دکتۆر #عادل باخەوان#*
لە چەندین وڵاتی ڕۆژاواییدا، هەر لە ئیسپانیاوە تا دەگاتە فەرەنسا و سوید و نەرویژ، دەسەڵاتی یاسادانان، ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانە بوونییەویە فراوانانە داڕشتووەتەوە و هەر یەکێک لەو فۆرمە نوێیانەی خێزانی بەپێی یاسا ڕێکخستووە. لێرەوە، وردەوردە، لەنێو دادگاکاندا، لە بەردەم دادوەرەکاندا، سنوورێک بۆ ئەو تێزانە دادەنرێت کە ئەرزشی بە فۆرمێکی تایبەت لە خێزان دەدا و فۆرمەکانی دیکەی بێ-ئەرزشدەکرد.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، تا ئەم ساتەوەختەش، فۆرمی هەژموونداری خێزان، لەنێو هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکاندا (بۆرژوا، وردە بۆرژوا، کرێکار، جووتیار، فەرمانبەر، چینی ناوەند، چینە نەرمەکان، چینە خواپێداوەکان، چینە کڵۆڵەکان) ، لەنێو هەموو حیزبە سیاسییەکاندا (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) ، لەنێو هەموو ئایدۆلۆژیەکاندا (عەلمانی، ئیسلامی، چەپ، ڕاست) ، لەنێو هەموو تەمەنەکاندا (لاوان، پیران) ، لەنێو هەموو سێکسەکاندا (پیاو، ژن) ، لەنێو هەموو خاوەن بڕوانامەکاندا (شەشی ئامادەیی، بکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) ، بریتییە لەو شتەی کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژایی مێژوو ناویان ناوە: خێزانی ترادیسیۆنێل.
خێزان، کە یەکێکە لە دەزگا هەرە مێژوویی و بەهێزەکانی درووستکردنی مرۆڤی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، تا ئێستا نەبووە بە یەکێک لە مەیدانە بەهێزەکانی توێژینەوەی زانستی. کۆی زانکۆکانی کوردستان، سەنتەرەکانی توێژینەوە و ئەو هەموو ملیۆن دۆلارەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە خوێندکاران و مامۆستایان و پڕۆسەی خوێندنی باڵادا خەرجی دەکات، نەیانتوانیوە شتێک بەناوی «زانستە کۆمەڵایەتییەکانی خێزانی کوردستانی» درووستبکەن. لەکاتێکدا یەکەم ئەرکی زانکۆ بریتییە لە درووستکردنی زانست، زانکۆی ئێمە، نەک هەر زانست درووست ناکات، بەڵکوو ئەو زانستەش کە تائێستا لە زانکۆ جیهانییەکاندا درووستکراوە، ناتوانێت بیگەیەنێت بە خوێندکارەکانی!
لەهەلومەرجێکی ئاوادایە کە قسەکردنی من لەسەر بوونیادی خێزانی کوردستانی و پاشان پێگەی ژن لەم خێزانەدا، دەبێت بە کارێکی زۆر سەختی نزیک لە موستەحیل. چونکە دەستپێکردنە لە خاڵی سفرەوە، سازدانی خاڵی سفرە، دەرچوونە لە بۆشایی یەکەمەوە. بەو مانایەی کە کارێکی جددی نییە کە من ڕەخنەی لێبگرم و لە خاڵە لاوازەکانییەوە دەست پێبکەم. دەبێت خۆم خاڵی بەهێز و لاوازی خۆم بم.
خێزانی کوردستانی
قسەکردن لەسەر خێزان، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵگەیی مێژوویی، چیدی بەتەنیا قسەکردن نییە لەسەر یەک چوارچێوەی جیهانی بێ زەمان و بێ مەکانی یەکگرتووی یەکگرتووکاری یەکگرتووکراوی ئەودیو کولتوورەکان، ئایینەکان، نەتەوەکان، زمانەکان، چینەکان. بەڵکوو قسەکردنیشە لەسەر چەندین چوارچێوەی جیاواز کە ڕەنگە بەشێکی زۆریان تا ئێستاش بە کۆمەڵگەی کوردستانی نامۆبن. لەوانە خێزانی هاوڕەگەز، خێزانی سەرلەنوێ پێکەوە لەحیمکراو، خێزانی یەک سەرە، هتد. لەنێو کۆمەڵگەکانی مۆدێرنیتێی ڕۆژاواییدا، هەر یەکێک لەم فۆرمانە لە خێزان ئامادەیە و بوون بە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوریی هاووڵاتیان.
