بەدیعە دارتاش، پێشەنگ و ڕچەشکێن
#خەلیل عەبدوڵڵا#
بەدیعە دارتاش هونەرمەندێکی دیار و مەزنی کوردستانە، ژنێکی پێشەنگی بواری شانۆ و درامایە. وەک خۆی دەڵێ: یەکەم کچە کورد بووە، ساڵانی کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو چۆتە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا و لە بەشی شانۆ وەرگیراوە و لەو کاتەدا تەنیا ئەو و کچێکی دیکەی کریستیان خوێندکاری ئەکادیمیا بوون. بە حوکمی ئەوەی باوکی بەدیعە دارتاش شیوعی بووە، هانیداوە لە بەشی شانۆ بخوێنێ و پێی وتووە لەڕێی شانۆوە دەبێ بە دایکی میللەت.
ئەگەر چی ئێستا ژنێکی باڵاپۆش و ئیماندارە، بەڵام ئێستاش کاریگەریی ڕابەرەکانی سۆڤیەتی لەسەر ماوە و لە پێناسەی شانۆدا دەڵێ: شانۆ قوتابخانەی گەلە و لینین وتەنی: نان و شانۆم بدەرێ میللەتێکی هۆشیارت دەدەمێ!. هەروەها بە چیخۆفی ئەدیب و چیرۆکنووسی گەورەی ڕووس وەک ڕزگار کەری ژنان سەرسامە و دەڵێ لە دەقەکانی ئەوەوە نەخشەی ئازادیی ژنانی کوردمان داڕشت!.
بەدیعە عەبدوڵڵا حەسەن، بە بەدیعە دارتاش ناسراوە، ئەو نازناوەش خوالێحۆشبوو درەخشان حەفید لێی ناوە کە بەڕێوەبەریان بووە لە ئامادەیی #سلێمانی# کچان، دوو یاریدەدەری هەبووە بە ناوی بەدیعە بۆ ئەوەی لەیەکیان جیا بکاتەوە نازناوی دارتاشی بەم بەخشیوە. دارتاش پیشەی باوک و باپیری بەدیعە بووە و ئیدی ئەو نازناوە بووە بەنازناوی ئەم و پێی ناسراوە.
بەدیعە دارتاش ساڵی 1946 لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی 1968 چۆتە بەشی شانۆی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا و دوای چوارساڵ سەرکەوتووانە تەواوی کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ھونەری شانۆ وەرگرتووە. ساڵی 1972 وەک مامۆستای هونەر لە ئامادەیی سلێمانی کچان دامەزراوە و هەشت ساڵ خزمەتی کردووە.
لە ساڵی 1980 لەدەستەی دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بووەو، بووە بە مامۆستا لەو پەیمانگایە ماوەی 14 ساڵ سەرۆکی بەشی شانۆ بووە. دواتر وەک سەرپەرشتیاری هونەری و شارەزا لە #وەزارەتی پەروەردە#، درێژەی بەخزمەتی هونەری داوە.
بەدیعە دارتاش زۆربەی تەمەنی خۆی بەخزمەتکردنی هونەری کوردی بەخشی، تەنانەت خۆی وتەنی شووی بە شانۆ کرد. وەک مامۆستا لە بواری هونەر بەگشتی و هونەری شانۆ بەتایبەتی، وەک ئەکتەری بوارەکانی شانۆ و دراما و نووسەر و وەرگێڕ و دەرهێنەر خزمەتی کردووە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەری بەشداری حەفتا شانۆگەری کردووە و لەزۆربەی ئەو شانۆگەرییانەدا ڕۆڵی دیار و سەرەکی بینیووە. لە چەندین درامای کوردیشدا ڕۆڵی بینیووە. شەش شانۆگەری بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە. خاوەنی چەند توێژینەوەیەکی بەنرخە لە بواری شانۆدا. لە شەست و پێنج درامای ڕادیۆیی لە ڕادیۆکانی بەغدا و سلێمانی ڕۆڵی بینیووە. بایەخیشی بەهونەری منداڵان داوە و پێنج شانۆگەری بۆ باخچەی ساوایان دەرهێناوە. بەشداری چەند کارێکی هونەری لە سوید و تاران و #سەقز# کردووە و خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئەدیبانی بیانی بە چیخۆف سەرسامە و لە کوردیش بە شێرزاد حەسەن و کەتان خادیمی و سوودی لەچیرۆکەکانیان وەرگرتووە. خولیای دەنگی کەریم کابان و قادر کابانە و گوێیان لێدەگرێ. ئەم هونەرمەندە شانۆ پەروەرە، زیاتر لەنیو سەدەیە لەخزمەتی هونەری کوردی دایە و زۆربەی تەمەنی بەشانۆ و دراما بەخشی، خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی هونەرییە. سەرباری ئەوەی لە وەزیفە خانەنشین بووە، بەڵام لە بەخششی هونەری بەردەوامە. لەپای خزمەتە زۆرەکانی چەندین جار خەڵات کراوە و لەپارکی ئازادیی سلێمانیش پەیکەرێکی بۆ درووستکراوە. [1]
Kurdipedia is not responsible for the content of this item. We recorded it for archival purposes.
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 692 times
Write your comment about this item!