$کێشەکە گەورەترە لەوەی لێمانەوە دیارە$
#عارف قوربانی#
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی جێی سەرنج بوو کە لە یەککاتدا پەیوەندیی سیاسی و بەرژەوەندیی ئابووریی لەگەڵ چەند لایەنێکی دژ بەیەک هەبوو، سەرباری بوونی کێشە و ململانێ و ناکۆکی قووڵی ئەو لایەنانە بەرانبەر بە یەکدی، بەڵام هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییە ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ هەموویان پێکەوە بەستبوونەوە، بێئەوەی لایەنێکیان نیگەرانی بوونی پەیوەندی و بەرژەوەندیی نەیارەکەی بێت لەگەڵ کوردستان. تورکیا و ئێراق، تورکیا و ئێران، #پەکەکە# و تورکیا، ئەمریکا و ئێران، ئەمریکا و ڕووسیا، چین و ئەمریکا، ئەوروپا و نەیارەکانیان، هەموو ئەم لایەنە ناکۆکانە لەگەڵ ئەم جوگرافیا بچووکەی ناوچەی ڕۆژهەڵات، ڕایەڵەیەکی هاوسەنگیان درووستکردبوو، بەڵام ماوەیەکە ئەم سیحرە خەریکە کاڵ دەبێتەوە.
ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەو ئەگەرانە نزیک دەبینەوە کە باشووری کوردستان دەکات بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان. ئێران و ئەمریکا وەک دوو تای تەرازوویەک بۆ کوردستان پێویستن، هەرێم ناتوانێ پشت بکاتە هیچ لایەکیان و تەنیا ڕووی لەلایەکەی دیکەبێت، ئەم هاوسەنگییە ساڵانێکی زۆر بەرگەی گرت و هەرێمی کوردستان بە هیچ لایەکدا نەکەوت، ئێستا بێئەوەی کوردستان ئەو مەیلەی هەبێت، جوگرافیای هەرێمی کوردستان کراوەتە گۆڕەپانی بەکاربردنی کارت و گوشارەکانیان بۆ سەر یەکدی. مووشەکبارانکردنەکانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان کە جوگرافیاکەی بەمەبەست هەڵبژێردراوە بۆ ئەو ململانێیە و ئەنجامەکەی بە درووستبوونی کێشەیەکی گەورە لەنێوان پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان کۆتاییدێت.
تورکیا و پەکەکە تاوەکو قوڵاییەکی زۆر بۆ نێو هەناوی باشووری کوردستان هاتوون و هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان، دەرئەنجامی ئەوەش دەبێتە ناکۆکییەکی قووڵی نێوان پێشمەرگە و گەریلا. بە دوور نازاندرێت لە داهاتووی مامناوەند و دوورمەوداشدا هێز و گرووپە ناکۆکەکانی دیکەی ناوچەکەش بۆ ئەم جوگرافیایە پەلکێش بکرێن. ئەوەی بۆ من جێگەی پرسیار و هەڵوەستەیە ئەوەیە کە ئایا ئەمە بە ڕێککەوتە، یان بە ڕێککەوتنە؟
هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی گومانی ئەوە بکرێت کە ڕێککەوتنی نێوان وڵاتە کاریگەرەکانە، ئەگەر ئەگەرێکی لەو جۆرەش هەبێت، نەزاندراوە. هەرچەندە وەک زانیاریی ڕاگەیێندراو هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نییە کە ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە لەنێوان هێزە هەرێمایەتییەکانیشدا هەبێت، بەڵام ئەوەی کە زۆر ڕوون لێمانەوە دیارە ئەوەیە کە کوردستان خەریکە دەکرێتە گۆڕەپانی زۆرانبازیی ناکۆکەکان و هەوڵیش دەدرێت هەرێمی کوردستان خۆیشی بکرێتە بەشێک لە کێشەکان.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە گوندێکی ناوچە ئازادکراوەکانی نزیک #کەرکووک# کێشەیەک لەنێوان دوو کەسدا ڕوودەدات، سکاڵا دەبرێتە لای فەرماندەیەکی پێشمەرگە و ئەویش هەردوو لایەنی کێشەکە بانگ دەکات و هەریەکی دارێکی تەڕ و ئەستوور دەداتە دەستیانەوە و دەڵێت، دەبێت لە یەکدی بدەن. هەست دەکەم ئێستا خەریکە جیهان بە و شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کێشەی کورد دەکەن. چەک دەدەنە دەستی کوردەکانەوە بۆ ئەوەی یەکدی پێبکوژن. ئەمە ئەگەر ستراتیجێکی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراویش نەبێت، بەدیوێکی دیکەدا ترسێکی وڵاتە هەرێمایەتییەکانە لە بوونی ئەو هەموو چەکەی لەدەستی کوردەکاندایە. سەدام ڕووخا، هەموو چەک و جبەخانەی سەربازیی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە کەوتنە دەستی پارتی و یەکێتی. کاتێک #داعش# هاتە ئێراق، هەموو ئەو توانا سەربازییەی ئەمریکا بۆ سوپای ئێراقی دەستەبەرکردبوو لە فیرقەی دوانزە و ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە لە کەرکووک کەوتنە دەستی پارتی و یەکێتی. بەهۆی شەڕی داعشیشەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەک و جبەخانەی زۆریان بە کوردستان بەخشی.