لە چەندین وڵاتی ڕۆژاواییدا، هەر لە ئیسپانیاوە تا دەگاتە فەرەنسا و سوید و نەرویژ، دەسەڵاتی یاسادانان، ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانە بوونییەویە فراوانانە داڕشتووەتەوە و هەر یەکێک لەو فۆرمە نوێیانەی خێزانی بەپێی یاسا ڕێکخستووە. لێرەوە، وردەوردە، لەنێو دادگاکاندا، لە بەردەم دادوەرەکاندا، سنوورێک بۆ ئەو تێزانە دادەنرێت کە ئەرزشی بە فۆرمێکی تایبەت لە خێزان دەدا و فۆرمەکانی دیکەی بێ-ئەرزش دەکرد.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، تا ئەم ساتەوەختەش، فۆرمی هەژموونداری خێزان، لەنێو هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکاندا (بۆرژوا، وردە بۆرژوا، کرێکار، جووتیار، فەرمانبەر، چینی ناوەند، چینە نەرمەکان، چینە خواپێداوەکان، چینە کڵۆڵەکان) ، لەنێو هەموو حیزبە سیاسییەکاندا (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) ، لەنێو هەموو ئایدۆلۆژیەکاندا (عەلمانی، ئیسلامی، چەپ، ڕاست) ، لەنێو هەموو تەمەنەکاندا (لاوان، پیران) ، لەنێو هەموو سێکسەکاندا (پیاو، ژن) ، لەنێو هەموو خاوەن بڕوانامەکاندا (شەشی ئامادەیی، بکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) ، بریتییە لەو شتەی کە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژایی مێژوو ناویان ناوە: خێزانی ترادیسیۆنێل.
خێزانی ترادیسێۆنێل چییە ؟
بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە سەدان سۆسیۆلۆگ، چەندین وەڵامیان پێشنیارکردووە و چەندین ئاستی جیاوازیان لێکداوەتەوە. ئەوەی بەلای ئێمەوە، لە ئێستا و ئێرەدا گرنگە، درووستکردنی لیستێک بۆ ئەو سۆسیۆلۆگ و ئەو وەڵامانە نییە، هەرچەند کارێکی وەها بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و ئومێدەکەم لە کات و شوێنی دیکەدا کەسێک ئەنجامی بدات، بەڵکوو پێنشیارکردنی چوارچێوەیەکی گشتییە کە بتوانێت تا ئاستێکی فراوان، بەشێکی زۆر لە ڕەهەندەکانی ئەم مۆدێلە لە خێزان هەرس بکات.
لێرەوە ئێمە خێزانی ترادیسیۆنێل وەک بوونیەیەک دەبینین کە پێش هەر شتێک ڕەگوڕیشەکانی لەنێو مێژوویەکی کۆمەڵایەتیدا دەدۆزینەوە، نەک لەنێو مێژووی دیاردە سرووشتییەکاندا. واتە خێزان یەکێک نییە لە بەڵگەنەویستە سرووشتییەکانی وەک سەرما و گەرما، بەڵکوو دیاردەیەکی کولتورییە و لەنێو مێژووە بەشەریەکاندا و لەلایەن خودی بەشەرەکانەوە بینادەکرێت.
