$فیقهی دینی وەک دیاردەیەکی سێکیولار$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
فیقهی دینی دونیاییترین و نزمترین و مینیماڵترین Minimal دۆخ و پلەی دینە، غەزالی بە توێکڵ قشرةی دەچوێنێ، ئەم فیقهەوەک یاسا گشتییەکان وایە ڕووی لە ژیانی گشتیی کۆمەڵگایە. ئیمان و ئەخلاقی دینی بەرزترین دۆخ وپلەی دینە، ڕووی لە دۆخە فەردی و وجودییەکەی مرۆڤە. دەشێت ئیجتیهاد، حوکم یا فیقهێکی مێژوو و جوگرافیایەکی دیاریکراو بە نیسبەت جوگرافیا و مێژوویەکی دیکە جیاواز و بگرە تەواو پێچەوانەش بێت، بەڵام ئەوەی ناکرێت ڕووبدات ئەوەیە ئیمان و جیهانبینییە ئەخلاقییەکەی بەناوی ئیجتیهادی دینییەوە دەستکاری بکرێت، لەتمەی لێبدرێت، یان مەشیئەتی خودا لەبەر خاتری مەشیئەتی ئایدیۆلۆژی و کەسیی کەسی موجتەهید پایەماڵ بکرێت، ئیمان و ئەخلاق سێکیولار ناکرێن وەک ئەوەی سەلەفی و زاهیری و کەسانی ئایدیۆلۆژیستی دینی هەوڵی بۆ دەدەن. مەشیئەتی خودا لە زاهیری حوکمەکاندا نادۆزرێتەوە، لەو ئیمانەدا دەدۆزرێتەوە کە کەسی فەقیه شوێن و کات دەکاتە پێوەر بۆ ڕاگەیاندنی حوکمە فیقهییەکان.
ئاو هەبوو تۆ دەستنوێژ دەشوێت پێش نوێژکردن و خۆت پاک دەکەیتەوە، ئاوت دەستنەکەوت تەیەموم دەکەیت و خۆت پیس دەکەیت. زۆرجار زاهیری حوکمە فیقهییەکان پێچەوانە دەردەکەون، ئەوەی ئەم پارادۆکسە ڕێکدەخات ئیمانی دینیی و ئەمرە قودسییەکەی پشت حوکمە فیقهییەکەیەتی. تەقواش هەر لە دەرککردنی ئەم ئەمرە قودسییەدایە. ساڵی 17ی کۆچی عومەری کوڕی خەتاب دەستی دزی نەبڕی، سەرباری بوونی نەصی صەریح بۆ بڕینی دەستی دز، تەقوا لە زانست گەلێک گرنگترە بۆ زاناو موجتەهیدی دینی ئەوان دەبێ شیاوی ئەوە بن بە خۆیان بڵێن انی لکم ناصح امین هەم ناصح بن بێ بەرژەوەندی ماددی و دونیایی، هەم ئەمینیش بن لەو داوەتەی بۆ حوکمەکان دەیکەن. دونیایەک نموونەی دیکەی لەم شێوەیە هەن. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 719 times
Write your comment about this item!