$ژن سەرچاوەی خەباتە و پایەی بناغەیی هەموو شۆڕشێکە$
لە ڕۆمانی (#ئەوان چاوەڕێی کازیوەن#) ی ڕۆماننووسی دیارى کورد #جان دۆست#، تیشک خراوەتە سەر تواناکانی ژن وەک گەریلایەک و خۆلادان لە دابوونەریتی کۆمەڵگەی دواکەوتوو و سەپاندنی دەسەڵاتی نێرسالارانە بەسەر ژناندا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەوەندە بە کەم دەیانبینن، دەگاتە ئەوەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا، شەرمی بە ئەندامەکانی جەستەی خۆی بێت. کچە گەریلایەک ئەمانە هەموو دەخاتە لاوە و بڕیار دەدات وەک مێ بەرگری لە مافەکانی بکات، سەرەتا وەک ژن، ئینجا خەبات لەپێناوی گەل، زمان، شوناس و کیان، لەناو دەوڵەتی #تورکیا#دا. ئەم فۆکسە ئەرێنییە بۆ تواناکانی ژن لەم ڕۆمانەدا جێگەی تێڕامانە.
لایەنێکی تری ڕۆمانەکە، ناڕاستەوخۆ ڕەخنەگرتنە لە سیاسەتی #ئۆجەلان# کە جگە لە توندوتیژی و شەڕ لەگەڵ دوژمن، دانووستان ناکات، کە پێم وایە ئەوە وانییە، سەرەڕای ڕەخنەکانمان لە ئۆجەلان، چونکە دوژمن دانت پێدا نانێت چ جای دانووستانت لەگەڵدا بکات! ئەمە ڕەخنەیەکی ڕۆشنبیری نییە هێندەی ڕەخنەیەکی ئایدۆلۆجییە.
ئەم پەڕتووکە لە بنەڕەتدا بە عەرەبى نووسراوە و لەلایەن #کوردۆ شابان#ەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانى کوردى. وەرگێڕانێکی جوان، شایانی دەست خۆشییە وەک یەکەم ئەزموونی وەرگێڕ.
پەرۆش بووبووم بۆ زوو تەواوکردنی ڕووداوەکانی لەسەردەمە جیاکاندا لەگەڵ خۆی دەتبات؛ پڕە لە مێژووی پڕشنگداری گەلەکەمان لە باکووری کوردستاندا. لە ڕاستیدا جار جارێ تاقەتم لە خوێندنەوەی دەچوو، ئەویش لەبەر ڕەخنە ئایدۆلۆجییەکانی نووسەر، وەک پێشتر باسم کرد. نووسەر جەخت دەکاتەوە سەر ڕێچکەی مردن لەپێناوی نیشتماندا و دەڵێت: باشترە بڵێین، ژیان لەپێناوی نیشتماندا. ڕاستە کە وتووێژ بکەین لەگەڵ دوژمن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی نیشتمان، بەڵام کاتێک دوژمن دان بە بوونتدا نانێت، تۆ چۆن دەتوانیت گفتوگۆى لەگەڵدا بکەیت؟ ئەم ڕەخنەیە بەلای منەوە ئەدەبی نییە کە جان دۆست لە سیاسەتی ئۆجەلانى دەگرێت.
بە گشتى ڕۆمانەکە ڕۆمانێکى سەرنجڕاکێش و شایەنى خوێندنەوەیە، جگە لەوەى ئاشنات دەکات بە خەباتى ژنانى باکوور، هاوکات زمانێکى جوانى گێڕانەوەى هەیە کە خوێنەر چێژ لە خوێندنەوەى ڕۆمانەکە وەردەگرێت. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 346 times
Write your comment about this item!