی نواند، بێگومان لە تورکیاش تەنیا بۆچوونی ئەردۆگان بە پرسێکی گرنگ دادەنرێت.
سووریا بە ڕادەیەک بارودۆخی لەبەریەک هەڵوەشاوە کە نایەوێت لەسەر باردۆخی باشووری کوردستان باجی زیاتر بدات، لەگەڵ ئەوەی کوردی ئێراق و سووریا بەراورد ناکرێن، بەڵام دیمەشق دەترسێت کە کوردانی ڕۆژاواش لە (عەفرین و کۆبانی و جەزیرە) هەوڵ بۆ سەربەخۆیی بدەن.
هەڵوێستی ئەمریکا زۆر گرنگە، ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونەتە دوو هاوبەشی ستراتیژی، ئەمەش نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کوردەکانی ئێراق و ئەمریکا بەهای هاوبەشیان هەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەنێوان کوردستان و ئەمریکادا هاوکارییەکی فراوانی ئاساییشی و ئەمنی هەیە، پێشمەرگە بۆتە هێزی سەرەکی لەدژی داعش، هەروەها پێشمەرگە ڕووبەرێکی گەورەی خاکی لە باکووری ئێراق ئازادکردووەو زۆر قارەمانانەش لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەشداریی کردووە.
ئیدارەی ترەمپ هەوڵیداوە کە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە بکات، ئەو پابەندە بە (یەکپارچەیی و سەقامگیری و دیموکراتی و ئێراقی فیدڕاڵەوە) لە هەمانکاتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تێگەیشتنیان بۆ تێڕوانینە مەشرووعەکانی گەلی کوردستان هەیە.
خواستی سەرەکیی ئەمریکا تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە، لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریکا هەر بەناو دژی سەربەخۆیی کوردستانە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەترسێت کە سەربەخۆیی کوردستان لە ئەولەوییەتی سەرەکیی تێکشکاندنی داعش بێنێتە خوارەوە. بەرپرسانی ئەمریکا دەزانن کە باشووری کوردستان تازەترین دەوڵەتی ئاییندە دەبێت، بۆیە ئەوان لەوە ناپرسن کە ئایا کوردستان سەربەخۆ دەبێت، یان نە، بەڵکوو پرسیاری ئەوان ئەوەیە کە کەی و چۆن سەربەخۆ دەبێت؟
هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلانێکە بۆ ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم، پێویستە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بکەن، لەبری ئەمە دەبێت دەست بە دانووستاندنێکی تێروتەسەل بکەن لەسەر وردەکارییەکانی جیابوونەوەی دۆستانە لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەبێت دەست بە کاری هەماهەنگی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان کە ئەوانیش بریتین لە: (هەڕەشەکانی داعش، گێڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها بەڕێوەبردنی تەنگژەی ئابووری لە ناوچەکەدا) .
من سەرپەشتی تاسکفۆرسی (بوونیادنانی دەوڵەت لە باشووری کوردستان) م لە زانکۆی کۆلۆمبیا کردووە، باشووری کوردستان لە 2015 ڕووبەڕووی گەردەلوولێکی تەواو بووەوە، ئەوە بوو داعش هێرشی کردە سەری، هاوکات دەرگای ئاواڵا کرد بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە، لەمەشدا توانی ئەو حاڵەتە فریاگوزارییە مرۆییە ئیدارە بدات. کەڵەکەبوونی کورتهێنانی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو بڕیارە خراپەی بەغدا بە بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر سەقامگیرە.
ڕاگەیاندنی ڕێکەوتی ڕیفراندۆم هەنگاوێکی گەورەیە لەسەر ڕێگەی سەربەخۆیی، لە ئاییندەشدا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دانووستاندنێکی ئارام لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵام ئەم دانووستاندنە نابێت کراوە بێت و کۆتایی نەبێت. دوای 12 مانگ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم (واتە لە ئەیلوولی 2018) حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێت، ئەوجا لەگەڵ بەغدا گەیشتبێتنە ڕێککەوتن، یان نەگەیشتبن.
ئەم ماوەیە کاتێکی نموونەیی نییە بۆ ئەوەی یەکێک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاکامێکی حەتمی بەغدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوماڵی خۆیدا نیزام درووست بکات، دیموکراتی بچەسپێنێت، دامەزراوە دیموکراتییەکان پتەوبکات و کۆتایی بە دابەشبوونی نێوماڵی کورد بهێنێت.
دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پابەند بکات بە مافی کەمینەکان و ئافرەتان، ئێزیدییەکان کە پێویستیان بە ئیمتیاز و پارێزگاری تایبەتیی هەیە.
سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەبێتە ڕووداوێکی گرنگ بۆ یەکڕیزی و دەبێتە یارمەتیییدەری نەهێشتنی پەرتەوازەیی لەنێوان گرووپەکاندا، هەروەها سەربەخۆیی ڕووداوێکی گرنگە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە یەکڕیزی لە ناو کوردی ناوچەکە بێنێتەئاراوە.
ئەمریکا لەم پڕۆسەیەدا دوورەپەرێز ڕاناوەستێت، لەمبارەوە پەندێکی کوردی هەیە کە دەڵێت: (کورد بێجگە لە چیاکان دۆستی دیکەی نییە) ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیشدا، ئەمریکا دۆستێکی باشتری لە کوردەکان نییە.
* بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی بوونیادنانی ئاشتی لە زانکۆی کۆلۆمبیا و ئەم وتارەی ڕۆژی 14ی حوزەیرانی 2017 لە هەڤیگتۆنپۆست بڵاوکردۆتەوە.[1]