ئەم بوونیەیە کە هەمیشە تەواوی دەسەڵاتەکان بە ڕەگەزی نێر دەبەخشێت و ڕەگەزی مێ وەک شوێنکەوتوو، گوێڕایەڵ، پەراوێزخراو، بێدەنگ، خزمەتکار وێنادەکات، هەڵگری گونجانێکی ناوەکی بەهێزە و لەیەک کاتدا بە چوار ئاڕاستەی گەورەدا کاردەکات و دەجووڵێت:
ئاڕاستەی خۆبەرهەمهێنانەوە. لەڕێگای درووستکردنی منداڵ لەدوای منداڵ، درێژە بە مێژووی کۆمەڵایەتی خۆی دەدات و لەنێو ڕووبەرەکاندا پێگە دانپیادانراوەکانی بەرهەم دەهێنێتەوە و نەوە بە نەوە پەیامەکان بەیەکتری دەگەیەنن.
ئاڕاستەی هاوئاهەنگی. دەزگای خێزان تەواوی میکانیزمەکانی دەخاتە کار بۆ سڕینەوەی هەر جیاوازیەک کە گریمانەی سەرهەڵدان و پاشان دڕانی لاپەڕەیەک لە لاپەڕەکانی مێژووی خێزانی لێبکرێت. خێزان هەمیشە دەیەوێت وەک ئاهەنگێکی مۆسیقی سازگار دەربکەوێت و جیاوازی وەک نەخۆشی تەماشا دەکات.
ئاڕاستەی سەقامگیری. لە یادەوەری دەستەجەمعی خێزاندا هیچ شتێک خراپتر نییە لە هەڵوەشانەوە یان دابڕان. بێهودە نییە کە هەموو ئایینەکان بەتوندی دژایەتی هەڵوەشانەوەی خێزان دەکەن، بەڕادەیەک کە لە هەندێک ئاییندا پاش جیابوونەوە، نە پیاو بۆی هەیە ژن بێنێت، نە ژنیش بۆی هەیە شووبکاتەوە.
ئاڕاستەی کۆتاییش بریتییە لە بەکۆمەڵایەتیکردن. پێش قوتابخانە، پێش زانکۆ، پێش مزگەوت و کڵێسە، خێزان ئەو دەزگایەیە کە هەر لە هاتنە دنیاوە، ئەرکی پرۆسێسی بەکۆمەڵایەتیکردنی مرۆڤ دەبینێت. خێزان ڕووبەری یەکەمی درووستکردنی مرۆڤی کۆمەڵایەتییە و لەم ڕووبەرەدایە کە سەرەتای درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ نۆرم، ڕێکخستن، ناو، ڕێسا و گرەوە کۆمەڵایەتییەکاندا درووست دەبێت.
لە جوگرافیای کۆمەڵایەتی ئەم خێزانەدا، هەموو داتاکان بەرەو ئەوەمان دەبەن کە پێگەی ژنی کوردستانی، تا سەر ئێسقان، پێگەیەکی هەژموون لەسەر کراوە. لە خێزانی کوردستانیدا، تەواوی ئەرکەکانی «ناوەوە»ی ماڵ بە ژن دەسپێردرێت و تەواوی ئەرکەکانی «دەرەوە»ی ماڵ بە پیاو. چێشت لێنان، قاپدانان، چێشتکردنە قاپەکان، کۆکردنەوەیان، شتنیان، پاککردنەوەی ماڵ، جلشتن، وشککردنەوەیان، ئوتوکردنیان ئەرکی ژنن. پەروەردەی منداڵ، پاککردنەوەی، شتنی، هەڵگرتنی، هاوڕێیەتیکردنی ئەرکی ژنە. لە کاتی دانیشتندا، هەمیشە دەبێت لە خوارەوە بێت، بێ مۆڵەتی مێردەکەی قسە نەکات، لە کاتی میوانداریدا، هەر ئەو میوە ئامادە دەکات و دەیخاتە بەردەم میوانەکان، چا دەهێنێت، پیاڵەکان کۆدەکاتەوە، دەیانشوات، پاشان هەمیشە چاوێکی لەسەر مێردەکەیەتی کە فەرمانێکی پێبکات و جێبەجێی بکات. بەڵام پیاو بەپێچەوانەوە، لەدەرەوەیە، کاردەکات، موچەی هەیە، پارە دەهێنێتەوە بۆ ماڵەوە، لە کاتی گەڕانەوەدا دەبێت خواردن لەسەر سفرەکە دانرابێت، پاش نانخواردن چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ژنەکەی چای بۆ بێنێت، گۆرەویەکانی بۆ بشوات، حەمامی بۆ گەرم بکات، کە میوان دێت لەسەرەوە دادەنیشێت، لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنیا بە تیلەی چاو فەرمانەکانی بۆ ژنەکەی دەنێرێت. لەنێو ئەم خێزانەدا گەر پیاوێک «هەڵە بکات» و جارێک لە بری ژنەکەی میوە بۆ میوانەکانی دابنێت، ئیدی شوناسی پیاوێکی «ژنانی»، پیاوێکی «سوک»، پیاوێکی «بێ غیرەت»ی بۆ درووستدەکرێت و تا مردن هاوڕێیەتی دەکات.