ئەمریکا بە درێژایی چەندین ساڵ بارهەڵگری پڕ لەچەک و جبەخانەی ڕەوانەی پەیەدە و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە بۆ پەکەکە نارد، خۆشیان لە شەڕی داعش و بازاڕی ڕەش هێندەی دیکەیان کڕیوە. مەبەستمە بڵێم ئێستا ئەم چوار هێزە چەکدارەی کورد خاوەنی چەکی زۆر پێشکەوتوون. ئایا هیچ گومانێک هەڵدەگرێت ئەگەر بڵێم لانی کەم لە ئاستی ئەم چوار دەوڵەتە داگیرکەرەی کوردستان ئەمە بووەتە پرسیار و سەرچاوەی هاوئاهەنگیی نێوانیان بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزنەوە ئەم توانا سەربازییەی کورد نەبێتە هەڕەشە لە سەریان؟ دڵنیام ئەوەی زۆر بە سادەییش لەم پرسیارە بڕوانێت، دەزانێت ئاسانترین ڕێگە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ئەم دەوڵەتانە ئەوەیە کە کوردەکان لەنێو خۆیاندا ئەم توانا سەربازییە بەکاربەرن.
ئایا بڕیار بەدەستانی نێو ئەم چوار هێزە چەکدارە هیچ بیریان لەوە کردووەتەوە لە بەردەم چی پیلانێکی مەترسیداردان بۆ ئەوەی هێز و توانای کورد لە کوشتنی کورددا بەخەساربدرێت؟ ئایا ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارانەیان هێناوەتە پێش چاوی خۆیان ئەگەر ئەوە ڕووبدات چی چارەنووسێک تووشی میللەتەکەیان دەکەن؟
پێشتر چەند جارێک و بە خولی یەک لە دوای یەک شەڕی براکان کراوە، لێکەوتە و ئاسەوارەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان هیچ کەمتر نەبووە لەو ستراتیجانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە جینۆسایدکردنی میللەتەکەمان بەکاریان بردووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەوکاتانەی هێزە چەکدارییە کوردییەکان دەستیان چووەتە خوێنی یەکدی، هیچیان خاوەنی چەکی پێشکەوتوو نەبوون، بە بڕنە و و کڵاشنیکۆڤ و تفەنگی ژەنگاویی بازاڕی ڕەش و دەستی قاچاخچی درێژەیان بە شەڕەکان داوە. ئەگەر ئێستا بەریەککەوتن ڕووبدات، کاولکارییەکانی زۆر مەترسیداردەبن.
ئەوەی ئێستا ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی ئێران دەیکات کە تازەترین هەواڵی پەیوەست بە خواستی ئێران، کشانەوەی پاتریی سیستمی ئەو پاتریۆتانەیە کە ئەمریکا لە وڵاتانی نەیاری ئێران وەک سیستمی دژە مووشەکی بۆ پارێزگاری لەو وڵاتانە و بەرژەوەندییەکانی خۆی دایمەزراندبوون. بۆ تورکیاش پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییانەی کە لەیاریکردنی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا بکەوێتە کەنارەوە، پێچەوانەی ئەوەی تاوەکو مانگێک لەمەوبەر یەکێتیی ئەوروپا بیریان لە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا دەکردەوە، تازەترین هەواڵی پەیوەست بە رۆڵپێدانەوەی تورکیا ئەو داوایەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە لە سەرۆکی ئەمریکا (بۆ چارەسەری کێشەکان و ئاییندەی سووریا و لیبیا پێویستمان بە ڕۆڵی تورکیا هەیە) . فەرەنساش سەرکردایەتی بەهێزکردنەوەی پێگەی ئێراقی گرتووەتە دەست لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان. دەبێت بپرسین لەم هاوکێشە و هەلومەرجە تازانەدا کورد خەریکی چییە؟
ڕووداو و پێشهاتەکانی بەردەممان وەڵامدەرەوەی ئەوە دەبێت کە ئایا حیزب و هێزە سیاسییەکانی بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە ئاستی ئەم قۆناخەدان؟ چارەنووسی خۆیان و میللەتیش بەقەدەر دەسپێرن، یان توانای خۆدەربازکردنیان هەیە لەو تەڵانەی بۆمان دانراون. [1]