دواى #داستانی شەڕى زاوێتە# لە 5 و #06-12-1961# کە تێیدا پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەستهێنا، دواى ئەوەى توانى زیانێکى گەورە بە سوپا و جاشەکان بگەینێ، ئەمە وادەکات پێشمەرگە دەست بەسەر شارەدێى سەرسەنگ و دۆڵى زاوێتە دابگرێ. سەرۆک #مەلا مستەفا بارزانى# ئەو کاتە لە گوندى #ئەلکێشکێ# بوو، هەواڵى بۆ هات کە هێزەکانى سوپاى ئێراق جموجۆڵێکى زۆر دەکەن و نیازى هێرشێکى بەربڵاویان هەیە بە ئامانجى کردنەوەى ڕێگاى سەرسەنگ و دووبارە دەست بەسەر داگرتنەوەى ناوچەکە.
$ئامادەکارییەکان$
لە #12-12-1961# هێزەکانى حکومەت، کە پێکهاتبوون لە: تیپێکى (سریە) زریپۆش، تیپێکى پیادە لە بەتالیۆنى (3) ى لیواى (11) ، کەتیبەیەکى تۆپ هاوێژ، بەتالێۆنى پۆلیس، بەتالێۆنى (3) لە لیواى یەکى پۆلیس لەگەڵ (200) جاشى بەکرێگیراو، ئەم هێزانە لە دهۆکەوە بەرەو ئامێدى بە فەرمانداریەتى عەقید (بشیر ئیبراهیم) فەرماندەى بەتالیۆنى (3) ى لیواى (11) بوو جوڵەیان کرد.
بارزانى ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى بەرەى جەنگى دەکرد و بە پێى تاکتیکێکى سەربازى تۆکمە هێزەکانى بەسەر چەندین سەنگەرى بەرگرى: لە (مێرگا درێژ) تا گوندى (#لۆمانا#) لە گوندى #کەڤلەسنێ# تا گوندى (باگێراى سەروو) دابەش کردبوون. ئامادەکارییەکان لە شێوەى بۆسەو شەڕى پارتیزانى دابوو لە هەمان کاتدا بە نەخشەیەکى تاکتیکى سەربازییانە پشت بەستوو بوو بەم شێوەیە: (200) پێشمەرگە لەژێر فەرماندەى (مەلا شنى قورتاس بێداروونى) لەگەڵى قەنتارا تاکو سەرى سواراتوکا لە هەردوو ڕۆخى بەر ڕێگادا جێگیرکرابوون، هەروەها (200) پێشمەرگەی دیکە بە فەرماندەیی (حەسۆ میرخان دۆڵەمەرى) لەنێوان (گۆڕى گاڤانا) تاکو (مانگێش) لە هەردوو ڕۆخى ڕێگاکەدا جێگیر کران، بەم شێوەیە ئەم دوو ڕێگا سەرەکییە بە تەواوى لەژێر دەسەڵاتى هێزى پێشمەرگەدا بوو.
دواى ئەوەى بارزانی ئاگادار کرایەوە لە هاتنى ئەو هێزە زۆرەى حکومەت، بۆیە فەرمانیدا پێشمەرگە لە پێچەکانى لۆمانا کەمینێک دابنێ، کاتێکیش هێزەکە هات کەوتە ناو کەمینەکەى پێشمەرگەوە و کەسیان لێ ڕزگار نەبوو، یان کوژران، یان بریندار بوون، یان بە دیل گیران، تەواوى کەلوپەلى سەربازیش کەوتە دەستى پێشمەرگە.
جێگاى باسە لەکاتى ڕووبەڕووبوونەوە سەختەکەدا کەشوهەوا لە بەرژەوەندى پێشمەرگە دابوو، ڕۆژێکى سارد بوو، تەمومژ تەواوى ناوچەکەى داپۆشیبوو، فرۆکە جەنگییەکان سەرکەتوو نەبوون لە بۆمبارانکردنى پێگەکانى پێشمەرگە، چونکە بە هۆى کەشوهەواکە نەیاندەتوانى جیاکارى لەنێوان پێشمەرگە و سەربازەکاندا بکەن، هەروەها بە هۆى نزیکییان لەیەکەوە، بۆیە بێ هودە بە ئاسمانى ناوچەکە دەسوڕانەوە.
$زیانەکانی دوژمن و دەستکەوتەکانی پێشمەرگە$
ئەنجامى شەڕەکە زیانێکى گیانى ماددى گەورەى بۆ حکومەت لێکەوتەوە کە بووە هۆى کوژران و بە دیلگرتنى سەدان سەربازى سوپاى ئێراقى کە زۆربەیان لە ڕیزەکانى پۆلیس بوون، هەروەها (76) ئۆتۆمبێڵى بارهەڵگر سوتێنران، دەستکەوتەکانى پێشمەرگەش، ژمارەیەکى زۆرى تفاقى سەربازى لە فیشەک و تەقەمەنى پێویستیترى سەربازى و کۆکردنەوەى (1500) پارچە چەکى جیاجیا بوو لە مەیدانى شەڕەکە دەستى بەسەر داگیرا. لەبەر ئەوەى ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانى هۆزەکانى بادینان لە: نێروەیی، بەروارى، سندى، دۆسکى و گولى تازە هاتبوونە ڕیزەکانى شۆڕش ببوونە پێشمەرگە چەکیان نەبوو، ئەم دەستکەوتانە وایکرد زۆربەیان ببنە خاوەنى چەک.