لەم جوگرافیا کۆمەڵایەتییەدا، خێزانی کوردستانی لە دوو ئەکتەری یەکسان، ژن و پیاو، پێکنەهاتوە، بەڵکوو لە پیاوێکی ئەکتیڤ و ژنێکی پاسیڤ پێکهاتوە. پیاوێک کە خاوەنی هەموو دەسەڵاتەکانە و ژنێک کە خاوەنی هیچ یەکێک لە دەسەڵاتەکان نییە، پیاوێک کە لەنێو دەوڵەتی خێزاندا خۆی سەرکۆمار، سەرۆک وەزیرە و هەموو وەزارەتەکان بەڕێوەدەبات و ژنیش بەتەنیا ئەو خزمەتکارەیە کە بە فەزڵی مێردەکەیەوە و لەبەرانبەر «مانەوە لە ژیاندا» چاوەڕوانی فەرمانە بۆ جێبەجێکردن. لەم خێزانەدا پیاو هەمیشە چاوەڕوانی دەکرێت چونکە بەردەوام لەدەرەوەیە، ژن هەمیشە چاوەڕوانی دەکات چونکە بەردەوام لە ماڵەوەیە.
بێهێودە نییە کە لە خێزانی ترادیسیۆنێلدا، تەنانەت ئەو کاتانەش کە باوک دەمرێت، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە کوڕە گەورە دەسپێردرێن نەک بەو دایکەی کە کوڕە گەورەکەی کردووە بە مرۆڤ! بەپێچەوانەوە، پاش مردنی باوکیش، لەڕێگای گرێبەستێکی ڕەمزیی کۆمەڵایەتییەوە، دیسانەوە دایک دەکەوێتە ژێر هەژموونی کوڕە گەورەکەی، کە درێژەپێدەری مێژووی هەژموونی نێرینەیە لەنێو خێزاندا.
پاش گەشتێکم بۆ کوردستان و چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەندین ژنی چالاک و ڕۆشنبیردا، تێگەشتم لەوەی کە، لەو دۆخە «ئیستیسنائیانەشدا» کە ژن لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و کار دەکات و موچەیەکی هەیە، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، دەبێت هەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکات کە پێشتر ئەنجامیداون! واتە نێرینە ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەک، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ژنەکەی وەک ئەو لەدەرەوە کار دەکات و پارە بۆ ماڵەوە دەهێنێتەوە، وەک ئەو ماندوو دەبێت و زەحمەت دەکێشێت، ئەرکەکانی ماڵەوەی لەگەڵدا دابەشبکات. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کارکردن نەک هەر ڕێگای ڕزگاری ژنان نییە، بەڵکوو بەرزکردنەوەی ئاستی چەوسانەوە و هەژموونکردنی زیاترە بەسەریاندا.
بەڵام ئایا لەکاتێکدا کە جیهان خۆی گڵۆبلیزەدەکات و کوردستان دەبێت بە کۆڵانێک لە کۆڵانەکانی فەیسبووک، ئەم مۆدێلە لە خێزان تا کوێ دەتوانێت بمێنێتەوە و تا کوێ دەتوانێت بەرەنگاری بکات ؟[1]