زیانەکانى شۆڕشى کوردستان لەو داستانەدا دوو پێشمەرگە گیانییان لە دەستدا بە ناوەکانى: (خدر کەریم خۆشناو و حەسەن گۆران) ، بریندار بوونى (18) پێشمەرگەى تر.
شایەنى باسە بەشداربوویەکى ڕووداوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم زیانە گیانییە زۆرەى هێزەکانى حکومەت بووە هۆى نیگەرانى و دڵتەنگى بارزانى، تەنانەت گووتبوى سەرباز و پۆلیسەکانیش قوربانیین و ڕۆڵەى ئەو میللەتەن، بە فەرمانى حکومەت هاتوونە بۆ جەنگى ئێمە، بۆیە تا پێتان دەکرێت مەیانکوژن، برینداریان بکەن، لەبەر ئەوە هێزەکەى فەرماندە نەبى سەرئاسن کە ڕێگەى دەربازبوونى لێگرتبوون، لەسەر فەرمانى بارزانى ڕێگاکەى بۆ کردنەوە بۆ ئەوەى پاشەکشە بکەن و خۆیان لە مەرگ ڕزگار بکەن.
$دەنگدانەوەی سەرکەوتنی ئەم داستانە$
گرنگى تۆمارکردنى ئەم سەرکەوتنەى هێزى پێشمەرگە لە داستانى لۆمانا، شۆڕش چووە قۆناغێکى تازەوە، بووە هۆى بڵاوبوونەوەى گیانى متمانە بەخۆبوون و بەرزبوونەوەى ورەى پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژى هێزێکى گەورەى پڕ چەک لە تەواوى کوردستان بە ناوچەکانى سۆرانیشەوە، هەروەها بۆ یەکەم جار بوو سوپاى حکومەت زیانى وا قورسى لەلایەنەکانى گیانى و ماددییەوە لێبکەوێت، لە لەلایەکى تر تێکشکاندنى بەر بەستى خیانەت و جاشایەتى بۆ ئەو خەڵکانەى لەنێو ئەم چوارچێوەیە دابوون بیانخاتە نێو بازنەى ڕیسوایی زیاتر و بە کوردستانییان بناسێنێت، هاوکات وەڵامدانەوەیەکى درووستى شۆڕشى کوردستان بوو بۆ لێدوان و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەى (عەبدولکەریم قاسم) لە 23ى ئەیلوولى 1961 کە تێیدا سەرەتا و کۆتایی یاخیبوونى کوردى ڕاگەیاندبوو.
گرنگییەکى ترى ئەم داستانە لەوەدا خۆى دەبینێتەوە بەوەى تەواوى لیوایەکى گەڕۆک تێدا چوو کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەو سەربازانەى لەو شەڕەدا کوژران یان بریندار بوون یان بەدیل گیران هەر یەکەیان خەڵکى شوێن و شارێکى ئێراق بوون، ئەوانەى ئازادکران یان بە بریندارى گەڕانەوە هەواڵى شۆڕشى کوردستانیان بە تەواوى ئێراقدا بڵاوکردەوە، بەمەش دەنگدانەوەى سەرکەوتنەکە بۆ دۆست و دوژمن لە ئێراق و کوردستان دەرکەوت کە شۆڕش لە بەرزکردنەوەى دورشمەکانى ڕاستگۆیە، چونکە جگە لە ئازادکردنى دیلەکان کە ژمارەیان (330) کەس بوو، دواى ئەوەى بۆ گوندى (کوندەکا بنى) لەوێوە ئازاد کران پاشان ڕەوانەى دهۆک کران، بریندارەکانیش دواى ئەوەى تیمارکردن ئازادکران.
دواى ئەو شەڕە حکومەت ناچار بوو داواى دانووستاندن لە مەلا مستەفاى بارزانى بکات، هەر چەندە لە ڕاستیدا ویستى حکومەت بۆ گفتوگۆ پیلانێک بوو بۆ بۆردومانکردنى شوێنى دانووستانەکە لە کاتى بەیەکگەیشتنى سەرۆک بارزانى و فەرماندەى جەحفەلى لیواى (5) عەقیدى ڕوکن (حەسەن عەبود) بۆئەوەى بە یەکەوە کۆتایی بە ژیانییان بێت، بەڵام زیرەکى بارزانى دواى ڕاوێژ لەگەڵ فەرماندەکانى پێشمەرگە شوێنى بەیەکگەیشتنەکەى گۆڕى، بەمەش پیلانگێڕیەکەى حکومەت بۆ هەردوولا دەرکەوت و ئاشکرا بوو. [1]